راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە رابەرایەتی سەرۆك مام جەلال، لە خەباتی رزگاریخوازی كورد دا هەوڵیداوە بە بەردەوامی گوێ لە هەموو پێكهاتە جیاوازەکانی كۆمەڵگە بگرێت، بەتایبەتی پێكهاتەكانی عەرەب و توركمان و مەسیحییەكانی ناو شاری كەركوك، بەردەوام راو بۆچوون و پێشنیازەكانیانی لەبەرچاو گرتووە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە پێكەوەژیان بكات لە شارەكەدا، سەرۆک مام جەلال هەركات سەردانی كەركوكی كردبێت لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکاندا كۆبۆتەوە و رای هەموانی بە هەند وەرگرتووە بەتایبەت ئەوكاتەی كە سەرۆك كۆماری عیراق بوو.
نووسەرێکی عەرەب: یەکێتی ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە، پێویستە هەوڵەكانی چڕبكاتەوە بۆ خزمەتی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی شارەكە
جێبەجێکردنی بنەماكانی پێكەوەژیان
محەمەد خدر سەرۆكی لقی كەركوكی یەكێتیی نووسەرانی عیراق، كە بە نەتەوە عەرەبە، لە ساڵیادی دامەزراندنی (ی.ن.ك) بەكوردستانی نوێی وت: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام گوێ لە داواكارییەكانمان دەگرێت و پێشنیازەكانمان بە هەند وەردەگرن، بەتایبەتی لە سەردەمی سەرۆك مام جەلالدا.
وتیشی: لەم دواییەدا فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بڕیاریدا بێ بەرامبەر چارەسەری پزیشكی نووسەران لە نەخۆشخانە حكومییەكاندا بكرێت، بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستانیش دەستپێشخەری بكات لە چارەسەركردنی نەخۆشی نووسەران لە نەخۆشخانەكانی هەرێم، چونكە نووسەران توێژێكی گرنگی گۆمەڵگەن.
ئەو نووسەرە عەرەبە باسی لەوەشكرد، پێویستە لە یادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا مەشخەڵی جێبەجێكردنی پێكەوەژیان لە كەركوك هەڵبگرێت و بەكردار كاری زیاتر بۆ جێبەجێكردنی بنەماكانی پێكەوەژیان بكات لە نێوان نەتەوەكاندا بەبێ جیاوازی.
گەڕاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان
عەلی عابدین نووسەرێكی توركمانە، لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا دەڵێت: ئێمە وەك نووسەرانی توركمان پەیوەندییەكی دوور و دێژمان لەگەڵ پێكهاتەی كورد هەیە، بۆیە داواكارم كە مافەكانمان لە بەرچاو بگیرێت و یەكێتی هەوڵی ئەوە بدات چارەسەری كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانمان بۆ بكات و لە بەغداوە هەوڵی جدیمان بۆ بدەن بۆ ئەوەی زەوییەكانمان لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە داگیر نەكرێن، چونكە ئێستا هێرشێكی سەربازی و سیاسی گەورە هەیە كە ئەم ناوچانە داگیر بكەن بۆ هێزە ئەمنی و سەبازییەكان.
وتیشی: بەشێك لە گوندەكان و ناوچەكانمان لە نێوان كورد و توركماندا هاوبەشن وەكو ناوچەی ئامرلی، پێش رووداوەكانی ساڵی 2017 هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا گیانی خۆی بەختكرد تا ناوچەی ئامرلییان لە دەستی چەتەكانی داعش رزگار كرد كە ناوچەیەكی توركمان نشینە.
پێویستی گۆنگرەی نەتەوەیی
عەبدوڵڵا مەجید، نوسەرێكی تری عەرەبە، بەكوردستانی نوێی وت: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك حزبێكی كوردی كە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە پێویستە لەسەری كە هەوڵبدات پێگەی هەڵبژاردنی خۆی لە پارێزگاكە جێگیر بكات و هەوڵەكانی چڕ بكاتەوە بۆ خزمەتی كۆمەڵانی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی شارەكە.
وتیشی: پێویستە لەسەر یەكێتیی لەم یادی دامەزراندنەیدا هەوڵەكانی بۆ بەستنی گۆنگرەیەكی نەتەوەیی بۆ هەموو پێكهاتەكانی كەركوك چڕ بكاتەوە بۆ ئەوەی گوێ لە داواكارییەكانیان بگرێت و هەوڵبدات چوارچێوەیەكی ئاشتەوایی لە شارەكەدا دروست بكات تا بتوانین بە شێوەیەكی ئاسان گوزەرانی رۆژانەمان بكەین لە نێو كۆمەڵگەدا، چونكە تا رادەیەك شیرازەی پێكەوەژیان لەم شارەدا تێكچووە و پێویستە یەكێتیی هەوڵ بدات ئەو شیرازەیە چاك بكاتەوە.