كۆی باخچەكان 506 باخچەیە، ژمارەی بلوار 83 بلوارە
سازدانی: ئالان محەمەد جەزا
بەهرۆز سالار
لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بۆ سەوزكردنی ژینگەی كوردستان وەک حزبێکی سۆشیال دیموکرات کە هەمیشە گرنگی بە ژینگە داوە، ساڵی پار سەرۆک بافڵ پڕۆژەی چاندنی یەک ملیۆن نەمامی راگەیاند وەک هەوڵێک بۆ سەوزکردنەوەی هەرێمی کوردستان، بۆیە لێرەدا دەپرسین دوای ساڵێک چی کراوە و پلانی ی.ن.ک بۆ داهاتوو لە بواری ژینگەدا چییە؟
لەو بارەیەوە بەهرۆز سالار بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی پێی راگەیاندین: پلانی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ داهاتوو دروستكردنی پاركێكی گەورەیە لەسەر رووبەری 500 دۆنم زەوی بەناوی پاركی شەهیدان كە لەو پاركەدا بۆ هەر شەهیدێك نەمامێك دەچێندرێت، ئەركی دروستكردنی ئەم پاركەش لەلایەن دامەزراوەی سەرۆك مام جەلال -ەوە دەبێت، پاشان پلانی ریساكیلین هەیە بۆ پاككردنەوەی ژینگەی کوردستان، ئەوەش دەستكەوتێكی دیكەیە یەكێتیی جێبەجێی دەکات بۆ خزمەتكردنی ژینگەی كوردستان.
ئەو بەڕێوەبەرە وتیشی: لە رابردووشدا وەك وەفایەك بۆ شەهیدانی شۆڕشی نوێ و شەهیدانی شەڕی دژبەداعش زۆرینەی پاركەكان و باخچەكانی سلێمانی بەناوی شەهیدانەوە ناونران، وەك وەفاو رێزێك بۆ زیندووهێشتنەوەی شەهیدانی كوردستان.
مام جەلال پارێزەری ژینگە بوو
پلانی ژینگەیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا وەك پەیڕەوی یەكێتی جێبەجێكراوە، خودی سەرۆك مام جەلال یەكێك بووە لەو سەركردانەی زۆرجار خۆی سەرپەرشتی سەوزكردنی شارو شەقامەكانی دەكرد، نموونەیەكی جوانی ئەم هەڵوێستەی سەرۆك مام جەلال بۆ ژینگە چاندنی سەدان دارتوو بوو لە شەقامەكانی قەڵاچوالان كە تا ئێستاش شێوەیەكی جوانی داوە بەو شەقامە و رێبواران لە بەرهەمەكەی دەخۆن كە خودی سەرۆك ئەوكات رۆژانە لە نزیکەوە ئاگاداری ئاودان و خزمەتکردنی نەمامەکانی دەكرد، تا گەورەبوون، ئەمە سیاسەتی یەكێتی و سەرۆك مام جەلال بووە بۆ ژینگەی كوردستان، ئێستاش خودی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی هەر لەسەر ئەو رێبازەی مام چەندینجار هەڵمەتی بۆ سەوزكردنی شاخ و شەقام و ناوچەكانی كوردستان راگەیاندووە، وەک ساڵی پار بڕیاری ناشتنی یەك ملیۆن نەمامی دا تائێستاش هەڵمەتەكە بەردەوامە، هەرئەمساڵیش گەورەترین باخچە لە كوردستان كە باخی گشتییە نۆژەنكرایەوە و بەشێوازێكی جوان خرایە خزمەت هاوڵاتیانەوە.
پارکی شەهیدان لەسەر رووبەری 500 دۆنم زەوی دروست دەکرێت، لەو پاركەدا بۆ هەر شەهیدێك نەمامێك دەچێندرێت، ئەركی دروستكردنیشی لەلایەن دامەزراوەی سەرۆك مام جەلال-ەوە دەبێت
هەموو كات لە خزمەتی ژینگەدایە
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان رایانگەیاند هەڵمەتەكانیان بۆ جوانكردنی سیمای شار بەگشتی بەردەوامە لە پارك و باخچە و بلوارەكاندا، بەپلان و بەرنامەوە كار بۆ پاراستنی سروشت و چاكسازی دەکەن، بەردەوامیش هۆبە كشتوكاڵییەكانیان كە دابەش بوون بەسەر گەڕەكەكانی ناوشاردا بەشەو بەڕۆژ لە هەوڵی سەوزكردن و پاراستنی سەوزایی شاردان .
بەردەوام كاریان تێدادەكرێت و خزمەت دەكرێن هەر لە بژار و ئاودان و بڕین و ناشتنی نەمام و پاككردنەوەی حەوز و نافورەكان و بەكارهێنانی دەرمانی قڕكردنی مێروو لەلایەن تیمەكانی پاراستنی رووەك، بۆ نموونە هەركاتێك بە لای پاركێكدا دەڕۆیت ئەو راستییەت بۆ دەردەكەوێت كە چۆن ئەو كارمەندانەی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان دڵسۆزانە خزمەتی پارك و باخچەكانی ناوگەڕەك و شەقامەكان دەكەن.
بەهرۆز سالار لەبارەی ئەوەی چ پلانێك هەیە بۆ سەوزكردنی گۆیژە و قەرەبووكردنەوەی ئەو دارانەی بە هۆی سوتانەوە لەناوچوون باسی لەوە کرد لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا نزیكەی (740) دۆنم زەوی سەوزكراوە لەلایەن كۆمپانیای قەیوان و ئاسیاو تانۆپۆ و ماسەوە بەسەرپەرشتی پارێزگار و قائیمقامی ناوەندی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی دارستان و سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و بەرێوەبەرایەتی باخچەكانەوە.
هاووڵاتیان تا چەند هاوکارن؟
سەبارەت ئەوەی هاووڵاتیان تاچەند هاوكارن لە سەوزكردن و پاراستنی ژینگەی شارەكەیان؟ ئەو بەڕێوەبەرە وتی: هاوڵاتیان تاڕادەیەكی باش هاوكارن لە پاراستن و سەوزكردنی ژینگەی شاردا بەتایبەتی زیادكردن و چاندنی چەندین جۆر نەمام لە شوێنە گشتییەكان کە لەگەڵ كەشوهەوای شاری سلێمانیدا دەگونجێت ئەوەش وایكردووە شارەكە ژینگەیەكی تا رادەیەک باشی هەبێت.
باسی لەوەش کرد رێژەی سەوزایی لە سلێمانی ناتوانن بە تەواوی رێژەکەی دیاری بكەن، لەبەرئەوەی ئەوان وەك بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی تەنیا بەرپرسن لە سەوزایی ناوەندی سلێمانی، بۆیە دەتوانن بڵێین رێژەی سەوزایی لە سنوری بەرێوەبەرایەتی باخچەكان نزیكە لە ستانداردی جیهانی كە لە 20 % ە بۆ نێو شاری سلێمانی.
هەروەها كۆتا داتای 2023 ی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی بریتییە لە:29 باخچەو بلواری نوێ دروستكراون، 70 باخچەو بلوار نۆژەنكراونەتەوە، ژمارەی كۆی باخچەكان 506 باخچەیە، ژمارەی بلوار 83 بلوارە، 7 پاركی گەورە، رێژەی سەوزایی سەوزكراو ساڵی 2023 (794446) مەتر دوجایە لە بری قەرەبوو سەوزكراوە، 6906 نەمامی گەورە چێندراوە، 46265 دەوەن پەرژین چێندراوە، 34658 گوڵ چێندراوە.