بەرنامەی ژیانەوەی کوردستان،

32 ساڵ خەبات لە پێناوی ئاوەدانکردنەوەدا

11:44 - 2024-06-02
کەلتور
688 جار خوێندراوەتەوە

عەباس عەبدولڕەزاق


بەرنامەی ژیانەوەی کوردستان، یەکێکە لە بەرنامەکانی تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان، کە 32 ساڵ لەمەوبەر و لە سەرەتاکانی ئەو تەلەڤزیۆنەدا یەکەم ئەڵقەی پیشکەشکرا. ئەم بەرنامەیە بوو بە پردی پەیوەندی نێوان جەماوەری گەلی کوردستان و گوندەکانی کوردستان ئەویش لە رێگەی شاشە زیوینەکەی گەلی کوردستانەوە بوو. 

دڵشاد ئەحمەد: بەرنامەی ژیانەوە فێری زمانی کوردی و دەستەواژە جوانەکانی کردم

لێرەدا دەگەڕێمەوە بۆ سەرەتاکانی دەست پێکردنی ئەم بەرنامە بەنرخە، دوای ئەوەی ئەو چاوپێکەوتنە پڕ ناوەڕۆکەی دڵشاد ئەحمد-م بینی و بە جوانی و سادەیی و بە شێوەیەکی رەوان ئاماژەی بۆ ئامانج و گرنگی بەرنامەیەکی لەم شیوەیەی دەستنیشان کرد بە تایبەتی لە دوای راپەرین، کۆتاییەکانی ساڵی 1991 و سەرەتاکانی 1992 بەرنامەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان لە لایەن ریکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیندرا، ستافێک لە تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان ئەو کاتە سەردانی نەوشیروان مستەفامان کرد بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەین، ستافەکەش پێکهاتبوو لە: عەباس عەبدولڕەزاق، ماموستا عوسمان چیوار، جەمال غەمبار و پێم وابێ ئازاد بەرزنجی-ش لە گەڵمان بوو.

بیرمان لە بەرنامەیەک کردەوە
تاوتوێی کارەکانمان کرد و باسی سیاسەتی ئەو رۆژانەی (ی.ن.ک)مان کرد، یەکێک لەو باسانەی زیاتر هەڵوێستەمان لە سەر کرد، کاری رێکخراوە ناحکومییەکان بە تایبەتی بیانییەکان بوو بە ناوی ریکخراوە مرۆییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. من بۆم دەرکەوت نەوشیروان مستەفا ناڕازییە لەو جۆرە ئاوەدانکردنەوەیەی کە ئەوان جێبەجێی دەکەن، کاتێک گەڕاینەوە بیرمان لە بەرنامەیەک کردەوە بەو مەبستە و بە تایبەتیش ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان، ئەڵقەیەک لە بەرنامەی ژیانەوە پەخشکرا. 
دواتر کاک نەوشیروان داوای لێکردم سەردانی بکەم، کاتی سەردانەکەم راپۆرتێکی خستە بەر دەستم و وتی: ئەم راپۆرتە جوان بیخوێننەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانم نووسیوە لە بارەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانەوە، باسی بەرنامەی ژیانەوەم بۆ کرد، وتی: بینیومە، با ئەوە وەک خۆی بمێنێت بۆ سەردانی لادێکان و گرنگی بە کارەکانی دیکەش بدەن و رەخنە لە خراپەکانی بگرن.

بێبەرنامە کوردستان ئاوەدان نابێتەوە
پاشان پێی وتم: لێت ناشارمەوە من کاری ئەم رێکخراوانەم بەدڵ نییە، بودجەیەکی زۆر بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان دانراوە بە تایبەتی گوندەکان، بەڵام بێسەروبەرانە خەرج دەکرێت، پێم وتوون ئەم راپۆرتەشم نووسیوە بۆم ناردوون، بەم شێوەیە و بێبەرنامە کوردستان ئاوەدان نابێتەوە، بۆم نووسیوین دەبێ گرنگی بە بەستنەوەی گوندەکان بدەن بە دروستکردنی رێگای باش و کارەبا و ئاو و خزمەتگوزاری بۆ ئەوەی خەڵکی گوندەکان دڵخۆش بن بە شوێنەکانیان، هاوکاریی بکرێن بە کەرەستە و ئامێری کشتوکاڵی و راهێنانیان پێ بکرێت، گوندی نموونەیی دروست بکریت بۆ ئەوەی هێندە خولیای شار نەبن. دواتر لە ژێر رۆشنایی راپۆرتەکەی کاک نەوشیرواندا دوو بەرنامەمان دانا یەکێکیان ژیانەوە بە ستایلی خۆی هەبێت لەگەڵ بەرنامەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، کە تیشک بخاتە سەر کاری رێکخراوەکانی 
کۆمەڵگەی مەدەنی.

لادێکانی کوردستان هەمیشە بەشێکی گرنگی شۆڕشی کورد بوون و فاکتەری سەرەکی سەرکەوتن بوون، ئەوان نانی دەمی خۆیان دەدا بە پێشمەرگە

خەرمانێک زانیاری
دڵشاد ئەحمەد بەم شێوەیە بوو بە یەکەم پێشکەشکاری بەرنامەی ژیانەوەی کوردستان ئیستا 32 ساڵە لە شاشەی تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان پێشکەش دەکرێت و خەرمانێک زانیاری لە بوارە جیاجیاکاندا تێدایە. بەم پێشەکییە ویستم هەلومەرجی زەرورەتی ئەم شێوە بەرنامانە بخەمەڕوو، دواتر بۆمان دەرکەوت بەرنامەی ژیانەوە پێویستە بۆ هەموو سەردەمەکان. ئەو چاوپێکەوتنەی کە کەناڵی (GK) لەگەڵ دڵشاد ئەحمەددا کردی هەندێک بابەتی گرنگی وروژاند، کە پێویستە هەڵوێستەی لە سەر بکەین، بێگومان 32 ساڵ پێشکەشکاری بەرنامەیەکی لەم شێوەیە بێت ئەوە ئەزموونێکی یەکجار باشی پێبەخشیوە، لێردا پێویستە باس لەوە بکەین کە گرنگترین دەسکەوتەکان لەم بەرنامەیەدا وەک دڵشاد باسی دەکات پاراستنی زمانی پاراوی کوردییە، هەروەها پاراستنی داب و نەریتە جوانەکەی کوردەوارییە، کە بەم شێوە ئاماژەی پێدەکات: «بەرنامەی ژیانەوە فێری زمانی کوردی و دەستەواژە جوانەکانی کردم».

دەبێت خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکرێت 
ئەم بۆچوونە بۆ پاراستنی دەستەواژە جۆراوجورەکانە کە لە ناو  شێوەزارەکانی ناوچە جیاجیاکاندا هەیە. ژیانەوە بەرنامەیەکە فرە لایەنە و دەبێت خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکرێت، لە ناساندنی گوندەکان و ناوچەکاندا وەک ئینسکلۆپیدیا وایە، ژینگە و سۆسیۆلوجیا و جیۆپۆلەتیک و زمان و ژیانی خەڵکی و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و داب و نەریت و هونەری رەسەنی کوردی و زمانی کوردی، هەموو ئەمانە لەخۆ دەگرێت و دڵشاد بە سەلیقەیەکی جوان و زیرەکانە توانی بەرنامەکەی بۆ ماوەی 32 ساڵ لە دڵی خەڵکیدا جێی خۆی بکاتەوە. 
ئەو خەڵاتەی پێی بەخشرا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەرنامەیەکی فولکلۆرییە، ئەم بەرنامەیە دەتوانین بە بەرنامەیکی سیاسی و ئابووری، لە هەمووی گرنگتر دەتوانین بە بەرنامەیەک بۆ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەی هاوچەرخ ئەژماری بکەین و پێگەیەکی گرنگی هەیە لە دانانی بەردی بناغەی بەدەوڵەتبوون، دڵشاد زۆر بە روونی ئاماژە بە ئەدبیاتی (ی.ن.ک) ئەدات لە بنیاتنانی کۆمەڵگە لە قۆناغە جیاجیاکاندا بە درێژایی ئەم 32 ساڵە. وەک خۆی دەڵێ: «هەرچەندە ئەو خەڵاتەی پێم بەخشراوە لەسەری نووسراوە: رۆژنامەوانی فۆلکلۆری، بەڵام ئەم بەرنامەیە فۆلکلۆر نییە، بەرنامەیەکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە، لە بەرنامەکەدا باسی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکان دەکەم و هەوڵدانە بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان». 

پوچەڵکردنەوەی سیاسەتی وێرانکاری
لێرەدا دەبێ هەڵوێستەیەک بکەین لەسەر ئەم بۆچوونە، دەبینین سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەردەمە جیاجیاکاندا خاوەنی بەرنامە و پلانی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە لە سەر بنەمایەکی زانستی، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، هەروەها ژیانەوە دەبێتە هۆی پوچەڵکردنەوەی سیاسەتی وێرانکردنی کوردستان لەلایەن داگیرکەرانەوە، کاتێک داگیرکەران هەزاران گوندیان وێران کرد سەدان هەزار مرۆڤی کوردیان ئەنفال کرد و بە کیمیایی مرۆڤ و سروشتی کوردستانیان ژهراوی کرد. 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەردەمە جیاجیاکاندا خاوەنی بەرنامە و پلانی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە لەسەر بنەمایەکی زانستی

فاکتەری سەرەکی سەرکەوتن بوون
بۆیە ژیانەوەی کوردستان بەشێکی سەرەکییە لە پرۆسەی بەرەنگاریی و گەڕانەوەیە بۆ خاکی باو و باپیرانمان، لە هەمان کاتدا لادێکانی کوردستان هەمیشە بەشیکی گرنگی شۆڕشی کورد بوون و فاکتەری سەرەکی سەرکەوتن بوون، ئەوان نانی دەمی خویان دەدا بە پێشمەرگە بۆ ئەوەی ئەم سەرکەوتنە بەدەست بێنین، ئێستاش نانی میللەت بە دەست و بازوو و ماندوبوونی ئەوانە، حکومەتی هەرێم بە داخەوە نەخشەی داڕێژراوی نەبووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی لادێکان لەسەر بنەمایەکی زانستی، دەبینین گەورەترین و کوشندەترین زەربە لە کوردستان ئەدات ئەویش کردنی جووتیار و لادێ نشینەکانە بە پۆلیس و دامەزراندنیان لەناو دەزگاکانی حکومەتدا بێبەرنامە، هەروەها گرنگینەدان بە بواری پەروەردە و خزەتگوزاری جیاواز بۆ خەڵکی گوندەکان کە لە هەموو قۆناغێکدا لانکەی پاراستنی نیشتمانە. تەمەن درێژی بۆ دڵشاد ئەحمەد و بەرنامەی ژیانەوەی کوردستان.     


دیمەنێک لە بەرنامەی ژیانەوەی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان