هەڵبژاردنەکەی یەکێتیی ئەوروپا

هەڵکشانی دەنگی رەوتە پۆپۆلیستەکان

10:07 - 2024-06-11
ڕاپۆرت
216 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئاری مەحمود قەرەداغی- سویسرا

کورسییەکانی رەوت و حزبە پۆپۆلیستە راستڕەوەکان لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی ئەوروپادا، بۆ داهاتووی هەڵبژاردنی نیشتمانیی خۆیان سوودی بۆ ئەو رەوتانە دەبێت بەتایبەتی کە دۆخ و قەیرانە هەنووکەییەکانی ئێستای ئەوروپایان وەک دەرفەت بۆ خۆیان قۆستۆتەوە.

ئاماژەکان وەک ئەنجامە بەراییەکان دەریدەخەن، وا پێشبینی دەکرێت کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا بە شکستی چەپ و پێشکەوتنخواز و سەوزەکانی ئەوروپا کۆتایی بێت. 
ئەمەش تەواو پێچەوانەی هەڵبژاردنەکەی 2019 یە کە تێیدا ئەوانە براوە و پێگەیان درەوشاوە بوو کاتێک کە کارنامە و سیاسەتی ژینگە و کەشوهەوای یەکێتیی ئەوروپایان داڕشت وکردیانە خاڵی وەرچەرخان لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکەدا.
ئێستا دوای ئەو پێنج ساڵە، هەموو شتێک جیاوازە، چونکە جەنگێکی ترسناک لەدژی ئۆکرانیای دەروازەی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت.
 دەکرێت بڵێین ئەو جەنگە لە رووی سیاسی و ئابووریی و ژینگەییەوە هەموو شتێکی لە یەکێتیی ئەوروپادا پێچەوانە کردۆتەوە، بۆ نموونە نرخی وزە بەجۆرێکی سەرسوڕهێنەر بەرزبووەتەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا ناچاربوون غاز و نەوت لە ڕوسیا نەکڕن لە چوارچێوەی سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکاندا کە بەسەر مۆسکۆدا سەپێنراوە، ئەوەش رادەی  هەڵاوسانی ئابووریی زیاتر کردووە.
 ساڵانێکە هاووڵاتیانی دەنگدەر لە ئەوروپا توانای کڕینی کاڵاکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو لەدەستداوە.
پۆپۆلیستەکان ئەو ئاڵنگارییانە بەکاردەهێنن
پۆپۆلیستە راستڕەوەکانی ئەوروپا دەزانن چۆن دۆخی ئێستا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاربهێنن. ئەوان یەکێتی ئەوروپا تۆمەتبار دەکەن بە پشتگوێخستنی خۆشگوزەرانیی دانیشتوانی وڵاتە ئەوروپییەکان و لەڕووی بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە و تێچووی هۆکارەکانی گەرمکەرەوە و فێنککەرەوە و بیمە و چاودێریی تەندروستی کە بەردەوام ئەوی یەکەمیان لە بەرزبوونەوەدایە و دووەمیشیان لە  نزمبوونەوەدایە. 

 

هێزی تاک حزبی و کوتلەکان له پەرلەمانی ئەوروپادا رۆڵی ژێردەستەیان هەیه، چونکە بە حزبایەتی و دیسپلینی گروپی، ناتوانن دەنگ بەدەستبهێنن

 

وڵاتانی ئەوروپای ئێستا جیاواز لە جاران ناتوانن هیچ پارێزگارییەک  بە دراوسێکانی پێشکەش بکات و هاوکات باری ئابووریی جووتیاران و خاوەن کار و پیشە بچووکەکان ئاڵۆزتر بووە کە پێویستە بیرۆکراتییانەتر بێت.
ئەم هەستە بەربڵاوەی نەبوونی ئارامیی و ئاسایش لەناو زۆرێک لە دانیشتوواندا، لەسایەی گومان دروستکردن لە تواناکانی ئەو یەکێتییە، هەموو ئەم گومانانەش دەتوانێت کورسییەکانی حزبە راستڕەوە توندڕەوەکان بباتە ئاستێکی باڵاترەوە.
سیاسەتی زاڵ لە پەرلەمانی ئەوروپادا 
هێزی تاک حزبی و کوتلەکان له پەرلەمانی ئەوروپادا رۆڵی ژێردەستەیان هەیه، چونکە بە حزبایەتی و دیسپلینی گروپی، ناتوانن دەنگ بەدەستبهێنن، جگەلەوەش فراکسیۆنی ڕاستڕەوەکان بە دەگمەن لەسەر هەمان هێڵ سیاسەت دەکەن، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ئەوانە دەبنە زۆرینە لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەکاندا و ئەمەش ئەگەر چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوا لە داهاتوودا ئەو ئاراستەیە  دەبێتە ئاراستەی زاڵ لە سەرتاسەری ئەوروپادا، تائێستا هاوپەیمانیی زاڵ هەر بریتییە لە کریستیان دیموکراتەکان، سۆسیال دیموکراتەکان، لیبراڵەکان و تاڕادەیەک سەوزەکان هەرچەندە بە تێکڕایی کورسی زۆرییش لەدەستدەدەن، بەڵام دەتوانن یارمەتیدەربن لە دروستکردنی زۆرینەدا. ئەمانەش رێڕەوی سیاسەتی ئەوروپا دیاری دەکەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئاخۆ ئۆرسولا ڤۆن دێر لایین، دووبارە دەبێتەوە بە سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا؟. لەکاتێکدا زۆرینەی پەرلەمانەکە دەیانەوێت سیاسەتی یەکێتییەکە وەک هێڵی سیاسیی پێنج ساڵی رابردوو بەردەوام بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان