ئا: فەرید دڵشاد
گڕكانێك كە ماوەی 50 ساڵە بە بەردەوامی دەسووتیت، دەكەوێتە بیابانی كاراكۆم لە توركمانستان، لە ساڵی 1971 بە بەردەوامی دەسووتێت و تائێستا دانەمركاوەتەوە، ئەم گڕكانە بە دەروازەی دۆزەخ ناسراوە و لەگەڵ ئەوەی ناوچەیەكی مەترسیدارە، بەڵام بووەتە شوێنێكی گەشتیاریی سەرنجڕاكێش ساڵانە بە هەزاران گەشتیار رووی تێدەكەن.
دەرگای دۆزەخ، چاڵێكە بە بەردەوامی ئاگری تێدایە و بە یەكێك لە گەورەترین ناوچەكانی یەدەگی گازی سروشتی دادەنرێت، دوای ئەوەی لە ساڵی 1971 دا كۆمپانیایەكی یەكێتی سۆڤییەتی جاران سەرقاڵی هەڵكەندنی بیری غازی سروشتی بوو، ترساون لەوەی گازەكەی ئەو ناوچەیە بتەقێتەوە، بۆیە گڕیان تێبەرداوە و تا ئێستا ئاگرەکە نەكوژاوەتەوە.
دووکەڵەکەی زیانی هەیە
تیری چاڵە ئاگركە 70 مەترە و قوڵییەكەشی نزیكەی 20 مەترە و بە بەرزی 15 مەتر ئاگر تێدا دەسووتێت، ئەو دووكەڵەی لە چاڵەكە دێتە دەرەوە زیان بە تەندروستی هاووڵاتیان دەگەیەنێت، هەربۆیە ئێستا حكومەتی توركمانستان داوای لە شارەزایان كردووە، دەرگای دۆزەخ دابخەن و ئەگەر توانرا بۆ بابەتی تر سوود لە غازی چاڵەكە وەربگرن.
توركمانستان هەنگاوێك لە داخستنی ئاگری دۆزەخ نزیكبۆتەوە، دامەزراوەی توركمانغاز شێوازێكی نوێی پەیڕەوكردووە بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە، ئەویش سنوورداركردنی غازی دەورووبەری چاڵەكەیە کە غازی لێوە دەڕوات بۆ چاڵەكە، ئیرینا لۆریڤا بەڕێوەبەری تاقیگەی پەیمانگەی توێژینەوەی زانستی بۆ گازی سروشتی دەڵێت: «پێشكەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە لە كۆنترۆڵكردنی دەردانی گازی ژەهراوی ئەوەش دەرهێنانی غاز لە چاڵەكە ئاسانتر دەكات.
پێكهاتەیەكی جیۆلۆجی ئاڵۆزی هەیە
ئەوەی گرفتی گەورەی دروستكردووە ئەوەیە چاڵە ئاگرەكە پێكهاتەیەكی جیۆلۆجی زۆر ئاڵۆزی هەیە، كە تایبەتمەندە بە چەندین چینە بەردی زۆر تەنك لە قووڵایی تا هەزار مەتردا هەڵكەوتوون، هەروەها داڕمانی بیرەكە لە نزیك رووی زەوی وایكردووە نەتوانرێت دابینكردنی غاز لە كێڵگەكەدا بەئاسانی رێكبخرێت.
زانایانی پەیمانگەی توێژینەوەی زانستی بۆ گازی سروشتی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی تاكە چارەسەر بۆ داخستنی دەرگای دۆزەخ هەڵكەندنی بیرێكە لە نزیك ئاگرەكە بۆ دەرهێنانی غاز، ئەمەش رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ وەستاندنی لێشاوی ئەو غازەی بۆ چاڵەكە دەڕوات.
سەرچاوە: روسیا الیوم