نموونەی تری ژنانی بەرهەمهێنەر ..

دوو خوشک کارگەیەکی دروستکردنی پێداویستیی ژنان دادەمەزرێنن

12:05 - 2024-06-30
ڕاپۆرت
81 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ زریان محەمەد 

زۆربوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی دایبی و پێداویستی ژنان وایکرد دوو خوشک کارگەیەک دابمەزرێنن بۆ دروستکردنی دایبی و پێداویستی ژنان بەکوالێتی بەرز و بەکارهێنانەوەی بۆ چەندینجار کە دۆستی ژینگەیە، (شاناو جەلال) خاوەنی کارگەی (مۆر) بۆ دروستکردنی دایبی و جلوبەرگی تایبەت بە ژنان بۆمان دواو وتی: ماوەی شەش ساڵە دەستمانکردووە بە کارکردن و پشتمان بەخۆمان بەستووە و کارێکی دڵسۆزانە دەکەین نەک تەنها بیر لە بەدەستهێنانی پارە بکەینەوە، لەگەڵ خوشکەکەم بیرۆکەی ئەم کارەمان لەوەوە سەرچاوەی گرت بەدواداچونێکی زۆرمان کرد بۆ کوالێتی دایبی و پێداویستییەکان ژنان، لەگەڵ پزیشکی ژنان قسەمان کرد کە ژمارەی نەخۆشی کچان زۆربووە بەهۆی خراپیی کوالێتی بەکارهێنانی ئەو پادانەی لەکاتی سووڕی مانگانە بەکاریدەهێنن، کە تووشی چەندین جۆر لە نەخۆشییان دەکات، هەربۆیە دەستمان بە دروستکردن و بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمانە کرد کە تایبەتن بە ژنان بەقوماشی کوالێتی بەرز و باشترین جۆری پاد، ژنان دەتوانن سودی لێوەرگرن و بەکاریبهێننەوە.

دۆستی ژینگەن
شایەنی باسە بەرهەمەکانی ئەم دوو خوشکە دۆستی ژینگەن و فڕێنادرێن هەر جۆرە بەرهەمێکیان بێت دەشۆردرێن و بۆ چەندینجار بەکاردەهێنرێنەوە، ئەوەش وا لە بەکاربەر دەکات خەرجیی لەسەر کەمبێتەوە، شاناو ئاماژەی بەوەشدا، ئەو قوماشانەی بەرهەمەکانیانی پێ دروستدەکەن لە باشترین قوماشەکانن کە گرنتی دوو ساڵیان لەگەڵە بۆ بەکارهێنان، ئەو دایبیانەشی دروستی دەکەن دایکان دەتوانن بەکاریبهێننەوە بیشۆن و وشکی بکەنەوە، پاشان بەکاردێتەوە، ئەوەش لەڕووی مادییەوە بۆ خێزانەکان زۆر گونجاوە. شاناو دەڵێت: تایبەتمەندیی دایبیەکان ئەوەیە هیچ هەستیاریی و سووربوونەوەیەک بۆ منداڵەکە دروستناکات، هەموو جۆرە دایبیەکمان هەیە خۆمان دروستی دەکەین بۆ گەورە و بچووک، خواستی زۆریان لەسەرە، لەئێستادا کارگەکە خاوەنی بەرهەمهێنانی 10 جۆرە لە پێداویستیی ژنان بەقوماشی تایبەت و دیزاینی تایبەت بەخۆیانی لەسەرە، بەپێی داواکاری ژنان و کچان و پێداویستییەکان دروستیاندەکەن.
بۆ هەموو شارەکانی عیراقی دەنێرن
خاوەنی کارگەکە ئەوەش روون دەکاتەوە «لە ئێستادا بەرهەمەکانیان بۆ هەموو شارەکانی عێراق دەنێرن و لە وڵاتانی ئەوروپاش داواکاری هەیە  و توانیویانە بیگەیەنین بەدەستیان، بەرهەمکانیان لەڕووی نرخەوە گونجاون و بەکارهێنەر کە ئەو بەرهەمەی ئەوان دەکڕێت بۆ یەکجار نییە، تا دوو ساڵ سوودی لێ وەردەگرێت  ئەمەش خەرجیی لەسەر بەکاربەر کەمدەکاتەوە، ئەو دەڵێت «لە کارگەکەماندا هەموو پێداویستییەکی دروستکردنی بەرهەمەکانمان هەیە قوماشەکانیش لە وڵاتانی ئوستورالیا و کەنەدا و چەند وڵاتێکی دیکەوە هاوردە دەکەین».

بابەتە پەیوەندیدارەکان