باوەڕ مەحمود ساڵح، مۆنتێری دەنگە لە كەناڵی مەسرا، بڕوانامەی لە بەكالۆریۆس لە زانستی كۆمپیوتەر هەیە، پێشتر لە نووسینگەی لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی (ی.ن.ك) كاری كردووە.
باوەڕ مەحمود بە دوالاپەڕەی وت: مۆنتێری دەنگ زۆر پێویستە تا بتوانرێت بە باشترین شێوە كارەكانی كەناڵەكە بەڕێوەبچێت، چونكە كارەكانمان دەچێتە شاشەی هەموو ماڵێكەوە و پێویستە هەوڵبدەین خەڵك بە جوانترین شێوە بینەرمان بن، كاری خۆم بە دڵە، چونكە ساڵانێك لەناو راگەیاندن بووم و هەمیشە حەزم كردووە بە شێوەیەك لەبواری هونەریی كەناڵەكاندا كاربكەم و جێدەستم دیاربێت، بۆیە بەپێی شارەزاییەكەشم ئەم بوارەم هەڵبژاردووە تا كاری تێدا بكەم.
باوەڕ وتیشی: لە مۆنتێری دەنگدا كەسەكە بەرپرسیارە لە دروستكردن و كۆكردنەوە و گواستنەوەی ئەو دەنگانەی كە پێویستن بۆ هەواڵ یان راپۆرت یان هەر كارێكی راگەیاندن كە لەناو ستۆدیۆدا تۆماربكرێت یاخود بە لایڤ بڕوات، هەروەها كاری دەنگ زۆر گرنگە، چونكە ناو ستۆدیۆ دەبەستێتەوە بە بەشی كۆنترۆڵەوە و بەوشێوەیە دەتوانرێت كارەكان بە دەنگێكی روونەوە بگاتە گوێگران، بێگومان هەوڵدەدەین لە هەموو بەشەكانی كەناڵەكەمان بە باشترین شێوە كارەكان جێبەجی بكــــــەین، بەخۆشـــــــحاڵییەوە هەمووكاتێكیش سەركەوتووانە كارەكانمان كردووە، چونكە بەتیم كاردەكەین و هاوكاری تەواوی یەكترین لە كاركردندا.
ئاریا سەعید