دەرهێنەرێكی كورد، بە دوو بەڵگەفیلم بەشداری فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی لە ئیتاڵیا دەكات و یەكێك لە فیلمەكانی خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵەكە بەدەستدەهێنێت.
لە 5هەمین خولی “فێستیڤاڵی فیلمی ئۆستیا” كە لە رۆژانی 29 تا 30 ی حوزەیران لە ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، كورتە بەڵگەفیلمی “وڵاتی ژنانی ژێر زەوی” خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەدەستهێنا و هەروەها كورتە بەڵگەفیلمی “لە ئەمڕۆوە من فەرزاد قادرم” لە بەشی پێشبڕكێیی فێستیڤاڵەكەدا بەشداربوو و بۆ یەكەمینجار نمایشكرا. “رێكەوت حەمە تۆفیق” دەرهێنەری هەر دوو بەڵگەفیلمەكەیە و بەرهەمهێنانی فیلمەكانیش لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی/بەشی هونەری سینەمای سلێمانییە.
هونەرمەند رێكەوت حەمەتۆفیف، لە لێدوانێكدا بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەم فێستیڤاڵەی کە ئێمە بەشدارییمان تێدا كرد، یەكێكە لە فێستیڤاڵە ئاست بەرزەكانی ئەوروپا و لە شاری رۆمای ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت بۆ فیلمی بەڵگەنامەیی، دیارە بەڵگەفیلمی (وڵاتی ژنانی ژێر زەوی) پێشتریش بەشداری چەندین فێستیڤاڵی لە ئەمریكا و روسیا و هۆڵەندا و ئەڵمانیا و ئیسپانیا كردووە و سێ خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە، بەخۆشحاڵیشەوە وەكو نوێنەری پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان توانیمان لە ئیتاڵیاش ئەم خەڵاتە گرنگە بەدەستبهێنین.
رێكەوت، وتیشی: جگە لەمەش بەڵگەفیلمی (لە ئەمڕۆوە من فەرزاد قادرم) بەرهەمێكی نوێی بەشی هونەری سینەمای سلێمانییە و بۆ یەكەمینجارە لە فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی لە ئیتاڵیا و لە شاری رۆما بەشداری لە بەشی كێبڕكێی فێستیڤاڵەكەدا كرد و نمایشكرا.
كۆمار عەلی