هونەرمەند دێرێ ئارام؛ مامۆستای پیانۆ و ڤیۆکاڵ:

خولە فێرکارییەکانم عەشقی منن بۆ هونەر و سەرچاوەی بژێویی ژیانمن

09:43 - 2024-07-04
ئەدەب و هونەر
425 جار خوێندراوەتەوە

دیداری: کەژاڵ ئەحمەد

خانمە هونەرمەند دێرێ ئارام کە بۆخۆم یەکێکم لە سەرسامەکان بە دەنگ و تواناکانی، بەچەند کلیپ و گۆرانی و خولێکی راهێنانی فێرخوازان لەسەر میوزیک، توانیویەتی سەرنجی هەوادارێکی زۆر بۆ بەهرەکانی رابکێشێت. دێرێ ساڵی 2000 لە خانەوادەیەکی هونەریدا لەدایکبووە،دەرچوو پەیمانگەی هونەرە جوانەکانە و یەکەم کلیپی ساڵی 2017 بڵاوکردۆتەوە. سەرەتا لێم پرسی:

* بۆئەوەی ئەم ستایلە جوان و جیاوازەت بدۆزیتەوە،چیت کردووە؟
- دێرێ: لەبەرئەوەی لە خانەوادەیەکی هونەریدا پەروەردەبووم، دایکم و باوکیشم هونەرمەندی شێوەکارن و باوکم خاوەنی گەلەریی ئارامە، هەر لە منداڵییەوە تێکەڵ بە دنیای هونەر و بە تایبەتی تێکەڵ بە دنیای میوزیک بووم.هەر زوو میوزیک داگیری کردم و حەزم دەکرد لەبەردەم دوکانی فرۆشتنی ئامێری میوزیکدا بوەستم و لێی رابمێنم،دەمویست ئەرکی قوتانخانە بەباشی تەواوبکەم بۆئەوەی ئامێرێکم بۆ بکڕن و میوزیک بژەنم.
هەرگیز بیرم لەوەنەکردۆتەوە هونەرمەندێکی جیاوازبم و هونەرەکەم لە هونەرمەندەکانی تر نەکات بەڵکو ئەوەی بیرم لێکردۆتەوە و پێشکەشم کردوون خۆیان خۆڕسکانە جیاوازن، هەر خەڵکیش دەتوانێت بڕیاربدات من هونەرمەندێکی جیاوازم یان نا، ئەو جیاوازییە دەبێت خۆی هەبێت نەک لە خۆمدا دروستی بکەم.

* دەزانم سەربە خێزانێکی هونەرمەندیت،بەڵام مەرج نییە ئەوانەی خێزانەکەیان سەربە هونەرن خۆیان ببن بە هونەرمەندی باش،چی دیکە پێویستە بۆئەوەی خانمێک ببێت بە ئەستێرەیەکی بواری هونەر؟
- دێرێ: راستە، لە گەلەرییەکەی باوکمدا چالاکی و کەسایەتی زۆر گەورەم بینیووە، بەر کەسانی زۆر باشیش کەوتووم، چاوم بە کاریی هونەریی ئاستبەرز رۆشنبۆتەوە و چاوم کراوەتەوە بەرانبەر دنیا و کەسەکان.هەرلەبەرئەوە، ئەو بەرهەمانەی هەڵیاندەبژێرم بۆ وتن رای خانەوادەکەمیان لەسەر وەردەگرم.بەڵام ئەوان مەرج نییە هەموو کارەکانمیان بەدڵ بێت، هەندێ لە گۆرانییەکانم لە ستایلی بیر و بۆچوونی ئەوانەوە دوورە، کەگۆرانییەک پێشکەش دەکەم بە هاوتەمەنەکانم خانەوادەکەم پێم دەڵێن: پێمان باشە ئەو کارانە نەکەیت بەڵکو هونەرێکی باڵا نمایش بکەیت بەڵام بەلای منەوە هونەری گەنجانەیش باڵایە و لەوانەیە کەسانی تر حەز و خواستیانی تیا نەدۆزنەو، ئیدی ئەو جیاوازییە لە بۆچووندا دروست دەبێت، هۆکاری هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی تەمەنەکان.من تەمەنم 23 ساڵە لەبەرئەوە ستایلێکی هونەریی هەڵدەبژێرم کە گونجاوە بۆ تەمەنەکەم، دەمەوێت گوێگری تەمەنی خۆم لەدەوری هونەرەکەم کۆبکەمەوە لە کۆتایدا ئەمانە لەگەڵ خۆم و گۆرانییەکانمدا گەورەدەبن.هەندێ بەرهەمی ترم دروست کردووە لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاویان دەکەمەوە، ئەمەیان بۆ هەموو تەمەنێکە،ئەم لایەنەش فەرامۆش ناکەم. 

* هەندێجار کۆرسی فێرکاریی بواری میوزیک دەکەیتەوە، ئەمە ئارەزوویەکی هونەرییە یان پێداویستییەکی کەسایەتیی هونەریت؟
- دێرێ: لەسەر ئەو بووارانەی زانیاریم کەمن قسە ناکەم بەڵام لە بوارەکەی خۆمدا کە گۆرانی و میوزیکە دەتوانم. کاتێک کەسێک وەک من بەشێوەیەکی ئەکادیمی میوزیک دەخوێنێت و دەبێتە گۆرانیبێژی ئۆپێرالی و چەند ئامێرێک دەژەنێت، هێشتا لەلایەنی تیۆرییەوە میوزیک بە جیهانێکی سەخت و ئاڵۆز دەبینێت، زۆرجار لە خۆم دەپرسم: دێرێ تۆ هونەرت هەڵبژاردووە لەبەرخاتری خۆشەویستیت بۆ هونەر؟ یان لە پێناوی ناوبانگدا؟ هونەر تۆی بانگ کردووە یان تۆ بەدوای هونەرەوەیت؟ ئەم پرسیارە دەبێت هەموو هونەرمەندێک لەخۆیی بکات. لەبەرئەوەی لە تەمەنێکی زۆر منداڵەوە عاشقی میوزیک و گۆرانی بووم بێگومان لەو تەمەنەدا نەمزانیووە دەرکەوتن و ناوبانگ بەمانای چی،هەر حەزم هەبووە بۆ هونەر، ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی مێژوویەکی جوانم بۆ خۆم. من فێرگەیەکم کردۆتەوە بۆ فێرکارانی ئامێری پیانۆ و ڤۆکاڵ، کە لە پەیمانگە بە پلەی یەکەم دەرچووم راستەوخۆ داوام لێکرا لەو پەیمانگەیە وانە بڵێمەوە، بۆ ماوەی دوو ساڵ وانەم وتەوە، دواتر فێرگەیەکی تایبەت بەخۆم کردەوە و هیواخوازبووم خانمان بە خەیاڵێکی ئاسودەوە بێن بۆ فێربوونی میوزیک چونکە کەلتوورێکی داخراومان هەیە بەداخەوە. هۆکارێکی کردنەوەی فێرگەکە ئەمە و حەزی خۆمە بۆ هونەر هۆکارەکەی تر ئەوەیە وەک سەرچاوەیەک بۆ بژێوی ژیانم ئەم کارەدەکەم، کەدەمەوێت گۆرانییەک دروست بکەم دەتوانم سوود لەم سەرچاوەی داهاتە وەربگرم.

* شیعری هەندێ لە گۆرانییەکانت خۆت نووسیوتن،ئەمە بەهۆی بێ ئومێدیتەوە بوو لە دۆزینەوەی دەقێک خۆتی تێدا بدۆزیتەوە، یان ویستت توانایەکی دیکەت بخەیتەروو؟
- دێرێ: کە شیعری گۆرانییەکی خۆم دەنووسم، بە شێوەیەکی تایبەت دانانیشم بۆ نووسینی شیعرێک، بەڵکو لەکاتی ژەنینی پیانۆکەمدا وشەکان لەدایک دەبن، لەوانەیە کەم و کورتیشیان تێدابێت بەڵام ئەوانە هەست و وشەکانی کچێکی گەنجن کە هیچ سپۆنسەر و ستافێکی گەورە و پڕۆفیشناڵی لە پشتەوەنییە و کەس پشتیوانیی دارایی ناکات. کچێک کە دەبێت لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت و وەستاویشە.دەزانم بۆئەوەی سەرکەوتووبین دەبێت تامی شکست بکەین و کۆمەڵە کەسانێکمان لێ زوویر ببێت و کۆمەڵێکیش کارەکانمانیان بەدڵ بێت. کە رەخنەمان لێ گیرا، بۆ وەڵامدانەوەی رەخنەکە، واباشە لە داهاتوودا کارێکی باشتر بکەین.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان