ئاماری شەش مانگی چاكسازییەكان

11:53 - 2024-07-10
کوردستان
145 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا
بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازیی كۆمەڵایەتیی هەرێم، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاماری شەش مانگی ئەمساڵی چاكسازییەكانی هەرێم و داتا و زانیاری لەبارەی ژمارەی سزادراوان و ئازادكراوان و دەستەبەركردنی مافەكانیان دەخاتەڕوو، ئەوە ئاشكرا دەكات كە «لەكۆی زیاتر لە 5000 سزادراو، دۆسیەی 1384 بەندكراو لە چاكسازییەكانی هەرێم تایبەتە بە ماددەی هۆشبەر».
ئیحسان عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازیی كۆمەڵایەتیی هەرێم، پێیڕاگەیاندین: لەكۆی 5466 سزادراوی ناو چاكسازییەكانی هەرێم، 3914 سزادراو لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا ماوەی سزاكانیان تەواوكردووە و ئازادكراون، وتیشی: لەكۆی سزادراوانی چاكسازییەكان %20 تایبەتە بە ماددەی هۆشبەر، كە بازرگان و بەكارهێنەری ماددەكەن و ژمارەیان 1384 سزادراوە.
باسی لەوەشكرد لەناو چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستاندا، كە سەرجەم شەش چاكسازیی گەوران‌ و ژنان‌ و نەوجەوانانە، ماف بۆ سزادراون دابینكراوە و بەگوێرەی یاسا‌ و رێنماییەكان جێبەجێ دەكرێن، كە لە گرنگترینیان پرۆسەی پەروەردەیە و لەناو  چاكسازییەكاندا 474 كەس لە قۆناغەكانی ناوەندی‌ و ئامادەی و زانكۆ درێژەیان بە خوێندن داوە، هەروەها مافی كاركردن بە 533 سزادراو دراوە لە دروومان و كاری دەستی و ئاسنگەری و چێشتخانە و فێربوونی زمانی ئینگلیزی و چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل و سەرتاشی و دارتاشی ‌و چەندین پیشەی تر و وتیشی: مافێكی دیكە كە بە سزادراوانی هەرێم دراوە و لە چاكسازییەكانی عیراق و وڵاتانی دەوروبەردا نییە، ئەویش مۆڵەتی چوونە ماڵەوە و خلوەی شەرعییە، كە لەم شەش مانگەدا ئەو مۆڵەتە بە 223 كەس دراوە، ئەوەش كاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر كەمبوونەوەی رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران‌ و هەڵوەشانەوەی خێزانەكان.
سەبارەت بە زۆریی ژمارەی بەندكراوانیش، وتی: ژمارەی سزادراون بەراورد بە رووبەری باڵەخانەكان زۆر زیاترە، ئەوەش كاریگەریی كردووەتەسەر ئاستی پێشكەشكردنی بەشێكی خزمەتگوزارییەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان