وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی یەکپۆشی خوێندکارانەوە لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و باخچەی ساوایاندا، بڕیاریدا و لەساڵی نوێی خوێندندا، بڕیاری یەکپۆشی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەوبارەیەوە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: بۆ ساڵی نوێی خوێندن، لە سەرجەم باخچە و خوێندنگاکاندا پێویستە رەچاوی یەکپۆشی بکرێت، بەم شێوەیەی کە ئاماژەی پێدراوە.
1- جلوبەرگی باخچەکانی منداڵان لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی بۆ کچان، کراسی پەمەیی لەگەڵ تەنورە یان پانتۆڵی رەساسی، هەروەها بۆ کوڕانیش پانتۆڵی رەساسی لەگەڵ کراسی سپی.
2- جلوبەرگی قۆناغی بنەڕەتی لە پۆلی (1-6) لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی بۆ کچان تەنورە یان پانتۆڵی رەساسی لەگەڵ کراسی سپی، هەروەها بۆ کوڕانیش پانتۆڵی رەساسی لەگەڵ کراسی سپی.
3- جلوبەرگی پۆلەکانی 7 و 8 و 9 ی قۆناغی بنەڕەتی، لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومیدا بۆ کچان تەنورە یان پانتۆڵی نیلی لەگەڵ کراسی سپی، هەروەها بۆ کوڕانیش، پانتۆڵی نیلی لەگەڵ کراسی سپی.
4- جلوبەرگی پۆلەکانی 10 و 11 و 12 قۆناغی ئامادەیی بۆ بەشەکانی زانستی- وێژەیی- پیشەیی، بۆ كچان تەنورە یان پانتۆڵی رەش لەگەڵ کراسی سپی. هەروەها بۆ کوڕانیش پانتۆڵی رەش لەگەڵ کراسی سپی.
5- جلوبەرگی قۆناغەکانی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی و دامەزراوەی هاوبەش و پشتیوانیکراوەکان، ئەو ناوەندانەی کە سیستمی جلوبەرگی تایبەت بەخۆیان هەیە، ئازادن لە پەیڕەوکردنی سیستمی یەکپۆشی خۆیان. هاوکات ئەو ناوەندانەی کە سیستمی تایبەتیان نییە، هەمان سیستمی یەکپۆشی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی پەیڕەو دەکەن.