ئا: تەها عەبدوڵڵا
ئابوورییناسان و مامۆستایانی زانكۆ بوونی سیستمێکی پێشکەوتووی بانکی لەهەر وڵاتێک بە هۆکاری سەقامگیریی ئابووری و متمانەی هاووڵاتییان و بازرگانان دادەنێن و پێیانوایە عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە پێویستی بە هەنگاوی زیاترە تا ئەو متمانەیە بۆ بانکەکان بگەڕێتەوە، ئاماژە بەوەش دەکەن بڕیارەکانی بانکی ناوەندی و سیاسەتی حکومەتی عیراق لە شەفافیەت و رێگرتن لە گەندەڵی، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەرەوپێشبردنی بانکەکان دەبێت.
د. ئەیوب سماقەیی مامۆستای زانكۆ و شارەزای بواری بانكی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: چەند بنەمایەك هەیە وادەكات بڕوا و متمانە بە بانكەكان هەبێت، بە تایبەتی لە كاتی دامەزرادن و قۆناغەكانی سەرەتای كاركردنیان، لەوانە: ئاستی پێشكەشكردنی ئەو خزمەتگوزارییەی دەیخاتەڕوو، لەگەڵ سیستمی كاركردنیان بە شێوەیەكی سەردەمیانە، چونكە لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیادا بانكەكانیش لە بەڕێوەبردنی كارەكانیاندا هەنگاوی گەورە چوونەتە پێشەوە.
د. ئەیوب سماقەیی
پێویستە لە وڵاتدا سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووری هەبێت، تا ئەو سەقامگیرییە زیاتر بێت، متمانەی هاووڵاتیان و بازرگان و سەرمایەدارانیش بە بانكەكان زیاتر دەبێت
پەیوەندیی بە گەندەڵییەوە هەیە
وتیشی: جگە لە بانكەكان خۆیان، پێویستە لە وڵاتدا سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووری هەبێت، تا ئەو سەقامگیرییە زیاتر بێت، متمانەی هاووڵاتیان و بازرگان و سەرمایەدارانیش بە بانكەكان زیاتر دەبێت، بەڵام ئەوەی دەبیندرێت لە عیراق ئەو جۆرە سەقامگیرییانە نییە، ئەمەش وادەكات متمانە بە بانكەكان كەمبێتەوە و پەنا بۆ بانكەكانی دەرەوە ببرێت.
پێشیوابوو، نەبوونی متمانە بە بانکەكانی ناوخۆ كاریگەریی نەرێنی هەیە و وادەكات وەبەرهێنەران نەتوانن بە ئاسانی پرۆژەكانیان پارەداربكەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دواكەوتنی ئەو پرۆژانە، یان بە كەموكووڕییەوە تەواو بكرێت، هەموو ئەوانەش کاریگەریی لەسەر پەرەپێدانی ئابووری و پەرەپێدانی مرۆیی دەبێت، چونكە مرۆڤ خۆی ئامرازێکە بۆ پەرەپێدانی ئابووری.
شەماڵ نوری ئەندامی ئەنجومەنی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بردنەدەرەوەی پارە لەلایەن سەرمایەدارانی عیراق و بازرگانانەوە، بە پلەی یەکەم بۆ نەبوونی متمانە بە بانكەكانی عیراق یان خراپیی شێوازی كاركردنیان ناگەڕێتەوە، بەڵکو زیاتر پەیوەندیی بە گەندەڵی و هەوڵی سپیكردنەوەی پارەوە هەیە.
شەماڵ نوری
لە کوردستان بانكەكان دوای ساڵی 2014 و ئەو رووداوانەی بەسەر ناوچەكەدا هات، تووشی قەیرانی نەبوونی پارەی كاش بوونەوە، بۆیە متمانەیان لەدەستدا
سەرمایەی نەوت
وتیشی: زۆرترین سەرمایەی عیراق لە بواری نەوتدا خراوەتەگەڕ و ئەو كەرتەش گەندەڵییەكی زۆری تێدایە، بۆیە كاتێك بازرگانە دەست رۆیشتووەكان و ئەوانەی دەستیان بەسەر بەشێکی ئەو كەرتەدا گرتووە، بۆ شاردانەوەی ئەو گەندەڵییانە و سپیكردنەوەی پارەكانیان پەنا بۆ بانكەكانی دەرەوە دەبەن، واتا بابەتەكە پەیوەندیی بە نەبوونی پارە و نەبوونی یاساو رێساكان و ترسی سەرمایەدارن و بازرگانان نییە لەوەی پارەکانیان دەفەوتێت، بەڵکو پەیوەندیی بەو گەندەڵییەوە هەیە كە لە كەرتی نەوتی عیراقدا دەبیندرێت.
شەماڵ نوری ئاماژەی بەوەشكرد: لە هەرێمی كوردستان بارودۆخەكە جیاوازە، لە کوردستان بانكەكان دوای ساڵی 2014 و ئەو رووداوانەی بەسەر ناوچەكەدا هات، تووشی قەیرانی نەبوونی پارەی كاش بوونەوە و ئەوانەی پارەیان لەو بانكانەدا دانابوو نەیانتوانی وەری بگرنەوە، بۆیە متمانەیان لەدەستدا و گەڕانەوەی ئەو متمانەیەش وائاسان نییە، ئەمەش وادەكات بەشێک لە بازرگانان سەرمایەكانیان ببەنە دەرەوەی وڵات.
عەبدولواحید تەها
هەندێك جار بەهۆی ترسی مایەپوچبوونی بانكەكانەوە پەنا بۆ بانكەكانی دەرەوە دەبرێت، چونكە لە دنیای ئابووریدا پاراستنی سەرمایە لەپێش هەموو شتێكەوەیە
ناسەقاگیریی بەهای دینار
هاوكات عەبدولواحید تەها لێپرسراوی راگەیاندنی یەكێتیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بۆچوونی خۆی لەسەر ئەو بابەتە بۆ کوردستانی نوێ خستەڕوو و پێیڕاگەیاندین: چەند هۆكارێك وایكردووە متمانە بە بانكەكانی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كەم بێتەوە و پەنا بۆ بانكەكانی دەرەوەی وڵات ببرێت، لەوانە ناسەقاگیریی بەهای دینار، کە تا ئێستا نەتواندراوە دڵنیایی بدرێت، بەڵكو پەیوەست كراوە بەو بڕە دۆلارەی بانكی ناوەندی رۆژانە دەیخاتەڕوو.
وتیشی: جگە لە ناسەقامگیریی بەهای دینار، بەشێك لە بڕیارەكانی بانكی ناوەندیی عیراق لە بەرژەوەندیی بازرگانان و سەرمایەداران نییە، زۆرجار لە كاتی گواستنەوەی پارە لە دەرەوە بۆ ناوەوەی وڵات، كە بە دراوی بیانی حەواڵەی دەکەن، پارەكانیان بە دینار و بەنرخی بانكی ناوەندی پێدەدرێتەوە، لە كاتێكدا لە بازاڕەكان نرخەكەی زیاترە، بەمەش ئەوان زەرەرمەند دەبن.
ترسی مایەپوچبوونی بانكەكان
ئاماژەی بەوەشكرد: زۆرجایش بازرگانێك یان وەبەرهێنێك داوای بڕێك پارە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەكەی دەكات، كەچی ناتوانێت ئەوەی دەیەوێ بەدەستی بهێنێت، لەم حاڵەتەشدا پرۆژەكان، یان كارە بازرگانییەكان دوادەكەوێت، هەندێك جاریش بەهۆی ترسی مایەپووچبوونی بانكەكان و دڵنیا نەبوون لە خاوەندارێتییان، پەنا بۆ بانكەكانی دەرەوە دەبەن، چونكە لە دنیای ئابووریدا قازانج و پاراستنی سەرمایە لەپێش هەمو شتێكی ترەوەیە.
مەلا یاسین
باشترکردنی سیستمی بانکیی رۆڵی گرنگ و پڕبایەخی دەبێت لە بوژانەوەی ئابووری وڵات و گەڕانەوەی سەرمایەی هاووڵاتیان بۆ ناوخۆ
ئەوەشی خستەروو: هەركاتێك متمانەی تەواو بە بانكەكان بگەڕێتەوە، ئەوكات رێژەی ئەو پارەیەی دەچێتە دەرەوە زۆر كەمتر دەبێتەوە، بەمەش سیستمی بانكی لە عیراق و هەرێمی کوردستان قۆناغی باشتر دەچێتە پێشەوە و كاریگەریی ئابووری و جموجۆڵی بازرگانی باشتر دەبێت، كە دواجار دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی كار و بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دراوەكانی تری جیهان.
یاسین مەحمود رەشید ناسراو بە مەلا یاسین وەبەرهێنەر و وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان لەبارەی ئاستی بانکەکانی عیراق رایگەیاند: تا ئێستا بانکەکانی عیراق نەگەیشتوونەتە ئاستی بانکە جیهانییەکان و بە سیستمێکی پێشکەوتووی سەردەمییانە کار ناکەن، هەر ئەمەش وایکردووە سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی عیراق بە گشتی بۆ راییکردنی مامەڵە داراییەکانیان پەنا بۆ دەرەوەی وڵات ببەن.
وتیشی: دەبێت بانک توانای پێدانی قەرز و دڵنیایی هەبێت و ئەو خزمەتگوزارییانە پێشکەش بکات کە لەهەر بانکێکی جیهانی هەیە، بۆئەوەی وەبەرهێن و بازرگانان سودی لێوەربگرن، هاوکات باشترکردنی سیستمی بانکیی رۆڵی گرنگ و پڕبایەخی دەبێت لە بوژانەوەی ئابووریی وڵات و گەڕانەوەی سەرمایەی هاووڵاتیان بۆ ناوخۆ، بۆیە هیوادارین لەداهاتوودا عیراق هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو کار لەسەر بەرەوپێشبردنی ئەو کەرتە بکات.