پ.ی.د.کاوە دەستوورە، سەرۆکی بەشی فەلسەفە و توێژینەوە کەلتورییەکان- زانکۆی سلێمانی بۆ کوردستانی نوێ

بە هۆکاری سیاسی خوێندکار لە بەشی فەلسەفە وەرناگیرێت

11:24 - 2024-07-21
دیدار
418 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: هاوار نەسرەدین

ئاماژە:
ماوەیەکی زۆرە بە گشتی فەلسەفە و بە تایبەتی فەلسەفەی عەقڵانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کپ کراوە، ئەم ناوچەیە لە غیابی فەلسەفەدا تووشی ناهاوسەنگییەکی زۆر بووە. هیچ بوارێکی شارستانییەتی مرۆیی لەم ناوچەیەدا جێ پەنجەی فەیلەسووفانی بە تایبەت عەقڵانی پێوە دیار نییە، تەنیا هەوڵی تاکەکەسی لە دەرەوەی سیستەم هەیە، ئەویش لە کتێبێکدا قەتیس دەبێ و دەبڕێتەوە، ئەم هەوڵە تاکەکەسییانە کاریگەریی لەسەر سیستەم دانانێن. مرۆڤی ئەم ناوچەیە خۆشەویستی  و هەوڵدانی بۆ ناسین و زانین و تێگەیشتن لە خۆی و لە ژیان تێدا خینکێندراوە، ئەگەر ئێمە لە سیستمی پەروەردەدا پەرە بە فەلسەفە بدەین، زەینی مرۆڤ بە ئاڕاستەی تێفکرین و زانینی هەقیقەتی خۆی و بوون دەجووڵێنین و جارێکیتر مرۆڤ هەڵوەدای هەقیقەت دەبێ، جگە لەوەش دەتوانێ بە ئاگاییەکی قووڵترەوە کاروبارە دنیاییەکانی بەڕێوە بەرێت. بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە چاوپێکەوتنێکی کورتمان لەگەڵ پ.ی.د. کاوە دەستوورە، سەرۆکی بەشی فەلسەفە و توێژینەوە کەلتورییەکان، زانکۆی سلێمانی بۆ کوردستانی نوێ کرد کە دەقەکەی لە خوارەوە دەخوێننەوە.
*هۆکاری وەرنەگرتنی خوێندکار لە بەشی فەلسەفە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
- هۆکارەکانی وەرنەگرتنی خوێندکار لە بەشی فەلسەفە زۆرن. یەکەمیان بریتییە لە هۆکاری سیاسی. لای چەند لایەنێکی سیاسی جۆرە هەستیارییەک بەرامبەر بە بەشی فەلسەفە دروست بووە و لە چەند ئاستێکدا دەستوەردان دەکەن. ئەوەش لە بەشی فەلسەفەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا بینراوە و هەستی پێ دەکرێت. هەرچی هۆکاری دووەمە، زۆرێک لەوانەی بەڕێوەبەری خوێندنی ئەکادیمین هەم لە ئاستی وەزارەت و هەمیش لە زانکۆکاندا، بە هۆی لاوازی مەعریفییان هەست بە گرنگی فەلسەفە ناکەن. بۆ نموونە ساڵی رابردوو، کۆنمرەیەکی زۆر کرابووە مەرج بۆ ئەوەی خوێندکار لە بەشی فەلسەفە وەربگیرێت. هۆکاری سێیەمیش بریتییە لەلاوازی و پێشنەکەوتنی فەلسەفە بەشێوەیەکی هاوچەرخانە. ئەم هۆکارە زیاتر روو لە فەلسەفەکاران دەکات. لەڕاستیدا ئەم هۆکارە زۆربەی بوارەکانی تریش دەگرێتەوە و بە تەنیا بەرۆکی فەلسەفەی نەگرتووە. لەماوەی سی ساڵی رابردوودا، نەتوانراوە خوێندنی ئەکادیمی بەڕۆژ و هەنووکەیی بکرێتەوە. خوێندنی ئەکادیمی ساڵانی هەشتاکان لەگەڵ ئێستادا زۆر جیاوازە. ئێستا فەلسەفە زۆر پێشکەوتووە، بەڵام ئەوەی لێرەدا دەخوێندرێ زۆر کلاسیکییە و وەڵامدەرەوەی دۆخ و ژیانی هاوچەرخ نییە.
هەروەها مامۆستای بەشەکانی فەلسەفە بە مامۆستای بوار و بابەتەکانی تر پڕکراوەتەوە ئەوەش هۆکارێکی ترە. بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی وردی هەڵسەنگاندن، ئەوەی ئێستا هەیە زیاتر کارەکان بەڕێ دەکرێت. گرنگ ناوەڕۆک نییە ئەوەش کاریگەری زۆری هەبووە. کەسەکە بە رواڵەت مامۆستایە، بەڵام لەڕاستیدا مامۆستای بوارەکە نییە.
هەرچی سەبارەت بە پرسی دامەزراندنە لە دوای تەواوکردنی خوێندن، ئەوەیان هۆکارێکی جدی نییە بۆ وەرنەگرتنی خوێندکار، چونکە زۆربەی بەشەکانی تریش دانامەزرێن و تەنیا فەلسەفە نییە خوێندکاری دانامەزرێ. لەکاتێکدا دەرچووانی بەشی فەلسەفەی زانکۆی سلێمانی، زووتر و ئاسانتر چوونەتە ناو بازاڕی کارەوە و کاریان دەستکەوتووە. هەروەها ئایین یەکێکی ترە لە هۆکارەکان. خوێندکار هەبووە حەزی کردووە فەلسەفە بخوێنێت، بەڵام خێزان و دەوروبەرەکەی بەپاساوی ئاینی رێگربوونە لە بەردەمی.

 

زۆرێک لەوانەی بەڕێوەبەری خوێندنی ئەکادیمین هەم لە ئاستی وەزارەت و هەمیش لە زانکۆکاندا، بە هۆی لاوازی مەعریفییان هەست بە گرنگی فەلسەفە ناکەن

 

*لاوازبوون و پەککەوتنی خوێندنی فەلسەفە لە زانکۆکان، چی کێشە و کەلێنێک بۆ دۆخی ئەکادیمیا و کۆمەڵگە دروست دەکات؟
_ لەهەموو کات و شوێنێکدا، بوارە جۆراوجۆرەکان پێویستیان بە فەلسەفە هەیە و فەلسەفەش پێویستی بە مەعریفەکانی تر هەیە. فەلسەفە وەک فەلسەفەی دێرین تەنیا بریتی نییە لە کۆمەڵێک پرس و بابەتی ئەبستراکتی ناو هزر، بەڵکو فەلسەفە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە هەیە. لەدنیای مۆدێرن و هاوچەرخدا، فەلسەفە توانیوێتی ئەو خاوەندارێتییە مەعریفییە رابگرێت و ئێستایش هەر ئەو پێگە قورسەی خۆی هێشتووەتەوە. لەڕاستیدا ئەگەر فەلسەفە نەبێ، بابەتەکانی تر بەشێوەیەکی کاربەڕێکەرانە بەڕێوەدەچن. بۆ نموونە زانستی پۆزەتیڤیستی هەر کات سنووری بۆ دانرا، ئەوا فەلسەفە ئەو سنوورەی بۆ داناوە. بە هۆی لاوازیی پێگەی فەلسەفەوە لە کوردستان، دەبینین رەهاییەکی زۆر هەیە لە دەربڕینە زانستییەکاندا چ لە بەشە زانستییەکاندا و چ لە میدیاشدا. ئەوەش وا دەکات زانست بە خراپ وەربگیرێت. بیر لەوەش ناکرێتەوە سنووری زانست لە کوێدایە. نموونەی هەرە زەق لە کوردستاندا زانستی پزیشکییە، وەک مەعریفە و بزنس و کەلتوری گشتی-یش زانستێکی زۆر باوە، کاتێک کەسێک رێنماییەکی پزیشكی دەخوێنێتەوە، پێویستە تێیدا ئاماژە بە لایەنە ئەرێنی و نەرینییەکانیش کرابێ و بەو جۆرە سنووری ئەو زانستە دیار بێ. بەڵام لە کوردستاندا، رووە بزنسییەکەی و سۆشیال میدیاییەکەی پزیشکی بەرجەستەیە. ئەوەش وایکردووە خودی زانست زەرەرەی بەربکەوێ. لەلایەکەوە هەندێک کەس بە گومانەوە سەیری زانست دەکەن و لەلایەکی تریشەوە هەندێک کەس بە رەهایی باسی راستی دەربڕینە زانستییەکان دەکەن.  ئەنجامەکەشی دەبینرێت کە زانست چ فەوزایەکی دروست کردووە. لەکاتێکدا دەبێ زانست بە فلتەری فەلسەفەدا تێپەڕێت.
تەنانەت لە سیاسەتیشدا ئەو فەوزایە بە ئاشکرا دەبینرێت. هەمیشە فەلسەفە داڕێژەری بنەمای هەموو سیاسەتێك بووە، بەڵام لە کوردستاندا دەبینین دۆخەکە پێچەوانەیە و سیاسەت بەبێ فەلسەفە دەکرێت. لێرە روانین و دنیابینی سیاسی پەرەی پێ نادرێت. لێرە سیاسەت تەنیا رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ قەیران و رووداوەکاندا. دووبارەبوونەوەی قەیرانەکانیش، ئاماژەیەکی روونە بۆ نەبوونی روانین و دنیابینی فەلسەفی. ئەوەش لە فەلسەفەی سیاسیدا کورت دەکرێتەوە. هەرکاتێکیش فەلسەفەی سیاسی نەبێت، رووداو و قەیرانەکان بەردەوام دووبارە دەبنەوە. لەبری ئەوەی مرۆڤ داهێنەری رووداوەکان بێت، خۆی دەکەوێتە ناو رووداوەکان و لەباشترین دۆخدا، دەبێ رووبەڕووی ببێتەوە. هەر لەو روانگەیەوە، کارگێڕی هاوچەرخ دەلاقەیەکی گەورەی بەڕووی فەلسەفەدا کردووەتەوە و تێیدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام لە کوردستاندا ئەو دەلاقەیە نابینرێت. هەمووانیش دەزانن کارگێڕی لەچی دۆخێکی نالەباردایە.
یەک بە یەکی مەعریفەکان دەتوانین بژمێرین کە بەهۆی نەبوونی فەلسەفەوە گرفتیان بۆ دروست بووە، بۆ نموونە، رەخنەی ئەدەبیمان لاوازە، چونکە فەلسەفەی ئەدەب لاوازە. هونەر لە کوردستان لەپاشەکشەدایە هەمووان هەستی پێ دەکەن تەنانەت ئەوانەشی خۆیان بەرهەمهێنی ئەو هونەرە لاوازانەن هەست بەو پاشەکشەیە دەکەن و دەزانن هونەرەکەیان وەک هونەری هونەرمەندانی رابردوو بەهێز نییە و تەنیا لەڕووی داراییەوە باشترن. یەک بە یەکی بوارە مەعریفییەکان بەهۆی نەبوونی فەلسەفەوە، لاواز دەردەکەون و لە پاشەکشە دەبن. لە زانکۆکانی کوردستان، زۆربەی بەشەکان پێویستیان بەوەیە پسپۆڕی فەلسەفە وانەی تێدا بڵێتەوە و رۆڵی مەعریفی خۆی بگێڕێت بەڵام بەهۆی نەبوونی کادرەوە، کەسانی تر ئەو وانانە دەڵێنەوە و ئەوەش وایکردووە فەلسەفە رۆڵی خۆی نەگێڕێت.

 

پ.ی.د.کاوە دەستوورە
- سەرۆکی بەشی فەلسەفە و توێژینەوە کەلتورییەکان، زانکۆی سلێمانی.
- مامۆستای زانکۆکانی پاریسی 5 و ئیڤری لە فەرەنسا و زانکۆکانی کۆیە و سەڵاحەدین- هەولێر لە هەرێمی کوردستان. 
- دکتۆرا لە هزری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی پاریسی پێنج- سۆربۆن. بە ناونیشانی: میشێل فوکۆ و رەخنەی مۆدێرنیتە، 2011
- ماستەر لەسەر پرسی ئاکار و رەوشت بە ناونیشانی: تیۆری سێکسوالیتە لای فوکۆ. 2006
- ماستەر لە کۆمەڵناسی سیاسی سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی کورد- زانکۆی تاران. 2003
- هاوسەرۆکی گروپی کاری هەژدەیە (بوون بە توێژەری زانستە مرۆییەکان)، لە رێکخراوی کۆمەڵناسانی جیهانی فەرەنسیی زمان (AISLF ). 



#دیدار

بابەتە پەیوەندیدارەکان