درێژیی رێگەکە 36 کیلۆمەترە

رێگەی مەرگ، لە قه‌زای بەردەڕەش بۆ ناحیه‌ی کەڵەک

10:43 - 2024-07-22
ڕاپۆرت
342 جار خوێندراوەتەوە
رێگەی بەردەڕەش - کەڵەک سەرەکییە و رۆژانە هاتوچۆیەکی زۆری لەسەرە

راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی

قایمقامی به‌رده‌ڕه‌ش: دوو کۆمپانیای ناوخۆیی و تورکی دەستیان بە کارەکانیان کردووە بە مەبەستی دیزاینکردنی رێگەکە و حکومەت نزیکەی 100 ملیار دیناری بۆ تەرخانکردووە

رێگەی قه‌زای بەردەڕەش بۆ ناحیه‌ی کەڵەک رێگەیەکی ستراتیژیی و بازرگانی و نێوده‌وڵه‌تییه‌ و رۆژانە هاتوچۆیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و بچووکی لەسەرە، رێگەیەکی یەک ساید و تەسکە و لەم چەند ساڵەی دواییدا دەیان رووداوی هاتوچۆ لەسەر ئەم رێگەیە روویانداوە و بووەتە رێگەی مه‌رگ و گیان لە دەستدانی چەندین شۆفێر و سەرنشین و هاووڵاتیانی سنووره‌كه‌. رۆژنامەنووسێکی دەڤەرەکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی قەزای بەردەڕەش و حکومەتی هەرێمی کوردستان ده‌كات کە ئاگاداری ئەو رێگەیەن، خه‌مێكی لێی بخۆن، فراوان بكرێت و بیکەنە دوو ساید، بە مەبەستی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ.

هاتوچۆیەکی زۆری لەسەرە
مه‌هدی ره‌شگه‌ری شۆفێرێكی قه‌زای به‌رده‌ڕه‌شە رۆژانە لەو رێگەیەوە هاتوچۆ دەکات وتی: شۆفێران و هاووڵاتیانی به‌رده‌ڕه‌ش و خه‌ڵكی رێبوار رۆژانە ده‌بنه‌ قوربانی ئەم رێگەیه‌ و بووەتە رێگەیەکی وێران و سه‌خت بەهۆی زۆری ئۆتۆمبێلی گه‌وره‌ و بارهەڵگر کە رۆژانە هاتوچۆیەکی زۆری لەسەرە.
وتیشی: داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامودەزگا ئیدارییەکانی قه‌زای بەردەڕەش دەکەم ئەم رێگەیە بکرێتە دووساید و نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌. هەروەها نیگەرانین لەوەی ئەم رێگەیە کارەساتبارە ساڵانە دەیان کارەساتی دڵتەزێن بەدوای خۆیدا دەهێنێت. جگە لەوەش به دووساید كردنی رێگەی نێوان بەردەڕەش - کەڵەک قەرەباڵغی سنوورەکە زیاتر دەکات و قەزاکەمان لە رووی ئابوورییەوە ده‌بووژێتەوە و خەڵکێکی زۆری بێكاری سنووره‌كه‌مان هەلی کاریان بۆ ده‌ڕه‌خسێت، لەبەرئەوەی رێگەیەکی ستراتیژی بازرگانییە لە زاخۆوە تا خانەقین.
رێگەیەکی سەخت
شیمال شۆفێرێكی بارهه‌ڵگرە له‌ قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش وتی: رێگەی قه‌زای بەردەڕەش بۆ ناحیه‌ی کەڵەک رێگەیەکی سەختە و دوو سەعاتی دەوێت تا دەگه‌ینه‌ ناحیه‌ی کەڵەک. ئۆتۆمبێلەکانمان وێران بوون، هیوادارین حکومەتی هەرێم ئەم رێگەیه‌ نۆژەن بکاتەوە و بیکاتە دووساید.
وتیشی: ئێمە وەک شۆفێرانی بارهەڵگر بەڕاستی بێزار بووین لەم رێگەیە، چەند هاوڕێیەکمان هەبوو کە شۆفێری بارهەڵگر بوون و پێکەوە کارمان دەکرد لەسەر ئەم رێگەیە بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەستداوه‌، هەروەها ساڵانە ئۆتۆمبێلەکانمان دەگۆڕین بەهۆی خراپی ئه‌م رێگەیه‌وه‌.

 

شۆفێرێک: داوا لە حکومەت و دامودەزگا ئیدارییەکانی قه‌زای بەردەڕەش دەکەم رێگەکە بکەنە دووساید و نۆژه‌نیی بکەنەوە، نیگەرانین لەوەی ساڵانە دەیان رووداوی هاتوچۆ لەو رێگەیە روودەدات

رێگەیەکی نێودەوڵەتییە
شەهاب بۆتانی‌ رۆژنامەنووس لە قەزای‌ بەردەڕەش دەڵێت: رێگەی بەردەڕەش – کەڵەک رێگەیەکی نێودەوڵەتی یەک سای دو تەسکە و بارهەڵگرەکانی وەک تانکەر و كامیون و ئەوانەی تایبەتن بە کاری بازرگانی رۆژانە هاتوچۆ به‌و رێگەیه‌دا دەکەن بۆ پارێزگای هەولێر و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، هیچ رێگەیەکی تری نێودەوڵەتی لە کوردستان و عیراقدا نییە کە یەک ساید بێت تەنها رێگەی ناحیەی کەڵەک بۆ سەنتەری قەزای بەردەڕەش نه‌بێت، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی بۆ شۆفێران و هاووڵاتیانی سنوورەکەمان دروستکردووە.
وتیشی: لە سەرەتای دروست بوونی ئەم رێگەیەوە تائێستا سەدان کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لەسەر ئەم رێگەیە گیانیان لە دەستداوە، هه‌روه‌ها چه‌ندین خێزان بە تەواوی بوونەتە قوربانی هاتوچۆی ئەم رێگەیە و گیانیان لە دەستداوە کە بە رێگەی مه‌رگ ناسراوە، ئەمە کارەساتە و حکومەت بە چاوی خۆی دەبینێت، بەڵام هیچی بۆ ناکات.
وتیشی: داوا لە بەرپرسانی قەزای بەردەڕەش دەکەم چاره‌سه‌ری ئەم رێگەیە و هەموو ئەم پڕۆژانەی كه‌ هەیە و چەندین ساڵە بڕیاریان لێداوە و به‌ نیوی بەجێهێڵراوە‌ بە زووترین کات تەواو بکرێن. بە تایبەتی پێویستە ئەم رێگەیە فراوانتر بکرێت و بکرێتە دووساید بە مەبەستی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ له‌ سنووری قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش.

بەرنامەی دوو سایدکردنی رێگەکە

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئیسمائیل مسته‌فا قایمقامی قەزای به‌رده‌ره‌ش به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: رێگەی بەردەڕەش - کەڵەک رێگەیەکی سەرەکییە و رۆژانە هاتوچۆی زۆری لەسەرە و به‌رنامه‌ و پرۆژه‌ی ‌ دوو سایدكردنی ئه‌م رێگەیه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.
وتیشی: پرۆژەکە یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێستا دوو کۆمپانیای ناوخۆیی و تورکی دەستیان بە کارەکانیان کردووە بە مەبەستی دیزاینکردنی رێگەکە و حکومەت نزیکەی 100 ملیار دیناری بۆ تەرخانکردووە، به‌ مه‌ستی چۆنیه‌تی دروستکردنی رێگەکە و بەم زووانە دەست به‌ دروستكردنی ده‌كرێت.
رێگەی سەرەکی نێوان بەردەڕەش – کەڵەک نزیکەی 36 کیلۆمەتر درێژە و رۆژانە هاتوچۆی زۆری لەسەرە و  زۆربەی بارهەڵگره‌كان لە تورکیاوە بەم رێگەیەدا دەڕۆن. رێگەکە بەهۆی ئەوەی یەک سایدە هاتوچۆ پیایادا زۆر سەختە و، هه‌روه‌ها ساڵانه‌ چەندین رووداوی هاتووچۆی لێده‌کەوێتەوە و خراپی ئەم رێگەیە نیگەرانیی شۆفێران و هاووڵاتیانی قەزای بەردەڕەش و ناوچەکەی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان