كارەبای عیراق

ئەو كێشەیەی بە چارەسەرنەكراوی دەمێنێتەوە

10:45 - 2024-07-25
ئابووری
147 جار خوێندراوەتەوە
بەشێك لە پرۆژەی بەستنەوەی كارەبای عیراق بە كارەبای توركیاوە

 

رۆژی یەك شەممەی رابردوو محەمەد شیاع ئەلسودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و زیاد عەلی فازیل وەزیری كارەبای عیراق پرۆژەی هێڵی بەستنەوەی كارەبای عیراق و توركیایان كردەوە، كە هەردوو وێستگەی كارەبای كەسك لە خۆرئاوای موسڵ و وێستگەی جەزرەی توركیا بەیەكەوە گرێ دەدات و توانای گواستنەوەی 300 مێگاوات كارەبای هەیە. بە گوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی كارەبای عیراق، هەردوو وڵات رێكەوتوون لەسەر ئەوەی لە گەرمای هاویندا، عیراق پێویستی زۆری بە كارەبایە و لۆدی لەسەرە بڕی 300 مێگاوات كارەبا لە توركیا وەربگرێت، بەڵام لە وەرزەكانی دیكەدا عیراق بڕی 150 مێگاوات بدات بە توركیا.

ساڵانە نزیكەی یەك ملیۆن كەس لە عیراق لەدایك دەبن، ئەمەش بەو واتایە دێت كە ساڵانە بەكاربەری كارەبا زیاد دەكات و پلانەكانی حكومەتیش بۆ زیادكردنی بڕی كارەبای بەرهەمهاتوو تا ئێستا لە ئاستی پێویست نزیك نەبۆتەوە

كارەبابڕانی رۆژانە
عیراق لەمێژە بەدەست كێشەی كەمیی كارەباوە دەناڵێنێت و هەر حكومەتێك هاتۆتە سەر حوكم بەڵێنی چارەسەری كێشەكەی داوە و بۆی چارەسەر نەبووە. بە پێی راپۆرتێكی پێگەی وزە (كە بارەگاكەی لە واشنتۆنە)، عیراق لە دابینكردنی كارەبای تەواودا بۆ سەرجەم ناوچەكان، 19 مێگاوات كورتهێنانی هەیە، ئەوەش ناچاری كردووە رۆژانە چەندین سەعات كارەبابڕانی هەبێت، هەڵبەت بە شێوەیەكی پلاندار و بەرنامەبۆداڕێژراو.
كارەبابڕان زۆربەی پارێزگاكانی عیراق دەگرێتەوە، گەرمای پڕوكێنەری هاوینیش كێشەكەی قورستر كردووە، لەلایەكی دیكەشەوە خواست لەسەر كارەبا بەردەوام زیاد دەكات، لە كاتی گەرمای هاویندا خواست لەسەر كارەبا لە عیراق دەگاتە 45 مێگاوات، بەڵام عیراق تەنیا توانای بەرهەمهێنانی 26 مێگاواتی هەیە، لەبەرئەوە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی عیراق لە رۆژێكدا چوار بۆ شەش سەعات لە كارەبا بێبەش دەبن، ئەوەش لە كاتێكدایە كەلە هاویندا پلەی گەرما لە عیراق نزیك دەبێتەوە لە 50 پلەی سیلیزی و لە هەندێك ناوچەش ئەو پلەیە تێدەپەڕێنێت.

سێ ساڵی پێدەچێت
هەرچەندە حكومەتی عیراق بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ چارەسەری كێشەی كەمیی كارەبا و لەو بارەیەشەوە هەندێك پڕۆژە لەئارادایە، دروستكردنی وێستگەی نوێی بەرهەمهێنانی كارەبا و پڕۆژەیەكی گەورە بۆ بەرهەمهێنان و دابینكردنی كارەبا لە وزەی تیشكی خۆرەوە، بەڵام ئەو پڕۆژانە لانیكەم سێ ساڵی دیكەیان پێدەچێت تا تەواو دەبن و دەگەنە ئەوەی بەشێك لە كێشەكە چارەسەر بكەن.
پرۆژەی بەستنەوەی كارەبای عیراق بە كارەبای توركیاوە، كە وەك بەرپرسان دەڵێن 20 ساڵە دواكەوتووە، هەوڵێكی حكومەتی عیراق بۆ كەمكردنەوەی كێشەكە، چونكە بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیەش كێشەی كەمیی كارەبا لە عیراق بنبڕ نابێت، هەرچەندە پڕۆژەكە بە كوالێتییەكی بەرز جێبەجێ كراوە و بۆ گواستنەوەی كارەبا بە درێژیی 115 كیلۆمەتر هێڵی نوێ و ئاستبەرز بەكارهێنراوە. لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەكە گرنگیی تایبەتی هەیە، بە كارپێكردنی لە 300 مێگاوات كارەبا لە توركیاوە دەگات بە پارێزگاكانی نەینەوا و سەلاحەدین و كەركوك، ئەوەش قورسایی لەسەر شارەكانی دیكەی عیراق كەم دەكاتەوە.
بەستنەوەی كارەبای 
محەمەد شیاع ئەلسودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەبارەی پرۆژەی بەستنەوەی كارەبای عیراق بە توركیاوە رایگەیاند: بەستنەوەی كارەبای عیراق بە كارەبای توركیا پرۆژەیەكی گرنگە، لەبەرئەوەی سەرەتا دەبەسترێتەوە بە توركیاوە و لە رێی توركیاشەوە دەبەسترێتەوە بە ئەوروپاوە، ئەوەش هەنگاوێكی ستراتیجییە بۆ داهاتووی عیراق لە بواری وزەدا، هەروەها بەشێكە لە پلانی حكومەت بۆ بەستنەوەی كارەبای عیراق بە وڵاتانی دراوسێوە.
سەرۆك وەزیران ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دوای بەستنەوەی كارەبای عیراق بە توركیاوە، تا كۆتایی 2024 بەستنەوەی كارەبای عیراق بە وڵاتانی كەنداویشەوە تەواو دەبێت و بەوەش عیراق بە تەواوی دەبێتە بەشێك لە سیستمی دابەشكردنی كارەبا لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ئەو كاتیش عیراق سەرچاوەی جیاجیای كارەبای دەبێت، تا لە كاتی دروستبوونی لۆد لەسەر كارەبا بەكاریان بهێنێت.

سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر
یەكێك لەو پرۆژە ستراتیجییانەی عیراق بە نیازە جێبەجێی بكات و دەستیشی پێكردووە، پرۆژەی دامەزراندنی سۆلارە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر، بە تایبەت كە عیراق یەكێكە لەو وڵاتانەی رێژەی هەتاو تیایدا زۆر بەرزە. ساڵی 2023 عیراق رایگەیاند، پرۆژەیەك جێبەجێ دەكات لە توانایدا هەبێت هەزار مێگاوات كارەبا لە تیشكی خۆر بەرهەم بهێنێت، بەرپرسانی عیراق جەختیان لەسەر ئەوەش كردەوە، كە ئەو پرۆژەیە بەشێكە لە هەوڵەكانی عیراق بۆ پەرەپێدانی وزەی نوێبووەوە.
لە پاڵ ئەوەدا عیراق هەر لە ساڵی رابردوودا بڕیاریدا گرنگیی تەواو بدات بە پرۆژەكانی تایبەت غازی سروشتی و لەو چوارچێوەیەشدا وەبەرهێنان دەكات، یەكێك لە پرۆژەكانی كە لەو چوارچێوەیەدا جێبەجێی دەكات وەبەرهێنانە لە كێڵگەكانی ناسریە بۆ بەرهەمهێنانی بڕی 200 ملیۆن پێ سێجا لە غازی سروشتی و هەروەها وەبەرهێنان لە پرۆژەی غازی پارێزگای میسان بۆ بەرهەمهێنانی بڕی 300 ملیۆن پێ سێجا لە غازی سروشتی. بەرپرسانی عیراق هەر ئەو كات جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە، كە بەشێكی زۆر لەو غازەی بڕیارە لە چەند ساڵی داهاتوودا بەرهم بهێنرێت، تەرخان دەكرێت بۆ ویستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، بەڵام ماوەی تەواوبوونی پرۆژەكان سێ ساڵە و بەو پێیەش تا سێ ساڵی تر سوودێكی نابێت بۆ زیادكردنی بەرهەمی كارەبا، ئەویش ئەگەر پرۆژەكان لە وادەی دیاریكراوی خۆیاندا تەواو بكرێن.

ژمارەی دانیشتوان و هەڵكشانی خواست
لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانەشدا عیراق تا ئێستا نەیتوانیوە كێشەی كەمیی كارەبا بنبڕ بكات و لەوە ناچێ بەم زووانەش چارەسەر بكرێت، بە تایبەتی كە ژمارەی دانیشتوانی عیراق ساڵ بە ساڵ لە زیادبووندایە و ئامارەكان ئەوە پیشان دەدەن، كە گەشەی دانیشتوان لە عیراق ساڵانە %2.5، واتە ساڵانە نزیكەی یەك ملیۆن كەس لە عیراق لەدایك دەبێت، ئەمەش بەو واتایە دێت كە ساڵانە بەكاربەری كارەبا زیاد دەكات و پلانەكانی حكومەتیش بۆ زیادكردنی بڕی كارەبای بەرهەمهاتوو تا ئێستا لە ئاستی پێویست نزیك نەبۆتەوە.

سەرچاوە: پێگەی ئەلتاقە، ئاژانیس هەواڵی عیراق، پێگەی وەزارەتی كارەبای عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان