قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق کۆبۆوە

04:47 - 2024-08-05
جیهان
153 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی شەنگال و دۆخی ئەمنی عیراق و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

 لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو و دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوو، گفتوگۆکرا لە بارەی دۆخی شەنگال و هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیرکردنی ئەو ناوچەیە تا ئاوارەکان بتوانن بەبێ ترس و دڵەڕاوكێ بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت خەڵکی دەڤەرەکە بەشداربکرێن لە ئاساییکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەی خۆیان و بە پێویستیشی زانی رێکەوتنێکی گشتگیر  بکرێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و دڵنیاکردنەوەی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوەیان. 
روونیشیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پەلەکردن لە چارەسەرکردنی کێشەی شەنگال بە شێوەیەک که لە بەرژەوەندی خەڵکی دەڤەرەکەدا بێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە، هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم و هەموو لایەنە عیراقییەکان بە هەستیارییەکی زیاترەوە مامەڵە بکەن و پێکەوە کار بکەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عیراق و هەرێمی کوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان