د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
سیستمی کولتووری (النسق الثقافي)، Cultural System، لە رەخنەی رۆشنبیریدا، یەکێکە لە رەگەزە سەرەکییەکانی نێو ئەو چەشنە رەخنەیە کە رەخنەگری عەرەب (د.عەبدوڵڵا غوزامی) لە کتێبی (رەخنەی رۆشنبیریی -خوێندنەوەیەک بۆ سیستمی کولتووری عەرەبیی) پەرەی پێداوە، غوزامی لە بنەڕەتدا ئەم زاراوەیەی لە رەخنەگری ئەمریکی (ڤینسینت لیچ) وەرگرتووە کە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا رەخنەی رۆشنبیریی پەرەپێداوە و ناوی ناوە «رەخنەی رۆشنبیریی پاش بونیادگەریی» کە لە فۆرم و خۆبەستنەوە بە یەک میتۆد و سنووردار کردنی رەخنەی ئەدەبی، دەردەچێت.
پێویستە رەخنەگر بەدوای ئەو سیستمە کولتوورییانەدا بگەرێت و مانا شاراوەکانی تێکست ئاشکرا بکات، نەک تەنها لە ئاستی ئیستاتیکی و رەوانبێژیی دەقدا بمێنێتەوە
سیستمی کولتووری بەو مانایەی لەم زاراوەیە و لە رەخنەی رۆشنبیرییدا بەکاردەهێنرێت، جیاوازە لە مانای سیستم لەلای فردیناند دی سۆسێر کە بەمانای «بونیاد» دێت، دی سۆسێر نموونەی یاریی شەترەنج دەهێنێتەوە کە چۆن هەموو رەگەزەکان پەیوەستن بەیەکەوە و بونیادێک کۆیان دەکاتەوە، ئەو بونیادە ناو دەنێت سیستم. بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئەم سیستم و بونیادەی دی سۆسێر پەیوەندیی بە سیستمی رۆشنبیریی رەخنەی رۆشنبیرییەوە هەیە، بەوپێیەی تێکستی ئەدەبی بونیادێکی یەکگرتووە و رەگەزەکانی تێکست لە نێو ئەو بونیادەدا کۆبوونەتەوە، رۆشنبیریی یان کولتوور یەکێکە لە رەگەزە سەرەکییەکانی نێو ئەو بونیادە، ڤینسینت لیچ ناوی دەنێت سیستمی کولتووری، عەبدوڵڵا غوزامی لەنێو تێکستی عەرەبیدا بەدوای ئەو سیستمە کولتوورییانەدا دەگەڕێت کە پێی وایە بە دوو شێوە بوونیان هەیە: 1_سیستمی کولتوریی دیار،
2_ سیستمی کولتووریی شاراوە.
هەموو گوتارێکی ئەدەبی و هەموو تێکستێک هەڵگری دوو سیستمی کولتوورییە، یەکێکیان دیار و ئاشکرایە و ئەوی دیکەیان شاراوە و پەنهانە، سیستمە دیارەکە بریتییە لە لایەنی ئیستاتیکی و هونەرەکانی رەوانبێژیی و زمان، بەڵام سیستمە شاراوەکە بریتییە لە کۆی ئەو کولتوور و رۆشنبیرییەی لەنێو تێکستدا پەنهانە و لەراستیدا ئەوە (ئاگایی کۆ) و (نائاگایی کۆ)ی هەر نەتەوە و هەر کۆمەڵگەیەکە، واتە مانا و هێماکانی کولتوور لەژێر پەردەی ئیستاتیک و لەنێو ماسکی زمان و رەوانبێژیدا حەشار دراون، پێویستە رەخنەگر بەدوای ئەو سیستمە کولتوورییانەدا بگەڕێت و مانا شاراوەکانی تێکست ئاشکرا بکات، نەک تەنها لە ئاستی ئیستاتیکی و رەوانبێژیی دەقدا بمێنێتەوە.
سیستمی کولتووریی سیستمێکی مێژوویی و جێگیر و ریشەدارە کە جەماوەری ئەدەبی یان خوێنەرانی ئەو چەشنە گوتارە بە لێشاو بەرەو ئەو تێکستە دەڕۆن، بۆ نموونە لە ئەدەبی کوردیدا بۆچی لە سەردەمێکدا بەلێشاو حاجی قادر و پیرەمێرد و بێکەس دەخوێنرانەوە، لە سەردەمێکی دیکەدا هێمن و پەشێو و هەڵمەت و دواتر شێرکۆ بێکەس و بەختیار عەلی دەخوێنرێنەوە؟ ئەو سیستمە کولتوورییە شاراوەیە چییە کە لە تێکستەکانی ئەو نووسەرانەدا پەنهانە و وای لە جەماوەر کردووە بە پەرۆشەوە روو لەوان بکەن؟ ئایا هۆکارەکەی تەنیا لایەنی زمان و ئیستاتیکی و رەوانبێژییە؟ یان ئەو سیستمە کولتوورییەشە کە لەنێو تێکستدا شاراوەیە؟
عەبدوڵڵا غوزامی لە تێکستەکانی موتەنەبی و ئەبوتەمامدا بەدوای سیستمی کولتووری «النسق الثقافي»دا دەگەڕێت و چۆن «شیعری ستایش» جۆرێکە لە ریایی و فریودان بۆ پارە و دەستکەوت، لە سەردەمێکدا زۆربەی شاعیرانی دەربار بەهۆی شیعری ستایشەوە دەژیان و دەوڵەمەند دەبوون. واتە لەمیانی رەوانبێژی و لایەنی ئیستاتیکی و زمانی ئەو شیعرانەوە، سیستمە کولتوورییەکە کەشف دەکات کە دواجار شیعری ستایش بریتییە لە شیعری ریایی.
رەخنەی رۆشنبیریی هەوڵ دەدات لە رێگەی سیستمی کولتووریی شاراوەوە «سەنتەربوونی تێکست» بشکێنێت و سیستمە رۆشنبیرییەکان ئاشکرا بکات.