مزگەوتی دوو منارە

10:00 - 2024-09-03
کەلتور
78 جار خوێندراوەتەوە

یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری سەقز کە سەرنجی هەر گەشتیارێک بۆلای خۆی رادەکێشێت و بە تەرزی بیناسازییە کۆن و جیاواز و دەگمەنەکەی ناسراوە، مزگەوتی دوو منارەی شاری سەقزە. 
مزگەوتی دوو منارەی سەقز بەهۆی ئەوەی دوو منارەی خۆرهەڵات و خۆرئاوای هەیە، هەر لەمێژە بە مزگەوتی دوو منارە ناوبانگی دەركردووە.
هەركەسێك كە دەچێتە سەردانی سەقز، لە یەكەم بینیندا ئەو مزگەوتە سەرنجی بۆ لای خۆی رادەكێشێت.
تائێستا بە روونی دیار نییە کە ئاخۆ مزگەوتەکە لە چ سەردەمێکدا دروستکراوە، بەڵام بە زۆری باس لەوە دەکرێت کە لە کۆتایی سەردەمی ئەفشارییەکان و سەرەتای زەندییەکاندا لەلایەن شێخ حەسەن مەولاناواوە دروستکراوە. ئەفشارییەکان لە 1736 بۆ 1796دا لە ئێراندا حوکمڕانیان کردووە. باس لەوەش دەکرێت کە نادر شای ئەفشار چەند دیارییەکی بۆ شێخ حەسەن مەولاناوا ناردووە. شێخ حەسەن وەک بنیاتنەری ئەو مزگەوتە ناسراوە و زانایەکی سەردەمی خۆی بووە. 
ئەو جگە لەوەی زانایەکی ئایینی بووە، لە بواری فەلەکناسیشدا زۆر بەتوانا بووە و رۆژژمێری تایبەتی بە خۆی هەبووە. هەروەها قورئانێکی دەستنووسی هەیە لە مەولاناوا دانراوە.
مزگەوتەکە بە رووبەری 500 مەتر دووجا بنیاتنراوە و لە ساڵی 2001دا لەلایەن رێکخراوی میراتی کەلتوریی ئێرانەوە بە ژمارە 2600 وەک یەکێک لە شوێنەوارە نەتەوەیی و مێژووییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان