لە کوردستانی نوێ-وە بۆ بەرچاوی لێپرسراوان

کێشە و داواکاریی هاووڵاتیان

09:39 - 2024-09-05
کوردستان
153 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.

ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا

 

مزگەوتەکەی رێگەی بازەگیر

 لەسەر رێگەی گوندی بازەگیر، بەڕووبەری 1100 مەتر چوارگۆشە خێرخوازان مزگەوتێكیان دروستكردووە، بە ناوی مزگەوتی پێشمەرگە و هۆڵی شەهیدان کە هاووڵاتیانی تەواوی ناوچەی سیرەمێرگ و گوندەكانی دەوروبەری سوودی لێدەبینن.
تایەر سیرەمێرگی وتی: داوا لە شارەوانی سیتەك دەكەین چواردەوری مزگەوتەكەمان بۆ قیرتاو بكات كە خۆڵە، بە زستان دەبێت بە قوڕ و چڵپاو و هاوینانیش دەبێت بە تەپوتۆز.
وتیشی: داوا لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی دەکەین كەسێك دابمەزرێنێت بۆ خزمەتكردن و چاودێریكردنی مزگەوتەكە و بیرێكیشمان بۆ هەڵبكەنن.

 

پاك رانەگرتنی ژینگە

لەگەڵ ئەوەی لەسەر پاراستنی ژینگە و پاك راگرتنی چەندین رێنمایی و نووسین و وۆرك شۆپ و سیمینار بەڕێوەدەچێت، هەڵمەتی هۆشیاریی لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە بڵاودەکرێتەوە، بەڵام هێشتا هاووڵاتیان وەک پێویست ژینگە ناپارێزن و پاشماوەکانیان لە ناوچە گەشتیارییەکاندا بەجێدەهێڵن، یاخود لە جامی ئۆتۆمبێلەکانیانەوە فڕێی دەدەنە دەرەوە، ئیتر دۆخەکە پێویستی بە ئیجرائاتی توندە و پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرس سزای پیسکردنی ژینگە توند بکات و جێبەجێی بکات، بۆ ئەوەی هەموان ناچار بکرێن بە پاراستنی ژینگە.

پێوستە سزای پیسکردنی ژینگە توند بکرێت

 

دانیشتوانی هەڵەبجە داواکارییان هەیە

گەڕەكەكانی (كیمیابارانی/2 ، سەروەرانی/2 و حەسەناوا) سێ گەڕەكی دەروازەی شاری هەڵەبجەن و 1600 ماڵی تێدا نیشتەجێیە، بەڵام بێ خزمەتگوزارییە.
فریاد فەرید موختاری گەڕەكەكانی دەروازەی شار وتی: ئەو سێ گەڕەكە 8000 كەسی تێدا نیشتەجێیە، لە شەقامی سەرەكییەوە 10 كۆڵانمان هەیە تەنیا دوو كۆڵانی قیرتاوكراون ئەوی تری خۆڵە.
وتیشی: لە سنووری ئەو گەڕەکانە تەنها یەک قوتابخانەمان هەبوو لەساڵی 2014ەوە روخاندویانە بەناوی نۆژەنکردنەوە و تائێستا نەکراوە، سەوزایی لە ناوچەکەمان زۆر کەمە و دووجار داوامان كردووە شارەوانی بۆی نەكردوین، چەندین كەسیشمان هەیە كە بەركەوتەی چەکی كیمیاییە و پێویستیان بەچارەسەرە.

 

دەربەندیخان داوای خزمەتگوزاری دەکات

دەربەندیخان قەزایەکی 60 هەزار کەسییە و پێویستی بە خزمەتگوزارییە.
ئومێد حسامەدین نوێنەری موختارەكانی دەربەندیخان وتی: ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان شیاوی خواردنەوە نییە و هاووڵاتیان بە ناچاری دەیخۆنەوە، شەقامی سەرەكی دەربەندیخان زەڕایەن لە ساڵی 2003وە فەرمانی دوو سایدكردنی دەرچووە تائێستا 30% كارەكانی تەواوبووە، شەقام و كۆڵانەكانی ناوشار زیاتر لە 15 ساڵە نۆژەن نەكراونەتەوە، گەڕەكە تازەکانی راپەڕین، گوڵان، كانی سارد وەك پێویست خزمەتگوزارییان بۆ نەكراوە.
وتیشی: نەخۆشخانەكەمان زۆر كۆنە و پێویستی بە نۆژەنكردنەوەیە، كەمی دەرمان و كارمەندی پزیشكی پسپۆڕ نەخۆشخانەكەی مراندووە، تائێستا ساحەی تارتانمان نییە ئەگەرچی تیپی زۆر باشمان هەیە، سەعاتەکانی كارەبای نیشتمانی زۆر كەمە  لەچاو ئەوەی لێرەوە كارەبا دەدرێت بە شارەكان، لە بواری گەشتوگوزاریش ئاوڕمان لێنەدراوەتەوە بەهیوای چارەسەرکردنی كێشە كەڵەكەبووەكانمان.

 

سەیدسادق خزمەتگوزاری دەوێت

قەزای سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانییە و نزیكەی 30 هەزار ماڵی تێدایە.
فەخرەدین عومەر دانیشتووی قەزاکە وتی: سەیدسادق بەگشتی رێگەوبانەكانی خراپن و تەواوی كۆڵانەكانی پێویستیان بە قیرتاوكردنە، بۆری سەرەكی گواستنەوەی ئاوی ماڵان زۆر كۆنە لە زۆر شوێندا رزیوە و پێویستی بە نۆژەنكردنەوەیە، قەزاکە تائێستا پاركێكی جوانی تێدانییە، هاووڵاتیان سەردانی بكەن.
وتیشی: قوتابخانەكانمان بەگشتی پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە، خوێندكاری زانكۆشمان زۆرە بیر لە دروستكردنی زانكۆیەك نەكراوەتەوە بۆ ئەم قەزایە، هەروەها باخچەی ساوایان و دایەنگەشمان زۆر كەمە، پێویستی زۆرمان بە نەخۆشخانەیەكی منداڵبوونە.
ئاماژەی بەوەکرد، قەزاكە بەپایتەختی وەرزشی ناسراوە، بەڵام تائێستا گۆڕەپانێكی گونجاو مان نییە، سەوزاییشمان زۆر كەمە، گەورەترین كێشەی قەزاكە ئەو خۆڵ و خاشاكەیە كە رۆژانە ژینگەپارێزەكان كۆی دەكەنەوە و دووریدەخەنەوە لە سەنتەری شار، بەڵام شوێنی فڕێدانەکەی نزیكە لە قەزاكەوە بۆنەکەی بێزارکەرە و سەرچاوەیەكیشە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.

 

گوندی میراوای ماوەت بێبەشە

گوندی میراوا سەر بە قەزای ماوەتە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە 75 ماڵی تێدایە.
دانیشتوویەكی گوندەكە وتی: گوندەکە ئاوێکی زۆری هەیە و پێویستی بە بەنداوێکە بۆ گلدانەوە، گەورەترین كێشەمان شەقامی سەرەكیی گوندی میراوایە كە لە كێلێوە دەستپێدەكات تا دەگاتە سەراو هەمووی 12 كیلۆمەترە، بەقیرتاوكردنی ئەم شەقامە سەرەكییە گوندەكانی ئامادین، چناران، میراوا و دارەبەن بەیەكەوە دەبەستێتەوە، رێگە خۆشكەریشە بۆ بەستنەوەی بە گوندەكانی تری دەوروبەر.
وتیشی: پێویستە حكومەت هاوكاری خەڵك بكات بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان، وەزارەتی کشتوکاڵ هاوکارمان نییە، هەروەها زۆر شوێنی ناوچەکە هێشتا مینڕێژە، پرۆژەی ئاوی گوندەكە لەسەر ئەرکی خۆمان دروستکراوە و ئێستا پێویستی بە گەورەکردنە، هەروەها سێ پردمان لە سنووری گوندەکەمان دروستکردووە و لەسەری قەرزارین داواکارین حکومەت قەرزەکەمان بۆبداتەوە، هەروەها قوتابخانە و نەخۆشخانەمان نییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان