پەرلەمانتارێكی یەكێتی داوای تەرخانكردنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی كورد لە حكومەتی فیدراڵ دەكات

01:10 - 2024-09-05
کوردستان
116 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا
دوای ئەوەی لە هەرێمی كوردستان بڕیاری دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان درا، ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، لە نووسراوێكدا بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ داوادەكات فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوانەی راژەیان سەر بە بەغدایە، لە وەرگرتنی زەوی بێبەش نەكرێن.
بەدریە حسێن ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەگوێرەی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، تەنیا ئەو فەرمانبەرانە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەنددەبن، كە سەر بە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمن، بەمەش ئەوانەی سەر بەحكومەتی فیدراڵن و دانیشتووی هەرێمی كوردستانن لەو مافە بێبەشدەكرێن. وتیشی: بۆ دەستەبەركردنی ئەو مافە بۆ كارمەندانی پاسەوانی سنوور و پاسپۆرت و فەرمانبەرانی گومرگ و هەموو ئەوانەی سەر بە حكومەتی فیدراڵن‌ و خەڵكی كوردستانن، نووسراوێكمان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كرد، تاكو لەرێگای حكومەتی هەرێمەوە ئەو مافەیان بۆ بگەڕێتەوە‌ و لە سنووری شارەوانییەكانی خۆیان پارچەیەك زەوییان پێبدرێت.
راشیگەیاند: خۆشبەختانە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە وەڵامی داواكارییەكەی ئێمە بە نووسراوێكی رەسمی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی كاری پێویست و بەدواداچوون.
ئاماژەی بەوەشكردووە كە پێدانی زەوی بە فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی هەرێم و بێبەشكردنی فەرمانبەرێكی تر تەنیا لەبەرئەوەی لەسەر حكومەتی فیدراڵە، نادادپەروەرییە و پێویستە سەرجەم خەڵكی كوردستان بەبێ جیاوازی ئەو مافەیان پێبدرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان