سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی ی.ن.ك، بەیاوەریی رێباز بێركۆتی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، دوێنێ سەردانی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوكی كرد.
لە سەردانەكەدا، سەعدی پیرە، وێڕای پیرۆزبایی لە پارێزگار، پاڵپشتی بۆ حكومەتی خۆجێیی كەركوك دەربڕی بەئامانجی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و بەرەوپێشبردنی پێكەوەژیان لەنێوان سەرجەم پێكهاتەكاندا.
دوای كۆبوونەوەكەش، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وتەبێژی یەكێتی، رایگەیاند: هەموو پێكهاتەكان پێكەوە دەتوانن زیاتر خزمەتی كەركوك بكەن، وەك یەكێتی-ش كە هێزی یەكەمی شارەكەیە، هەست بە بەرپرسیارێتی زیاتر دەكات و لەڕێگەی پارێزگارەوە، كە یەكێتییە، ئەو مەشخەڵەی هەڵگرتووە، هەر لایەنێكیش هەوڵی نانەوەی دووبەرەكی بدات لە شارەكەدا، جێی قبووڵكردن نییە. وتیشی: «كەركوكییەكان باشترین كەسیان بۆ پارێزگار هەڵبژاردووە، رێبوار تەها هیچ كاتێك كەركوكی جێنەهێشتووە و لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ كەركوك و كەركوكییەكاندا بووە».