ئەمساڵ 42162 نەخۆش خزمەتگوزارییان پێشكەش كراوە

چارەسەری سروشتی، پێویستییەكی سەردەم

10:22 - 2024-09-08
ڕاپۆرت
364 جار خوێندراوەتەوە
ناوەندە تەندروستییەكان پێویستیان بە ژمارەیەكی زۆرتری چارەسەرکاری سروشتییە

بەدواداچوونی: ئەرشەد تەحسین

كەرتی تەندروستی چەندین لق و بەشی جیاواز لەخۆ دەگرێت، پێكەوە خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش دەكەن، بەشی چارەسەری سروشتی یەكێكە لەوبەشە گرنگانەی ناوەندی تەندروستی، بووەتە پێویستییەكی هەنوكەیی و توانیویەتی جێی خۆی بكاتەوە لەناوەندە تەندروستییەكاندا، لەبەر گرنگی و بایەخی لەساڵی 1996 دا رێكخراوی یەكێتی چارەسەركارانی سروشتیی جیهان رۆژی هەشتی ئەیلولی هەموو ساڵێكی بە رۆژی جیهانیی چارەسەركارانی سروشتی هەژماركردووە.

چارەسەری سروشتی و سوودەکانی
چارەسەری  سروشتی جۆرێكە لە خزمەتگوزاری پزیشكیی لەپێناو گەڕاندنەوەی تەندروستی باش بۆ هاووڵاتیان لەڕێی گەشەكردن و بەهێزكردنی ماسولكە و كۆئەندامی دەمار و ئێسك بە بەكارهێنانی وەرزش و راهێنانی نەخۆش و توندوتۆڵكردنی توانا جەستەیی و دەروونییەكان و بەهێزكردنی ئەندامانی جەستەی مرۆڤەكە و باشتركردنی نەریتی ژیان هەوڵدەدات ژیانی مرۆڤ بەرەو باشتر بەرێت.
چارەسەری سروشتی بەوپێیەی چارەسەركردنە بەبێ دەرمان و نەشتەرگەریی، چەندین سوودی هەیە، لەوانە كەمكردنەوە و نەهێشتنی ئازار، بەتایبەت دوابەدوای بەركەوتنی زەبری دەرەكی و تێكشكانی ئەندامەكان لەناوەوەی جەستەدا، هەروەها یارمەتی زوو باشبوونەوەی برین دەدات دوای سووتاوی و نەشتەرگەریی و بڕینی جەستە بە هۆكارە جۆراوجۆرەكان، یارمەتی جوڵە دەدات لە پەلەكان و جومگەكاندا پاش شكاوی و بوونی جەڵتە و مانەوەی نەخۆش لە بارێكی دیاریكراودا بۆ ماوەیەكی زۆر و مانەوەی لەسەر جێگا بە هەر هۆكارێك بێت، ئەمانە هۆكار و یارمەتیدەرن بۆ گەڕاندنەوەی نەخۆش بۆ باری ئاسایی خۆی و بەردەوامیدانی بەپرۆسەی ژیانكردن.

مێژووی چارەسەری سروشتی
بەوپێیەی لە کۆنەوە مرۆڤ بەركەوتەی لەگەڵ ژینگەدا هەبووە، لێكەوتەی ئازار و نەخۆشی بۆ دروست كردووە، ئەوكاتیش پێشكەوتنە فراوانەكانی بواری پزیشكی و پیشەسازی و تەكنەلۆژیا لەئارادا نەبوون، مرۆڤ ناچاربووە بۆ ساڕێژی زام و كەمكردنەوەی ئازارەكانی پەنا بۆ چارەسەری سروشتی بەرێت، بۆیە مێژوویەكی دروست لەبەردەستدا نییە كە وەك سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی چارەسەری سروشتی هەژماری بكەین.
سەرباری ئەوەی لە كۆمەڵگەی كوردیدا حەكیم و زانا و كەسانی شارەزای میللی زۆربوون بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتە تەندروستییەكان لە كۆمەڵگەدا و توانیبوویان بە بەكارهێنانی چارەسەری سروشتی و كوردەواری ئێش و ئازاری نەخۆشان كەمبكەنەوە، لەساڵی 1977ز دا دوو خوێندكاری شاری سلێمانی بەشی چارەسەری سروشتی لە پەیمانگای تەندروستی باڵا لە شاری بەغداد تەواو دەكەن و دەگەڕێنەوە بۆ خزمەتکردن لەو بوارەدا.
هەر لە سلێمانی و ساڵی 1995ز لەلایەن رێكخراوی ئەكۆڕنەوە خولێكی فراوان لە سەنتەری راهێنانی منداڵان دەكرێتەوە و ژمارەیەك لەكارمەندانی تەندروستی راهێنانیان پێدەكرێت و بەشێوەی زانستیی بە چارەسەری سروشتی ئاشنادەكرێن و دواتر لەم بوارەدا خزمەتێكی بەرفراوان پێشكەش دەكەن.
ساڵی 1999 لە پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی بەشی چارەسەری سروشتی دەكرێتەوە و ساڵانە  ژمارەیەكی زۆر خوێندكار ئەم بەشە تەواو دەكەن و دەبنە هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم و خزمەت دەكەن لە ناوەندە تەندروستییەكاندا، ئەم بەشە لە پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی تا ساڵی 2016 بەردەوام دەبێت.

 

لێپرسراوی هۆبەی چارەسەری سروشتی بۆکوردستانی نوێ :
 لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی نزیكەی 35 بەشی چارەسەری سروشتی هەیە و رۆژانە 300 كارمەند خزمەتگوزاری پێشكەش دەكەن

 

چارەسەری سروشتی لە ئەمڕۆدا
لە روانگەی بایەخ و گرنگی چارەسەری سروشتی، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیدا نزیكەی 35 بەش لە نەخۆشخانە، مەڵبەند، سەنتەر و ناوەندە تەندروستییەكاندا بوونیان هەیە و رۆژانە نزیكەی 300 كارمەند خزمەتگوزاری چارەسەری سروشتی پێشكەش بە نەخۆشان دەكەن، بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەم شوێنانەش لەناو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیدا هۆبەیەكی تایبەت بەم بەشە كراوەتەوە، فاروق عومەر لێپرسراوی هۆبەی چارەسەری سروشتی لەناو بەڕێوەبەرایەتییەكە دەڵێت: لە 1/1/2024 تا 1/8/2024 لەو شوێنانەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانین 42162 نەخۆش خزمەتگوزاری چارەسەری سروشتییان پێشكەش كراوە، لەو ژمارەیەش 14215 كەسیان لە رەگەزی نێر و 24351 كەسیان لە رەگەزی مێ و 3596 كەسیشیان منداڵن.
وتیشی: ئەم نەخۆشانە لەڕێی چارەسەركرن بەدەست یان لەڕێی وەرزش و ئامێری تایبەتمەند، یان لەڕێی چارەسەر بەئاو چارەسەر كراون و رێنمایی پێویستیشیان پێدراوە لەماڵەوە درێژە بە چارەسەرەكەیان بدەن.

كارمەندی پێویست و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی
فاروق عومەر ئاماژەی بەوەدا: لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەیاندا 35 شوێن هەیە و نزیكەی 300 كارمەند خزمەت دەكەن، ئەم ژمارەیە زۆر كەمە و لەئاست پێویستدا نییە، ناوەندە تەندروستییەكان پێویستیان بە ژمارەیەكی زۆرترە، سەرباری ئەوەی 25 كارمەندی خۆبەخشیان هەیە، بەڵام 100 كارمەندیشیان دانەمەزراون و پاش ساڵانێك تەواوكردنی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە چاوەڕوانی دامەزراندنن، بە دامەزراندنیشیان كەلێنێك لەم بەشە پڕدەكەنەوە.
لێپرسراوی هۆبەی چارەسەری سروشتی دەڵێت: سەرجەم كارمەندانی لەناوەندە تەندروستییەكاندا خزمەت دەكەن هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن و بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان پێویستیان بەوەیە ئاستی زانستییان بەرزبكرێتەوە، ئەوەش بەكردنەوەی بەشی چارەسەری سروشتی لەزانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان بۆئەوەی كارمەندانی ئەم بەشە بتوانن دووبارە بخوێننەوە و بڕوانامەی بەرزتر بەدەست بهێنن، هەروەها خوێندكاری نوێ بەبڕوانامەی بەرزترەوە بخرێنە ناوەندە تەندروستییەكانەوە و گوڕوتینێكی نوێ بە ئاڕاستەی خزمەتكردنی زیاتر بخەنە خزمەت هاووڵاتیانەوە.
وتیشی: تاكە بەشی چارەسەری سروشتی لە پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی لەساڵی 2016ەوە داخراوە و چەندینجار هەوڵیانداوە لە زانكۆكان ئەم بەشە بكرێتەوە، بەڵام تائێستا هیچ ئاسۆیەكی روون بەو ئاڕاستەیە نییە، بەڵام ساڵی رابردوو بەشەکە لە زانكۆی تیشك كراوەتەوە و پاش چەند ساڵێكیتر دەرچووی نوێ بەرهەمدەهێنن.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان