راپۆرتی/ئیدریس جه‌بار
ئاو له‌ئێستادا وه‌ك كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی نێوان وڵاتان لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت، كه ره‌نگه له داهاتوودا كێشمه‌كێش و ململانێی لێبكه‌وێته‌وه، گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی چاره‌سه‌ری بۆ نه‌دۆزرێته‌وه، سه‌باره‌ت به توركیاش به بۆچوونی شاره‌زایان و چاودێران، ئاو وه‌ك چه‌كێك له دژی عیراق به‌كارده‌هێنێت، به وته‌ی یه‌كێك له چاودێرانیش، ئاو چه‌كێكی نائاكارییه و به‌رامبه‌ر به وڵاتان به‌كارده‌هێنرێت.
فەرید ئەسەسەرد: ناوچه‌كه له‌ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تووشی قه‌یرانی ئاو بووه، وڵاتانی عه‌ره‌ب هه‌موویان ئه‌و كێشه‌یه‌یان هه‌یه، له میسره‌وه بگره تا ده‌گاته عیراق، ئه‌وه‌ی میسر ره‌نگه دژوارتریش بێت
عەدنان سەڕاج: قه‌یرانی ئاو قه‌یرانێكی راسته‌قینه‌یه، هه‌موو وڵاتانی جیهان به‌ده‌ست ئه‌و قه‌یرانه‌وه گیرۆده‌ن، به‌ڵام له‌نێوان عیراق و توركیادا ده‌كرێت چاره‌سه‌ری هه‌مه‌جۆری بۆ دابنرێت و كۆتایی پێبهێنرێت
به‌نداوه‌كانی سه‌ر دیجله و فورات
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، نوسه‌ر و شرۆڤه‌كاری سیاسی، له‌باره‌ی كێشه‌ی ئاو له ناوچه‌كه و هه‌ڵوێستی توركیا له‌و رووه‌وه، به (كوردستانی نوێ)ی راگه‌یاند: «كێشه‌ی ئاو نه‌ك له ئاینده‌دا به‌ڵكو له‌ئێستاوه ده‌ستیپێكردووه و كاریگه‌ریشی هه‌یه، هه‌موو جارێك كه توركیا به‌نداوه‌كان ده‌گرێته‌وه، تێكڕای باشووری عیراق تووشی كێشه ده‌بێت، چونكه ئه‌و ناوچانه ده‌شتایین و ئه‌و به‌رهه‌مه كشتوكاڵیانه‌ی تێیاندا ده‌چێنرێ پێویستیان به بڕێكی زۆری ئاو هه‌یه، به‌تایبه‌تی برنج، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌میشه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌نقه‌ره كێشه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه».
به وته‌ی فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: «توركیا تا ساڵانی شه‌ستی سه‌ده‌ی رابردوو، بیری له‌وه نه‌كردبووه‌وه سوود له ئاوی رووباره‌كانی وه‌ربگرێت، هیچ كێشه‌یه‌كی له‌و باره‌یه‌وه نه‌بوو، به‌ڵام له دوای ساڵانی شه‌ست، هه‌ندێك تێڕوانینی تازه په‌یدا بوون، بۆ به‌كارهێنانی ئاو وه‌كو چه‌كێكی سیاسی، یاخود وه‌كو ئامرازێك كه ده‌توانێت به‌شێك له ستراتیژی وڵاتان به‌دیبهێنێت، ئێستا توركیا له‌سه‌ر ئه‌م رێڕه‌وه رێده‌كات، له‌و ده‌مه‌ی به‌نداوی ئهتاتوركیشی دروستكردووه، ده‌رفه‌تی زۆری بۆ ره‌خساوه، تا بڕێكی زۆری ئاو گلبداته‌وه، هه‌روه‌ها له ته‌نیشت به‌نداوی ئه‌تاتوركه‌وه چه‌ندین به‌نداوی بچوكتری دروست كرد، بۆ نموونه ده‌توانین بڵێین ئه‌گه‌ر توركیا مه‌به‌ستی بێت ده‌توانێت نه‌هێڵێت یه‌ك دڵۆپه ئاو له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا بۆ سوریا و عیراق بێت، چونكه ئه‌وه‌نده به‌نداوی دروستكردووه و ئه‌وه‌نده پرۆژه‌ی كشتوكاڵی هێناوهتهبهرههم كه ده‌توانێت ئه‌و كاره بكات».
ئاو به‌ارمبه‌ر به نه‌وت
به بۆچوونی ئه‌و نوسه‌ر و شرۆڤه‌كاره سیاسییه، «ئاو كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، هه‌م بۆ عیراق و هه‌م بۆ سوریا كه نازانین ئه‌نجامه‌كه‌ی به چی ده‌گات و چی به‌سه‌ر دێت، به‌ڵام من پێموایه توركه‌كان وابیرده‌كه‌نه‌وه و ده‌ڵێن ئێمه وڵاتێكین خودا ئاوی پێبه‌خشیوین، وڵاتانی عه‌ره‌بی وه‌ك عیراق و سعودیه و وڵاتانی كه‌نداو خودا ئاوی نه‌داونه‌تێ و نه‌وتی پێبه‌خشیون، ئێمه ده‌توانین ئه‌وه بگۆڕینه‌وه، ئه‌وان به‌وشێوه‌یه سه‌یری ده‌كه‌ن، به‌و مانایه‌ی وه‌ك چۆن نه‌وت درههێنرێت كه به‌رهه‌مێكی سروشتییه، پاشان ده‌فرۆشرێت و داهاتی ده‌بێت بۆ وڵاتان، ئه‌وان به‌و جۆره سه‌یری بابه‌ته‌كه ده‌كه‌ن كه ئاویش داهاتێكی سروشتییه و ده‌توانن بیفرۆشنه‌وه، ئه‌مه تێڕوانینی ستراتیژزانانی توركیایه، به‌ڵام ئاو وه‌كو نه‌وت نییه، ئاو هه‌موو رۆژێك مرۆڤ به‌كاریی ده‌هێنێت و بۆ ژیان زۆر پێویسته، به‌ڵام نه‌وت هه‌زاران ساڵ له‌ژێر زه‌ویدا بووه، مرۆڤایه‌تی دهرینههێناوه و سوودی لێوه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵام توانیویه‌تی بژی و شارستانی دروستبكات، بۆیه ئه‌و به‌راوردكردنه به‌راوردكردنێكی سیاسییه، زیاتر له‌وه‌ی واقیعی بێت، به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌تێكدا پێموایه، سوریا و عیراق له كۆتاییدا هه‌ر ده‌بێت له‌گه‌ڵ توركیادا بگه‌نه رێككه‌وتنێك، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش به دڵنیاییه‌وه به‌شێكی زۆری ئامانجه‌كانی توركیای لێ دێته‌دی، بۆ نموونه له‌م رێككه‌وتنه‌ی دواییدا كه له كاتی هاتنی ئه‌ردۆغان بۆ به‌غدا ئیمزاكرا، هه‌ندێكی په‌یوه‌ندی به ئاوه‌وه هه‌یه، ئاو به‌رامبه‌ر به شتێك، ئه‌وان به‌و شێوه‌یه رێككه‌وتوون، ئه‌و شتانه‌ش ره‌نگه خۆیان باسیان نه‌كردبێت، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه هه‌ر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر عیراق و سوریا ده‌بێت، سوریا له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا ره‌نگه زۆر كێشه‌ی نه‌بێت، چونكه په‌ره‌پێدان له سوریا وه‌ستاوه، به‌ڵام له كۆتاییدا كێشه‌كه هه‌ر دروست ده‌بێت، ناوچه‌كه له‌ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تووشی قه‌یرانی ئاو بووه، وڵاتانی عه‌ره‌ب هه‌موویان ئه‌و كێشه‌یه‌یان هه‌یه، له میسره‌وه بگره تا ده‌گاته عیراق، ئه‌وه‌ی میسر ره‌نگه دژوارتریش بێت، چونكه ئه‌ویش سه‌رچاوه‌كانی ئاوی نیل له ئه‌سیوپیا و كینیاوه هه‌ڵده‌قوڵێن، تائێستا ئه‌سیوپیا پێنج جار ئاوه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه كه وایكردووه ئاوی نیل به‌بڕێكی زۆر كه‌مببێته‌وه، به‌و پێیه‌ی ملیونه‌ها مه‌تر ئاوی سێجای بۆ وڵاته‌كه‌ی گلدایه‌وه بۆ پرۆژه‌كانی خۆی، له‌به‌ر ئه‌وه كێشه‌كه ده‌بێت ستراتیژزانانی ئه‌و وڵاتانه دانیشتنی له‌باره‌وه بكه‌ن و رێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكه‌ن، یاخود به‌رنامه‌یه‌كی بۆ دابنێن، چونكه ئه‌مه به لێدوانێك یاخود وتارێك چاره‌سه‌ر ناكرێت.
كێشه‌ی ئێستا و داهاتوو
هه‌روه‌ها روونیكردهوهو وتی: «ناتوانم بڵێم ئاو كێشه‌ی داهاتووه، چونكه كێشه‌ی ئێستایه، به‌ڵام بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وه‌ها باسمان ده‌كرد كه ئاو كێشه‌ی ئایندهی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێت، ئه‌م تێڕوانینه‌ش راست ده‌رچوو كه به دڵنیاییه‌وه كێشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه و ده‌بێت چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه».
چه‌كێكی نائاكاریی
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا عه‌دنان سه‌ڕاج، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری عیراقی بۆ گه‌شه‌پێدانی میدیایی، به (كوردستانی نوێ)ی راگه‌یاند: ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به قه‌یرانی ئاوه‌وه هه‌یه له عیراق، وه‌رزییه‌و له وه‌رزێكی ساڵدایه، عیراق به‌هۆی ئه‌و به‌نداوانه‌ی له‌سه‌ر هه‌ردوو رووباری دیجله و فورات دروستكراون له‌لایه‌ن توركیاوه تووشی قه‌یرانی ئاو بووه، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه توركیا له‌ڕێی ئه‌و به‌نداوانه‌وه بڕێكی زۆری ئاو گلده‌داته‌وه و ئاماده نییه هیچ رێككه‌وتنێك له‌و باره‌یه‌وه ئیمزا بكات له‌گه‌ڵ عیراق، جا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بێت، یان له‌سه‌ر ئاستی خۆجێی، له‌پێناو دیاریی كردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا سه‌باره‌ت به سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵقوڵانی رووباره‌كان.
قه‌یرانێكی راسته‌قینه‌یه
عه‌دنان سه‌ڕاج پێیوایه: «قه‌یرانی ئاو قه‌یرانێكی راسته‌قینه‌یه، هه‌موو وڵاتانی جیهان به‌ده‌ست ئه‌و قه‌یرانه‌وه گیرۆده‌ن، به‌ڵام له‌نێوان عیراق و توركیادا ده‌كرێت چاره‌سه‌ری هه‌مه‌جۆری بۆ دابنرێت و كۆتایی پێبهێنرێت و تێبپه‌ڕێنرێت، به‌ڵام توركیا پێداگره له‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌و جۆره قه‌یرانانه، تا وه‌كو كارتێكی فشار به‌كارییان بهێنێت، پێشتر به‌رپرسانی تورك له‌و باره‌یه‌وه قسه‌یان كردووه و وتوویانهیه، به‌رمیلێك ئاو له‌به‌رامبه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتدا، به‌و واتایه‌ی خواستێكی دیاریكراو هه‌یه به‌و ئاراسته‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌و رووه‌وه رێز له یاساكان و بڕیاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بگیرێت».
سه‌رۆكی سه‌نته‌ری عیراق بۆ گه‌شه‌پێدانی میدیایی ده‌ڵێت: «عیراق به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان هه‌وڵده‌دات ئه‌و كێشه‌یه تێبپه‌ڕێنێت، له‌ڕێی چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك، له‌و بڕوایه‌شدام كاركردن له‌و پرۆژانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی پراكیتكی ده‌ستیپێكراوه، بۆ وه‌به‌رهێنان له‌و ئاوه‌ی له وه‌رزی باران و لافاو و به‌ردانه‌وه‌ی رێژه‌ی ئاوی به‌نداوه‌كان روو له وڵات ده‌كه‌ن».
سوودوه‌رگرتن له‌ئاو لافاوه‌كان
سه‌باره‌ت به‌و به‌نداوانه‌ش كه دروستده‌كرێن له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كان، عه‌دنان سه‌ڕاج رایگه‌یاند: «هه‌وڵده‌درێت ئه‌و ئاوه‌ی له‌شێوه‌ی لافاودا له وڵاتانی دراوسێ و به تایبه‌ت له ئێرانه‌وه روو له وڵات ده‌كه‌ن له به‌نداوه‌كاندا گلبدرێته‌وه، له هه‌رێمی كوردستانیش چه‌ندان پرۆژه هه‌ن بۆ دروستكردنی خه‌زێنه‌كانی ئاو، تا لێوه‌ی سوود له ئاوی باران و ئاوی ئه‌و لافاوانه وه‌ربگرێت كه له ئێران یان توركیاوه روو له وڵات ده‌كه‌ن».
له كۆتایی قسه‌كانیدا بۆ (كوردستانی نوێ) سه‌ڕاج وتی: «به دڵنیاییه‌وه، توركیا ئاو وه‌ك چه‌ك به‌كارده‌هێنێت و له زۆربه‌ی دانوستانه‌كانیشدا له‌گه‌ڵ عیراق جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه و داواكاریی هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر ئاودا، عیراقیش ئه‌مه له‌لایه‌ن توركیاوه به چه‌كێكی نائاكاریی داده‌نێت كه له‌دژی به‌كارده‌هێنرێت».