شێخ جەعفەر شێخ مستەفا پێشوازییکرد لە ژمارەیەک کەسایەتی و تێکۆشەرانی شارباژێڕ

05:59 - 2024-09-11
کوردستان
282 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ئامادەبوونی هەڤاڵ زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و هەڤاڵان مامۆستا جوامێر و جوتیار نوری و ئاوات محەمەد، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و تێکۆشەران و کەسایەتیی سەر بە چین و توێژە جیاجیاکانی سنووری شارباژێڕ کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە هۆڵی کۆبوونەوکانی ئەنجومەن بەڕێوەچوو، سەرەتا هەڤاڵ زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی، پاش بەخێرهێنانی ئامادەبوان، باسی لە دوا پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی هەرێم و گرنگی بەشداریی یەکێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هاوهەڵوێستی دانیشتوانی شارباژێڕی کرد، لەپێناوی سەرخستنی پڕۆسەکەدا.

پاشان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، تیشکی خستەسەر خەبات و ماندووبوونی دانیشتوانی سنووری شارباژێڕ کە هەمیشە لە ریزی پێشەوەی تێکۆشانی خەڵکی کوردستاندا بوون و بەو هۆیەشەوە قوربانیی زۆریانداوە و زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، بۆیە مافی خۆیانە لەوەی تائێستا بۆیان کراوە، زیاتریان بۆ بکرێت، لەڕووی پرۆژەکانی حزمەتگوزاریی و ئاوەدانییەوە.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لێپرسراوی ئەنجومەن، وتی: فیداکاریی و  خەباتی نەپساوەی رۆڵەکانی ئێوە، پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوە کە لەسەرەتاوە تا کابینەی نۆیەم خزمەتگوزاریی باش پێشکەش کرا، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا رێڕەویی دەسەڵاتدارێتی بەئاقارێکی نادروستدا ئاراستەکراو جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەکرێت و بابەتی ئازادییەکان بەرتەسک کرانەوە، جگە لەوەش قۆرغکردنی دەسەڵات هاتووەتە ئاراوە. هەربۆیە ئەرکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و هێزە دەربەستەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستانە، پشت ئەستوور بە پاڵپشتی کۆمەڵانی خەڵک رێڕەوی دەسەڵاتدارێتی لە هەرێم بگۆڕن و بیهێنەوە سەر شاڕێگای کوردایەتی و خزمەتکردنی میللەتەکەمان.

هاوکات، جارێکی تریش جەختی لەسەر هەڵوێست و روئیای نیشتمانیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی کردەوە، سەبارەت بە پێویستی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و دامەزراندنی سوپایەکی یەکگرتوو، لەپێناوی پاراستنی خەڵکی کوردستان لەهەر هەڕەشە و مەترسییەک، سەرباری بایەخی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی پتەوی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان و دەستەبەرکردنی تەبایی و یەکڕیزی میللەتەکەمان و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵینگارییە جۆراوجۆرەکان.

لە کۆتاییشدا ژمارەیەک لە ئامادەبوان، بەوپەڕی ئازادییەوە، پرسیار و رەخنە و تێبینییەکانیان خستەڕوو و لە لایەن هەڤاڵانەوە وەڵامدرانەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان