بودجەی پرۆژەکە ملیارێك و 300 ملیۆن دینارە

قیرتاوکردنی دوو رێگە گوندەكانی گەرمیان بەیەكەوە دەبەستێتەوە

10:03 - 2024-09-18
ڕاپۆرت
254 جار خوێندراوەتەوە
رێگەی رەند ئەلی خان بۆ گوندی ژاڵەی حاجی قادر لە ئیدارەی گەرمیان

راپۆرتی/ حسێن عەزیز


لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چەند پرۆژەیەكی رێگەسازی و قیرتاوكردن دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و پرۆژەیەكی راگیراویش كاركردن تێیدا دەستی پێكردووە، نزیكەی 55 گوند بە رێگەی سەرەكی و قەزای كەلارەوە دەبەستێتەوە و بە تەواوبوونی كێشە و ئاستەنگی هاتووچۆی سنوورەكە كەم دەكاتەوە، هەروەها دەبێتە هۆی ئاوەدانكردنەوە و بوژانەوەی زیاتری گوندەكان. 
جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە كاتی بەسەركردنەوەی پرۆژەی رێگەسازی گوندی رەندئالیخان – داریخلەدا رایگەیاند: وەك قۆناغی یەكەم قیرتاوكردنی رێگەی گوندی رەندئالیخان بۆ ژاڵەی حاجی قادر كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، کە درێژییەکەی هەشت كیلۆمەتر و 500 مەترە.
وتیشی: لە قۆناغی دووەمدا دەگاتە گوندی شەهیدانی داریخلە  كە كۆی درێژی رێگەكە 30 كیلۆمەترە و 30 گوندی سنوورەكە سوودمەند دەبن و دەبێتە تۆڕێكی رێگەوبانی گرنگ كە سنووری ناحیەی باوەنوور و رزگاری بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ئاستەنگی هاتوچۆی هاووڵاتیان ناهێڵێت.

 

قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئاماژەی بەوەکرد: هاووڵاتیانی ئەم سنوورە شایەنی خزمەتی زیاترن ئەم ئەزموونە بەری رەنجی خەبات و خوێنی شەهیدەكانی ئەوانە و بەردەوام دەبین لە خزمەتكردینان لە هەموو سێكتەرەكاندا.
محەممەد عەلی ئەنجومەنی گوندی سەید خەلیلی گڵاڵییەكان لەبارەی قیرتاوکردنی رێگەی گوندەکەیان دەڵێت: گوندەكەی ئێمە بە تەنیا نزیكەی 22 ماڵە و بە قیرتاوکردنی رێگەکەی 25 گوندی تری ئەم سنوورە سوودمەند دەبێت و دەیبەستێتەوە بە قەزای كەلار و ناحیەی رزگارییەوە.
پرۆژەكە پێكدێت لە بڕین و پڕكردنەوە و قیرتاوكردن و قۆناغی یەكەمی كاركردن تێیدا دەستی پێكردووە. عەدنان خەلیل بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان وردەكاری زیاتری بۆ كوردستانی نوێ خستەڕوو وتی: بودجەی پرۆژەی رێگەسازی ئەو گوندانە نزیكەی ملیارێك و 300 ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی رێگەی كەلار – دەربەندیخان بە گۆڕانكاری بودجەی بۆ تەرخانكراوە. 

گرنگی پرۆژەکە
رێگەی كەلار - سەید خەلیل پرۆژەیەکی دیکەی گرنگی رێگەوبانە لە گەرمیان و بەهۆی قەیرانی داراییەوە نزیكەی شەش ساڵە بوو كاركردن تیایدا راگیرابوو.
بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان دەڵێت: پرۆژەی قیرتاوكردنی رێگەی كەلار – سەید خەلیل یەكێكە لەو پرۆژانەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تیایدا وەستابوو، بەڵام بە هیمەتی شێخ ئەحمەد حەمەكەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و نوێنەرایەتی جێگری سەرۆكی حكومەت لە گەرمیان، كاركردن لە پرۆژەكەدا دەستی پێكردەوە.
درێژی رێگەی كەلار – سەید خەلیل  17 كیلۆمەترە و بودجەی پێویستی تەرخان كراوە کە بڕی ملیۆنێك و 608 هەزار دۆلارە. 
وتیشی: تائێستا 50 % كارەكانی لەسەر بودجەی پترۆ دۆلار تەواوكراوە، بە جێبەجێکردنی تەواوی پرۆژەکە نزیكەی 25 گوند بە سەنتەری شاری كەلارەوە دەبەسترێتەوە و دەبێتە هۆی بوژانەوەی زیاتری گوندەكان.
تەها حاجی حەسەن مامۆستای  ئایینی و خەڵكی گوندی وڕێڵەی سەر بە ناحیەی پێبازە لەسەر پڕۆژەکە، وتی: قیرتاوکردنی رێگەوبانی گوندەکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ بوژانەوەی گوندەکان و باشتر دەستڕاگەیشتن بە شار بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومەکان.
وتیشی: قۆناغی دووەمی رێگەی گوندی رەندئالیخان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بگاتە سنووری دانیشتوانی تیرەی باشكی لە عەشیرەتی جاف كە شوێنەکەیان زۆر سەخت و دوورە دەستە، هەروەها داواكارین پەلەبكرێت لە تەواوکردنی پرۆژەكە، بۆئەوەی زووتر بخرێتە خزمەت هاووڵاتیان و گوندنشینانەوە و لە وەرزی زستاندا ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروست نەبێت.

#گەرمیان

بابەتە پەیوەندیدارەکان