"یادداشت"

باڵکۆنێک بەسەر دیجلەدا

12:26 - 2024-09-19
ئەدەب و هونەر
165 جار خوێندراوەتەوە

بەختیار حەمەسوور

بەغدای پێش پڕۆسەی ئازادیی عێراقم نەدیوە، بە چەند ساڵێک دوای پڕۆسەی ئازادی، بەغدام بینی. برایەکم نەشتەگەرییەکی قورس و گرانی بۆ کرابوو، تا چەند ساڵ دواتریش دەبوو ناوبەناو بچێتەوە بۆ بەغدا، بۆ لای دکتۆر مازن. لە یەکێک لەو جارانەدا لەگەڵی چووم و بۆ یەکەمجار شاری گەورە و قەرەباڵغم بینی و حەپەسام. بە ئێستاشەوە لە شاری گەورە دەترسم، لە کەسی نەناس، لە شەقامی نائاشنا، لە گەڕەک و کۆڵانی بێگانە. لە سلێمانی هەستێکم هەیە تەنانەت پشیلەکانیش دەناسم، درەختەکانیش. لە بەغدا هەموو شت نوێ بوو، هەموو شت سەرسووڕهێن. هەر گەیشتین چەند هەنگاوێکم نەنابوو، تاکسییەکیان گرت بۆ ناونیشانێکی بردین، وامزانی دەچینە هۆتێل، چووینە ماڵی ناسیاوێکی دوور دوورمان. ماڵەکە لە قاتی سێیەمی شووقەیەک بوو، لە عەلاوە حلە، شوێنێکی کۆن، لەناو جەرگەی بازاڕچەیەکدا. شووقەکە باڵکۆنێکی هەبوو (نەک کراوە وەک ئەوەی لۆرکا لە شیعرێکدا داوای دەکات)، بەڵکو بە شووشەی ڕەنگاوڕەنگ داخرابوو، لە شێوەی میحرابدا، لەوێوە ئەمسەر تا ئەوسەری شەقامەکەی بەردەمی و بەشێکی بەرچاوی بەغدات دەبینی. پیاوەکە بە رەچەڵەک خەڵکی بەغدا بوو، ناوی رەعەد بوو، بە ئەبووبەشار بانگ دەکرا، لەو پیاوانە بوو کە رەنجی ژیان لە پێستیدا دەبینرا، لە نیگای قووڵ و غەمگینی دا. بەیانیان زوو بە دیشداشەیەک و جووتێک نەعلەوە دەچووە سەرکار، ماسیفرۆش بوو. ژنەکەی، لەو ژنانە بوو هەستی خوشکانە و دایکانەی دەدا. تەقریبەن لە هەموو تەمەن و باڵاکان منداڵیان هەبوو، گەورەکەیان کچێک بوو؛ ئەو سێ رۆژەی لەوێ ماینەوە، ئەو کچە خواردنی دروست کرد، بۆنخۆش و خۆش. لەو ماڵەدا بە کوردی و عەرەبی قسە دەکرا، لە نێوان ئەو دوو زمانەدا بازبازێنیان دەکرد. هەموو شتێک بۆ من تازە بوو، کەشی ناوماڵەکە، سیمای کەسەکان، خواردن، بەرچایی، ئەو بازاڕچە قەرەباڵغەی بەردەم شووقەکە، هۆڕن و فڕەی ئوتومبێلەکان، زەنگی ئەو پایسکیلانەی پیاوی زل زل دەیانئاژوو و بەناو ئاپۆرا و شەقامەکەدا تێدەپەڕین. لەوێوە دەتتوانی پردە درێژەکەی سەر دیجلە ببینیت، ئەو ماسیگرانەش کە بەناو دیجلەدا بە گەمییەکانیان دەهاتن و دەچوون، بریسکانەوەی دیجلەش لەو کاتەدا یەکەمین تیشکی هەتاو لێی دەدا. ژیان لەگەڕدا بوو لەسەر شەقامەکە ڕای دەکرد، شەوان تا دەنوستم هەر گوێم لە دەنگی خەڵکان و فرۆشیارانی بازاڕچەکە بوو، لە دڵی خۆمدا دەمگوت ئەمانە کەی دەنوون!؟ دوای بانگی بەیانییش، جموجووڵ و دەنگەدەنگ شەقامەکەی دەتەنی. بەو کەشە رانەهاتبووم، مەلابانگدان خەبەرم دەبووەوە، خۆر هەر پەیژەیەک لە شەقامەوە دوور بوو، گەرماکە وایدەگوت. لە ماڵەوە دەماینەوە، عەسر دەچووینە "شاری پزیشکان" (مدینة الطب) و دواتریش دەچووینە بازاڕ، بازاڕی پۆخڵ و ترسناکی بەغدا، خاشاک و پیسایی لە چەقی بازاڕەکەدا هێندەی خانوویەک بەرز بووبووەوە. عەسرێکی درەنگ چووینە شەقامی موتەنەبی و کتێبخانەکان گەڕاین، ئەگەرچی عەرەبیم نەدەزانی، بەڵام کتێبێکم بینی وێنەی "شێرکۆ بێکەس"ی لەسەر بوو؛ هەڵبژاردەیەک بوو لە شیعرەکانی بۆ زمانی عەرەبی، وا دەزانم هەستی ئاشنایی شێرکۆ لەو شارەدا بوو کە هانیدام کتێبەکە بکڕم و کڕیم. بەیانیی دوایین رۆژمان بوو، هەمووان خەوتبوون، هەستام و هاتمە باڵکۆن، لە بەیانیی بەغدام روانی، هەرای بەغداییەکان، زەنای شار لەو بەیانییە زووەدا جەنجاڵیی هەردوو بەری شەقامەکە، ئەو پیاوانەی لەسەر کورسیی بەردەم چایخانەکان نانی بەیانیان دەخوارد؛ مرەبا و هێلکە، ماست و چا، ئەو عارەبانە تەختەییانەی بە دوای یەکدا ملیان نابوو و نەمدەزانی بۆ کوێ دەڕۆن، میوەفرۆشەکان و ئەو هەموو جۆرەی خورما، ژنێکی عەبابەسەر، کە لەسەر سینییەک قەیماغی دەفرۆشت (ئای چەند حەزم کرد ناوی بزانم و زانیم)، ماسیفرۆشەکان، نانەواخانە گەورەکە، ئەو پیرەپیاوەی لەسەر مێزیک پاکەتی جگەرەی دانابوو، سەیری ئەو دیمەنانەم دەکرد و شەپۆلی ئەو دەنگە لێڵ و نادیارانەی لە دیجلەی دوورەوە دەهاتن و تێکەڵ بە ئاپۆراکە دەبوون، نوقمی خۆیانیان دەکردم. هەستم کرد تارمایی کەسێک لە تەنیشتم راوەستاوە، هەندێ جار ئینسان دەتوانێت تارمایی بناسێتەوە، بزانێت پیاوە، منداڵە، ژنە یاخود کچ؛ ناسیمەوە: تارمایی کچی گەورەی خێزانەکە بوو؛ پێیدا هەڵمڕوانی، گەنمڕەگ و بەلەباریک، لە ماکسییەکی ڕەنگتێری سەوزی گوڵورددا. چەندێک بوو لەوێدا راوەستابوو؟ نازانم. تەماشاییم کرد، بزەی هاتێ و گوتی: «ئەمە پیشەی هەموو رۆژێکیانە» گوتم: «پێشتر قەت شتی وام نەدیوە.» گوتی: «کە هەستایت زانیم، بینیمیت کە هاتیتە ئێرە، ترسام ناڕەحەت بیت، لە جێخەوەکەمدا مامەوە و تەماشام کردی.» گوتم: «نەمتوانی بخەومەوە، ئەوە سێ شەوە رەنگە چەند سەعاتێک نەخەوتبم. بەو دەنگەدەنگە رانەهاتووم.» گوتی: «منیش رانایەم، بەڵام بەهۆی کارەکەی باوکمەوە، کە لەوسەری ئەم شەقامەیە و نزیکە، ناچارین لێرە بژین.» سەیری ئەوسەری شەقامەکەم کرد، پیاوێک بە سەتڵ ئاوی لە بەرمیلێک دەردەهێنا و بە ماسییەکانی سەرمێزەکەی بەردەمیدا دەکرد. گوتم: «دانیشە.» بێ ورتە لە تەنیشتم دانیشت. هەردوو دەستی لەناویەک نابوون و لەسەر رانی داینابوون، تەماشای شوێنێکی نادیاری دەکرد. گوتی: «ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە؟» گوتم: «بەڵێ، کاری نەخۆشخانە و پشکنینەکانی کاکەم تەواو بوون» تەماشای دیجلەمان کرد و گەمییەکان. گوتی: «ئەوانە هەموویان برادەری باوکمن» هیچم نەگوت. گوتی: «باوکم زۆر کەم، یان هەر ناچێت، ئەوان بۆی دەهێنن.» هیچم نەگوت. گوتی: «باوکم ناسراوترین ماسیفرۆشی ئێرەیە» هیچم نەگوت. گوتی: «خواردنەکانت بە دڵ بوون؟» گوتم: «زۆر!» گوتی: «هەر دایکم خواردن دروست دەکات، ئەگەرچی باوکم و ماڵەوە هەموویان خواردنی منیان بە دڵە.» گوتم: «سوپاس کە ئەم سێ رۆژە تۆ دروستت کرد.» تەنیا پێکەنی. گوتم: «ئەو ژنە ناوی چییە؟» سەری بەرز کردەوە و روانییە ئەو جێیەی پەنجەم ئاراستە کردبوو، گوتی: «ئوم‌ ئەحمەدی قەیماغفرۆش، ماڵیان لە قاتی یەکە» گوتم: «دەزانی هەر ناوتم نەزانی!» بزەیەکی نەرمی کرد و گوتی: «ناوم زەهرەیە» ناوەکەیم بە نزمی گوتەوە. گوتی: «ئەو کتێبەی دوێنێ بە دەستەوە بوو، بۆخۆتە؟» گوتم: «بەڵێ» گوتی: «تەنیا ناویم بیستووە، دەڵێن شاعیرێکی چاکە.» گوتم: «باشترین شاعیری زیندووی کوردە.» گوتی: «پێم خۆشە بیخوێنمەوە، بەڵام بە کوردی ناتوانم.» گوتم: «من هەموویم خوێندووەتەوە، هەڵبەت بە کوردی.» گوتی: «خۆزگەم بە خۆت.» نەمزانی بڵێم چی. گوتی: «دێیتەوە؟» نیگامان یەکتریان ئەنگاوت. گوتم: «نازانم.» نەلوا و نەچوومەوە، بەغدای ئەو ساڵانە و پاشتریش، لەژێر رەحمی تایفەگەریی و تیرۆردا، نوقمی خوێن و کوشتن و تەقینەوە بوو بوو، بەو دۆزەخەی لە ئایینەکاندا باس کراوە و ئاگرەکەی رۆژبەڕۆژ زیادتر کڵپەی دەسەند. ئاخر جار بیستمەوە، ماڵی ئەبووبەشار لەو دۆزەخە هەڵهاتوون، نەمپرسی بۆ کوێ، دەمزانی لە هەر کوێ بن، دیوانەکەی شێرکۆ بێکەسیش لەوێیە، لای زەهرە!.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان