گوڵەباخ
هونەرمەندی پەیکەرساز خاتوو ئاڤان فەتاح کە توانایەکی هونەریی سەرنجڕاکێشی هەیە، ژن لە کارەکانیدا لە ئاستێکی باڵادا خۆی نمایش دەکات و ساڵانێکە وەک رەچەشکێنێکی بوارەکەی چاوی لێدەکرێت. ئەم خانمە نەک تەنیا هەر بە هونەرەکەی بەڵکو بە وێنە و دەرکەوتنەکانی سەرساممان دەکات. جل و بەرگ و خەت و خاڵ و خشڵ و راوەستانەکانیشی لەبەردەم کامێرادا تەواو کوردانە و خۆماڵین بەجۆرێک کە لە دیمانی ئەم خاتوونە و بەرهەمەکانیدا بۆنی نیشتمان دەکەین، ئەگەرچی ساڵانێکی زۆرە لە تاراوگە دەژی ئەو لە سلێمانی لەدایکبووە و هەر لە سلێمانیش ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی لەساڵی 2005 دا تەواو کردووە، هاوسەری هونەرمەندی ناودار نیاز بەیاتی یە و سێ مناڵیان هەیە. ئاڤان لە ساڵی 2009 وە لە دانیمارک نیشتەجێیە و بە گەرموگوڕییەوە بەردەوامە لە داهێنانەکانی.