لە رۆژی جیهانیی وەرگێڕاندا

09:21 - 2024-09-30
کەلتور
319 جار خوێندراوەتەوە

تارا شێخ عوسمان

ئێمەی ژنان کە ساڵانێکە خولیای وەرگێڕانمان هەیە و لەگەڵیدا بووینەتە دۆست، ئەگەر خۆمان بە وەرگێڕ بزانین یان باشتر بڵێم، گەر کارەکانمان لە ئاست چاوەڕوانیی خوێنەرانی بە سەلیقە و جدیی بێت، ئەوا دەبێت هەندێک ڕاستیی باس بکەین کە جێگەی خۆیەتی باس بکرێت.
ژنانی وەرگێڕ لە ڕووی ژمارەوە هێشتا ناتوانرێت لەگەڵ پیاواندا بخرێنە تای تەرازوو و جێگەی بەراووردیش نییە، چونکە زۆربەی ژنان هەرچەندە زیاتر لە زمانێک بزانن، بەڵام کێشەی ئەوەیان هەیە کە یان حەوسەڵەی وەرگێڕانیان نییە، یان لە بنەڕەتدا ئەهلی کتێب و خوێندنەوەی جدیی نین و زۆرجار خوێندنەوە لایان جۆرێکە لە کات بەسەربردن، چونکە ئەوەی کەڵکەڵەی وەرگێڕانی هەبێت پێویستە  هەمیشە بخوێنێتەوە.
خاڵێکی تری جەوهەریش ئەوەیە هێشتا زۆربەی ژنان وەرگێران وەک ئارەزوو مومارەسە دەکەن و نەبووەتە  پیشە یەک کە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو کارە بێت.
پشتگیریی نەکردن و گوێنەدان بە کاری ژنان لە بواری وەرگێڕاندا ئاستەنگێکی ترە و تا ئێستا ژنان لەو قەیرانەدا دەژین.
هەمیشە کاری وەرگێڕان بۆ ژنێک کە خێزانی هەبێت سەختترە بە بەراورد بە پیاوێکی وەرگێڕ، چونکە ژن جگە لەوەی کە ڕەنگە کارێکی حکومیی یان کەرتی تایبەت یان حزبی هەبێت، لە ماڵیشەوە جگە لە پابەندبوونە خێزانییەکانی، ئەرکی ماڵ بەڕێوەبردن و مناڵ بەخێوکردنیشی لەسەرشانە.
جگە لەوەش کەمن ئەو ژنانەی لە بواری وەرگێڕاندا کار دەکەن ژوورێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆ بیرکردنەوە و نووسین و وەرگێڕان وەک ئەو ژوورەی خانمە نووسەر ڤیرجینیا ۆڵف باسی دەکات. ئەمانە و چەندین کێشەی تریش کە دێتە بەردەم ژنانی وەرگێڕ بەتایبەتیش مەبەستم لە  ژنانی کوردستانە.
تێبینی:
وێنەکە لە کاتی وەرگێڕانی ڕۆمانی  (ماڵی ڕۆحەکان) ی خانمە نووسەری چیللی، ئیزابێل ئالێندیە کە دوا کاری وەرگێڕانم بوو چوارساڵ لەمەوبەر دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاویکردەوە.

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان