لە میدیای عەرەبییەوە

12:32 - 2024-10-02
جیهان
140 جار خوێندراوەتەوە

 

عیراق پشتگیریی لوبنان دەکات

 
نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق  لە بەیانێکدا رایگەیاند: سەرۆک وەزیران پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ نەبیل بری سەرۆکی  پەرلەمانی لوبنان ئەنجامداوە و تێیدا هاوخەمی خۆی بۆ شەهیدکردنی حەسەن نەسروڵڵا  راگەیاندووە، لە هەمانکاتدا باسی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و لوبنانیان کردووە. هەروەها باسی دوایین هەوڵە عەرەبی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانیان بۆ راگرتنی لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان کردووە و پشتگیریی عیراقی بۆ لوبنان دووپاتکردۆتەوە.
الصباح

 

 

سوپای ئیسرائیل هۆشداری دەدات

 سوپای ئیسرائیل هۆشداری بە هاووڵاتییانی باشووری لوبنان داوە کە  ناوچەکە بەجێبهێڵن، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی جەنگ لەنێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حزبوڵڵای لوبناندا. لە بەیانێکدا سوپای ئیسرائیل دەڵێت: داوا لە هاووڵاتییانی لوبنان دەکەین کە بەرەو باشووری رووباری لیتانی سەفەر نەکەن و  خۆیان لە مەیدانی جەنگەکە بپارێزن. هەر لە بەیانەکەدا حزبوڵڵا تاوانبار دەکات بەوەی کە خۆیان خزاندۆتە ناوچەی نیشتەجێبوون و هاووڵاتییان وەکو بارمتە بەکاردەهێنێت.
سکای نیوز



ئەڵمانیا هاووڵاتیانی دەگەڕێنێتەوە

 
حکومەتی ئەڵمانیا لە بەیانێکدا رایگەیاند: فڕۆکەیەکی  جۆری ئای 321ی هێزی ئاسمانی بەرەو فرۆکەخانەی بەیروت رۆیشتووە، بۆئەوەی هەموو ئەو هاووڵاتییە ئەڵمانیانە بهێنێتەوە کە هێشتا لە لوبنانن و ژمارەیان دەگاتە 1800 کەس، بەتایبەتی دیپلۆماتکار و کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەیروت و خێزانەکانیان. هەروەها هەموو ئەو کەسانەی کە لە رێکخراوە مرۆییەکان کار دەکەن.
الشرق الاوسط

بابەتە پەیوەندیدارەکان