دووپاتكردنەوەی پشتیوانیی خزمانی گوندەكانی چەمیاڵە و قزڵجە بۆ لیستی 129ی یەكێتی

12:53 - 2024-10-02
کوردستان
66 جار خوێندراوەتەوە

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی، پێشوازیكرد لە ژمارەیەك لە خزمانی گوندەكانی چەمیاڵە و قزڵجەی سنووری پێنجوێن و شارباژێڕ كە پێكهاتبوون لە حامید رەشید ئاغا، عومەر رەشید ئاغا، حاجی تۆفیق ئاغا، هێمن حامید ئاغا، دڵشاد عەبدوڵڵا ئاغا و كامیار بەكر ئاغا.
لەدیدارێكدا شێخ جەعفەر، تیشكی خستەسەر خەبات و فیداكاریی خەڵكی هەردوو گوندی چەمیاڵە و قزڵجە كە قوربانیی زۆریان پێشكەش بە خاك و نیشتمان كردووە و مەینەتی و ناڕەحەتی زۆریان چەشتووە و وتی: هەمیشە یەكێتی شانازی بە جوامێریی ئێوە و بنەماڵەكانتان و خەڵكی ناوچەكەتانەوە دەكات و پشتوپەناتان دەبێت.
لەبەرامبەردا، خزمانی چەمیاڵە و قزڵجە سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانە و برایانەی شێخ جەعفەر و سەرۆك و سەركردایەتیی یەكێتی-یان كردو پشتیوانی خۆیان بۆ لیستی 129ی یەكێتی و سیاسەتی راست و نیشتمانیانەی یەكێتی دووپاتكردەوە.


كۆبوونەوە لەگەڵ هونەرمەند و هونەرمەندانی میللی لە سنووری سلێمانی

لەمیانی كۆبوونەوەشیدا، لەگەڵ بەشێك لە هونەرمەند و هونەرمەندانی میللی سنووری سلێمانی، شێخ جەعفەر، رۆڵی بەرچاوو كاریگەری هونەرمەندان و هونەرمەندانی میللی لەپیشاندانی رووی جوانی شارستانی و كەلتور و كەلەپوری كۆمەڵگەی كوردەواری بەرزنرخاند و رایگەیاند: هونەرمەندانی كورد پێشمەرگەی بوارەكەی خۆیانن و لەڕێگەی هونەرەكەیانەوە خزمەتی گەورە دەكەن، هەربۆیە پێشتر لەشاخ و شاریش لەلایەن رابەری كۆچكردوو سەرۆك مام جەلال-ەوە گرنگی زۆریان پێدەدرا، ئێستاش سەرۆك و سەركردایەتیی یەكێتی بایەخی بەرچاویان پێدەدەن. داوایلێكردن بە وشە و دەنگە بەسۆزەكەیان جەماوەر بخەنە جۆش و خرۆش و هانیان بدەن دەنگ بەلیستی 129ی یەكێتی بدەن، كە ئەو لیستە تەنها ئومێدە بۆ داهاتوو و دەتوانێت هاوسەنگی دروست بكات و كۆتایی بەنەهامەتییەكان بهێنێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، د.عومەر شێخ موس، جەختیكردەوە كە هونەرمەندان و رووناكبیران و نووسەران كاریگەریی زۆریان لەسەر خەڵك هەیە، پێویستە ئەو كاریگەرییە بۆ پشتیوانیكردنی لیستی 129ی یەكێتی بخەنەگەڕ.

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان