لە میدیاکانی سوریاوە

11:53 - 2024-10-13
جیهان
65 جار خوێندراوەتەوە

ئەنقەرە لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشقدا
رۆژنامەی «الوطن»ی چاپی دیمەشق راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ کردنەوەی دەرچەیەک بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، ئەوەش لەڕێگەی بەکارهێنانی سیاسەتی گەمارۆی سەربازی لە ناوچەکانی دەوروبەری حەلەب لە باکووری ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی وتەی چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەنووسی، هەواڵگریی سەربازیی تورکیا هەوڵی شێواندنی ئەو لایەنانە دەدات کە دژی گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە و کردنەوەی دەروازەکانن، ئەوەش لەڕێگەی تۆمەتبارکردنیان بەوەی ســــــەربە حزبە توندڕەوەکانی وەک (حزب التحریر)ن و بۆئەوەش میدیاکان و پەیجەکانی سۆشیال میدیای خستووتەگەڕ لە دژیان وەک پشتیوانییەک بۆ هەوڵەکانی.
لەو رووەشەوە رۆژنامەکە دەڵێت: رووداوەکانی دەروازەی (ئەبو زەندین) لە 18ی ئابی رابردوو لەکاتی کردنەوەی دەروازەکەدا، گەیشتە ترۆپک کاتێک تورکیا هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریایان تۆمەتبارکرد بەوەی لەڕێگەی تۆپبارانەوە دەیانەوێت کردنەوەی دەروازەکە پەکبخەن.
 


97 هەزار لوبنانی گەیشتوونەتە سوریا و 247 هەزار سوریاییش گەڕانەوە وڵاتەکەیان

 لەبەر رۆشنایی گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکانی سوریا لە لوبنانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان، رۆژنامەی «تشرین»ی چاپی سوریا بڵاویکردووەتەوە کە سەرڕای گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکانی سوریا لە لوبنانەوە بۆ وڵاتی خۆیان، هاوکات ژمارەیەکی زۆر خەڵکی لوبنانیش ئاوارەی سوریا بوون کە لەنێوان خاڵە سنوورییەکانی یابوس و جوسییەی نێوان هەردوو وڵاتەوە پیشوازییان لێ دەکرێت و هاوکات چەندین بنکەو کەمپیش کراوەتەوە لە سوریا بۆ لەخۆگرتنیان کە بەگوێرەی سەرچاوەکان ژمارەیان گەیشتووەتە 197 هەزار لوبنانی، جگە لە 247 هەزار سوریایی کە پێشتر ئاوارەی لوبنان ببوون و لەو سنوورانەش تیمی پزیشکی و فریاگوزاریی خێرا ئامادەکراوە بۆ دابینکردنی رێوشوێنی نیشتەجێکردنیان.
لەلایەکی دیکەشەوە رۆژنامەی(الوحدة)ی سوریا ئاماژەی بەوە کردووە کە هەوڵی هاوبەشی (عیراق - سوریا) لەئارادایە بۆ چۆنێتی لەخۆگرتن و پێشوازیی لە ئاوارەکانی لوبنان و بەدەنگەوەچوونی خێرا.
لەو رووەشەوە رۆژنامەکە پوختەی ناوەڕۆکی  کۆبوونەوەیەکی سوریا و عیراقی ئاشکراکردووە لەبارەی ئاستی هاوئاهەنگییەکانی هەردوو وڵات لەڕووی پێشکەشکردنی هاریکاریی فریاگوزاریی بەو ئاوارانە و زامنکردنی نیشتەجێکردنیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان