ژمارەیەک لە کاندیدانی دهۆک: لەپێناو گۆڕانکاری دەنگ بە یەکێتی بدەن

10:56 - 2024-10-14
ڕاپۆرت
268 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی


کاندیدانی لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بازنەی دهۆک داوا له‌ خەڵکی خۆڕاگری دەڤەری بادینان ده‌كه‌ن، له‌ رۆژی دەنگدان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیست و کاندیدانی یەکێتی بدەن، له‌پێناو راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و گەرەنتیکردنی مووچەی فەرمانبەران لە بەغدا.

به‌دیهێنانی حکومەتێکی نوێ
سوسن شاهین سندی کاندیدی ژماره ‌(١٦) له‌ لیستی ١٢٩ی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی دهۆک دەڵێت: خۆم کاندید کردووە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بادینان و زاخۆ بە گشتی، لە پەرلەمان خەبات دەکەم بۆ به‌دیهێنانی حکومەتێکی نوێ و دادپەروەر، لەبەرئەوەی ساڵانێکی زۆرە هاووڵاتیان بە دەست چه‌ندین قەیرانی جیاوازی، دارایی، نەبوونی غاز، بەنزین، کارەبا و چەندین قەیرانی تری ئابووری و سیاسییەوە ده‌ناڵێنن بۆیە ئامانجمان کارکردنە بۆ گۆڕینی ئەم شێوازه‌ی حكومڕانی و کارده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی داخوازییەکانیان.
وتیشی: ئەگەر متمانەی خەڵکی بادینان بە دەستبهێنم کاردەکەم بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستی، زیادکردنی مووچەی کەمئەندامان، هەروەها لە رێگەی دیپلۆماسییەوە کاردەکەم بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا لە ده‌ڤه‌ری بادینان و خاكی کوردستان به‌ گشتی.

دیاریکردنی داهاتی ناوخۆ
عیسا جاسم ملا کاندیدی‌ ژمارە (١٥) له‌ لیستی ١٢٩ی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی دهۆک وتی: بەرنامەی یەکێتی له‌پێناو چینی هەژارانە و لە پەرلەمان کاردەکەم بۆ  یەکسانی و بەدیهێنانی مافەکانی خەڵکی بادینان، هه‌روه‌ها ئامانجی سەرەکیمان دیاریکردنی داهاتی ناوخۆی پارێزگای دهۆك و خاڵە سنورییەکانی وەک، ئیبراهیم خەلیل، پێشخابور لە سحێلان و نەوتی تاوکێ ده‌بێت لە ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، كه‌ سێ سەرچاوەی زۆر گه‌وره ‌و گرنگی داهاتی پارێزگای دهۆکن.
جوان شه‌عبان ره‌مه‌زان كاندیدی ژماره ‌(٢٣) له‌ لیستی ١٢٩ی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی دهۆک دەڵێت: وه‌ك كچه‌ شه‌هیدێك ساڵانێکی زۆرە لە بوارە جیاجیاکاندا خزمەتی خەڵکی بادینانم کردووە و ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا متمانەیان بە دەستبهێنم، هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ خزمەتكردنی گەنجانی بێكار، خوێندكاران و کەسوکاری شەهیدان.
وتیشی: به‌ڵێن بێت نوێنەرایەتی راسته‌قینه‌ی داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی پارێزگای دهۆک بکەم لە پەرلەمانی کوردستان.

به‌رگری لە مافەکانی هاووڵاتیان

كاروان سه‌لمان ته‌ته‌ر كاندیدی ژماره‌ (٢٤) له‌ لیستی ١٢٩ی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی دهۆک وتی: وەک پێشمەرگەیەک چۆن لە رابردوودا بە گیانی خۆم بەرگریم لە هاووڵاتیانی کوردستان کردووە به‌ هه‌مانشێوه‌ لەناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان به‌رگری لە ماف و داخوازییه‌كانی خەڵکی پارێزگای دهۆک و هه‌رێمی کوردستان بە گشتی ده‌كه‌م.
وتیشی: پێشمەرگە شایسته‌ی ژیانێکی باشتر و گونجاوه‌ و لە پەرلەمان کاردەکەم بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانیان بە یاسا.

 

 

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان