براوەی خەڵاتی نۆبڵی 1960
سان جۆن پێرس - 1975 - 1887
فەڕەنسا
سان جۆن پێرس، لە ساڵی 1887 لە فەڕەنسا لەدایک بووە. یاسای تەواوکردووە لە بۆرۆ، دواتر لە ساڵی 1914 کاری دبلۆماتکاریی کردووە. لە ساڵی 1940 فەرەنسای بەجێ هێشتووە و دواتر دەستبەسەر سەروەت و سامانیدا گیراوە و ناسنامەی لێ سەندراوەتەوە، لەلایەن حکومەتی فیشی یەوە کە سەر بەدەسەڵاتی هیتلەر بوو.
لە ساڵانی 1941 تا 1945 لەو ساڵانەی کە جەنگی جیهانیی دووەم بەرپابوو، ئەم وەک راوێژکار لە کتێبخانەی کۆنگرێس لە واشنتۆن کاری کردووە. ساڵی 1950 بە پلەی باڵوێز خانەنشین کراوە و لە ئەمەریکا نیشتەجێ بووە.
گرنگترین بەرهەمەکانی قەسیدە داستان ئامێزەکەیەتی بەناوی (ئاناباس) کە لە ساڵی 1924 نووسیویەتی کاتێک لە سەفارەتی فەڕەنسا لە وڵاتی چین کاری دەکرد.
لە ساڵی 1960 خەڵاتی نۆبڵی پێ بە خشرا لە پای خەیاڵی بەرزە فڕی و وێنەی سەرنج راکێش لە شیعرەکانیدا و رەنگدانەوەی واقیعی سەردەمیانە لە بەرهەمەکانیدا.
پارچەیەک لە ستایش
من ئەسپێکم خۆش دەویست..هەرکامێکیان بێت
بەشێوەیەکی راستەوخۆ تەماشای منی دەکرد،
لەژێر تووکی ملیەوە
لەو درزەوە کە لێوانلێو بوو لە ژیان
شایستەی ئەوەبوو، تەماشایان بکەیت.
هەروەها لەپاڵ ئەو چاوانەیەوە کە پڕبوون لەژیاندۆستیی
کاتێک غاری دەدا، ئارەقی دەکردەوە و دەبریسکایەوە.
منیش کاتێ وەکو منداڵێک بە ئەژنۆکانم
پاڵم بە ئەملاو ئەولایەوە دەنا و
دوو مانگیان تیادا دروست دەبوو.
من ئەسپێکم خۆشدەویست .. هەر کامێکیان بێت
هەندێکجاریش ( ئاژەڵەکە دەزانێ هێزەکەی لە چیدایە)
کە دەبێ سەرنجی بدەیتێ.
ئەو، تەوێڵە مسییەکەی بەرەو ئاسمان بڵند دەکرد
بە تامەزرۆییەوە
کە چەند چۆڕاوگەیەک لەئارەقی تیادا دەرکەوتبوو.
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:
ئاوات حەسەن ئەمین
سەرچاوە:قصائد من شعراء جائزه نوبل
إختارها وترجمها د. شهاب غانم، مارس 2009