دەبێ تا سەرەتای ساڵی نوێ تەوتین كرابێت

هەژماری من یان تەوتین، كامیان لە قازانجی هاووڵاتییە؟

12:34 - 2024-10-27
ئابووری
89 جار خوێندراوەتەوە
#لە رێگەی تەوتینەوە هیچ هاووڵاتییەك لە خزمەتگوزارییە بانكییەكانی عیراق بێبەش نابێت

 

راپۆرتی: كوردەوان محەمەد سەعید

عیراق لەم ساڵانەی دواییدا هەموو هەوڵێكی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ گۆڕینی سیستمی بانكیی وڵات بە سیستمی نوێی ئەلیكترۆنی و لەو بوارەشدا ئەمریكا پشتیوان و هاندەرییەتی، ئێستا پرۆسەكە لە ناوەڕاست و باشووری عیراق تا رادەیەك هەنگاوەكانی بە باشی بەڕێوە دەچن و لەم نێوانەدا ئەگەر كێشەیەك هەبێت، زیاتر لە هەرێمی كوردستانە، بە تایبەتیش كە حكومەتی هەرێم دەیەوێت ژمارە حسابی هەژماری من وەك واقیعێك بسەپێنێت و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناچار بكات لە رێگەی ئەو ژمارە حسابەوە مووچەكانیان وەربگرن، هاووڵاتیانیش دڵنیانین لەوەی مووچەكانیان پارێزراو دەبێت، لەبەر ئەوەی بانكەكانی هەرێمی كوردستان پارەیان تێدا نییە و جێگەی متمانەی گشتی نین.

هاووڵاتییان بێبەش دەبن 
د. بێستون سابوراوایی پسپۆڕی ئابووری لە بارەی هەژمارەی منەوە رایگەیاند: هەژماری من پرۆژەیەكە تایبەتە بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە رێگەیەوە مووچەی فەرمانبەران دەچێتە چەند بانكێكی ئەهلییەوە و لە ژێر هەژموونی خودی سەرۆكی حكومەتدا دەبێت، واتە مووچەی هەموو مووچەخۆران و فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم دەچێتە ئەو بانكانەوە و هاووڵاتیان لەوێوە وەریدەگرن، بەڵام ئەوەی جێگەی تێبینییە، لێرەدا فەرمانبەر بێبەش دەبێت لە پێدانی قەرزی پێویستی پاڵپشت بە مووچەكەی، هەروەها لە رێگەی ئەم هەژمارەوە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت دەتوانن هەر جۆرە قەرزارییەكی مووچەخۆر، كە قەرزاری حكومەت بێت، بۆ نموونە قەرزی ئاو، كارەبا، باج و رسومات ..هتد، بەبێ پرسی فەرمانبەر لێی ببڕن.

تەوتین هیچ دەستێوەردانێك ناهێڵێت
سەبارەت بە تەوتین د. بێستون سابوراوایی وتی: تەوتین، یان بەبانكیكردن، بریتییە لە پرۆسەیەكی بەحكومەتكردنی مووچەی فەرمانبەران لە بانكە حكومییەكاندا، تیایدا مووچەكان دەچنە حسابێكی ئەمین و پارێزراوەوە، كە جگە لە حكومەتی عیراق هیچ لایەنێك ناتوانێت دەستێوەردانی تێدا بكات، دەستێوەردانەكانی حكومەتی عیراقیش لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە دەبێت و جگە لە وەرگرتنی رسوماتێكی زۆر كەم، دەستێوەردانەكان زیاتر پۆزەتیڤن، بۆ نموونە: لە حساباتی تەوتیندا مووچەخۆر دەتوانێ بە پێی رێنماییەكانی وەزارەتی دارایی عیراق سلفە رابكێشێت، یان بانك پشتگیریی بكات بۆ كڕینی كاڵا و خزمەتگوزاری تەمەندرێژ.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشكرد، مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەتوانن چەندین سوودی گرنگ لە تەوتین وەرگرن، كە گرنگترینیان رێكخستنەوە و پێدانی مانگانەی مووچەیە بە رێكوپێكی و (بەبێ دواكەوتن)، هەروەها سوودێكی گرنگیی دیكەش بۆ هاووڵاتییانی هەرێم، كە تا ئێستا لێی بێبەشبوون مەسەلەی وەرگرتنی قەرزی گەورەیە، واتە وەرگرتنی قەرز لە بانكەكانی عیراق تا رادەی 100 ملیۆن دینار و زیاتریش.
گوڵاڵە سەدیق شارەزای دادوەریی بۆ كاروباری دارایی لە بارەی نەبوونی متمانە هاووڵاتییان بە هەژماری من بە كوردسات نیوزی راگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا هەژماری منی راگەیاند، كە متمانەی هاووڵاتییان بە حكومەت سفر بوو، دەبوو پێش ئەوەی پرۆژەیەكی لەم جۆرە رابگەیەنێت، هاووڵاتییانی ئاشت بكردایەتەوە، چونكە هاووڵاتییان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا ئەزموونێكی خراپییان لەگەڵ حكومەت هەیە و حكومەت لەو ماوەیەدا هەر كورتهێنانێكی لە بودجەدا هەبووبێت، بە مووچەی فەرمانبەران چارەسەری كردووە و دەستی بردووە بۆ مووچەی خەڵك بە لێبڕینی مووچە.
خاڵێكی دیكەی نەبوونی متمانە بە هەژماری من، وەك خاتو گوڵاڵە باسی دەكات، ئەوەیە كە پڕۆژەكە لە ناو بانكە ئەهلییەكاندا راگەیەنرا، كە خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ چەند بەرپرسێك، قازانجی هەر جۆرە دواكەوتنی مووچەیەك، یان تەنانەت قازانجی هێشتنەوەی پارە لە بانكەكاندا لەلایەن خودی هاووڵاتییەوە، هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چەند بەرپرسە.

حكومەتی هەرێم هەر كاتێك تاقەتی هەبوو لیستی مووچە رادەگەیەنێت
لەبارەی جیاوازیی نێوان هەژماری من و تەوتینەوە، گوڵاڵە سەدیق وتی: پرۆسەكە هەژماری مندا بەو شێوەیەیە، تەمویل لە بەغداوە دێت، حكومەتی هەرێمیش هەر كاتێك تاقەتی هەبوو لیستی مووچە رادەگەیەنێت و دەست دەكرێت بە دابەشكردنی، بەڵام ئەگەر تەوتین بێت، ئەو رۆژەی لە بەغداوە دابەشكردنی مووچە دەست پێدەكات، راستەوخۆ پارەكە دەچێتە حسابی مووچەخۆری هەرێمی كوردستانیشەوە، واتە پێویست بە راگەیاندنی لیستی مووچە ناكات، هاووڵاتییەك لە بەغدا بێت یان لە هەرێمی كوردستان هەموو بە یەكەوە وەری دەگرن.

بەشێك لە پسپۆڕان پێیان وایە تەوتین، یان هەژماری من، بۆ حكومەتی عیراق جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە و ئامانجەكە لە كۆتاییدا هەر یەكە، پسپۆڕێكی ئابووری كە نەیویست ناوی خۆی بڵێت، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لەم بابەتەدا ئەمریكا و عیراق یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش ئەوەیە مووچەی فەرمانبەران و مامەڵە بازرگانییەكان و بە گشتی كاروباری بانكی، بگۆڕێت بۆ شێوازی ئەلیكترۆنی و ئیتر گرنگ كام بانكە بیكات و بانكەكە حكومیی بێت، یان ئەهلی، بەڵام كێشەی سەرەكی هاووڵاتیان لەگەڵ بانكەكانی هەرێمی كوردستاندا، مەسەلەی نەبوونی متمانەیە.

هەر دواكەوتنێكی مووچە قازانجەكەی بۆ خۆیانە
نەبوونی متمانەی هاووڵاتیان بە بانكەكانی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش هەژماری من، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، كە پێشتر تاقیكراوەتەوە و نزیكترین تاقیكردنەوەش كە هاووڵاتیان بیریان ناچێتەوە، مەسەلەی دواخستنی مووچە و پاشەكەوتە، پاشەكەوت كرا بێئەوەی فەرمانبەر رازیی بێت، پسپۆڕانی ئابووری سەبارەت بە دواكەوتنی مووچە دەڵێن: هەر  دواكەوتنێكی مووچە، واتە مانەوەی ئەو پارەیە لە بانكەكەدا، مانەوەی هەر پارەیەكیش لە بانكدا، بە پێی كورتی و درێژیی ماوەی مانەوەكەی بە قازانج دەگەڕێتەوە بۆ بانكەكە. 
بەشێكی دیكە لە پسپۆڕان نیگەرانی ئەوەن پرۆسەی تەوتین دوا بكەوێت، چونكە ئەوان پێیان وایە پێویستە تا یەكی كانونی دووەمی داهاتوو پرۆسەكە تەواو كرابێت، ئەگەر نا حكومەتی عیراق بیانووی بەدەستەوە دەبێت بۆ دروستكردنی گرفت لەبەردەم مووچەی فەرمانبەراندا.   

بابەتە پەیوەندیدارەکان