ئا: بورهان ئەمین
ناتۆ بنکەیەکی سەربازی تازە لە ئەڵمانیا دادەمەزرێنێت
لەپێناوی رەواندنەوەی مەترسییەکانی روسیا بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا و بەهێزکردنی توانای بەرگریی ناتۆ، ئەو هاوپەیمانێتییە بنکەیەکی تازەی دەریاوانی بەرگریی لە دەریای بەلتیک لەباکووری ئەڵمانیا بەناوی CTF Baltic بەنوێترین تەکنەلۆژیای سەربازیی دامەزارند و 180 شارەزا و ئەفسەر و کارمەند لە وڵاتانی ئەندامەوە کاری تێدادەکەن.
پێگەی گۆڤاری Stern
هاوکارییەکی گەورە پێشکەش بە لوبنان دەکرێت
لەمیانی کۆنگرەی پاریس بۆ یارمەتیدانی لوبنان کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەسترا، ئەڵمانیا لەزاری ئەنالینا باربۆک وەزیری دەرەوە ئاشکرایکرد کە 95 ملیۆن دۆلار پێشکەش بە لوبنان دەکات بۆ مەبەستی مرۆیی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ.
ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی dpa
چەک و جبەخانەی زۆر رەوانەی ئیسرائیل کرا
بەهۆی جەنگی ئیسرائیل لەدژی بزوتنەوەی حەماس و حزبوڵڵا و هاوکاریکردنی ئیسرائیل، حکومەتی ئەڵمانیا بریاریدا بەبەهای 94.5 ملیۆن یۆرۆ چەک بۆ ئیسرائیل هەناردە بکات، ئەوەش لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو بەبەهای 326.5 ملیۆن یۆرۆ چەکی دیکەی هەناردەکردووە، لەم رووەوە میدیا و رای گشتی رەخنە لە حکومەت دەگرن.
Spiegel Online
هەرێمەکان داوادەکەن سنوورەکان توندتر بکرێن
سەرۆکی هەر 16 هەرێمەکەی ئەڵمانیا لە لایبزیک کۆبوونەوە و بەکۆی دەنگ بڕیاریاندا کە داوا لە حکومەتی ناوەند بکەن بۆ توندترکردنی سنوورەکانی وڵات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بۆ رێگریکردن لە هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی.
Leipziger Volkes Zeitung
دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنان زیادی کردووە
بەپێی داتاکانی پۆلیسی ئەڵمانیا لە ساڵانی رابردوودا دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنان لە هەموو هەرێمەکانی ئەو وڵاتەدا زیادی کردووە و تەنها لەساڵی پاردا 148 هەزار ژن دەستدرێژییان کراوەتەسەر و ماف و ئازادییەکانیان پێشێلکراوە، دەستدرێژییەکانیش بریتین لە بازرگانیگردن پێیانەوە و هەڕەشە و ئازاردان و پەلاماردانیان لەلایەن پیاوانەوە، بەپێی میدیاکان ئەو ژمارانە لە دە ساڵی رابردوودا هەمیشە لەبەرزبوونەوەدان.