براوەكانی ئەمساڵی باڵۆن دۆر

10:19 - 2024-10-30
وەرزش
94 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی دووشەممە 28/10/2024 خەڵاتی باڵۆن دۆر و سەرجەم خەڵاتەكانی تری گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ بۆ ساڵی 2024 دابەشكران، گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ -ی فەرەنسی سپۆنسەر و خاوەنی خەڵاتەكانە و ساڵانە دابەشیاندەكات.
شەوی دووشەممەی رابردوو، لەسەر شانۆی دۆشاتلییە لە پاریس، سەرجەم خەڵاتەكان ی ساڵی 2024 دابەشكران، كە گرنگترینیان باشترین یاریزانی جیهانە، خەڵاتەكانیش بەمشێوەیە دابەشکران:
*لامین یامال – لە بارسیلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا - خەڵاتی كوپا بۆ باشترین یاریزانی لاو كە تەمەنی لە 21 ساڵ كەمترە.
*بارسیلۆنا باشترین تیپی تۆپی پێی خانمان.
*ریاڵ مەدرید باشترین تیپی تۆپی پێی كوڕان.
*هاری كەین هێرشبەری یانەی بایرن مونشن بە هاوبەشی لەگەڵ كلیان مباپێی هێرشبەری پاریس سان جێرمانی پێشوو ئێستای ریاڵ مەدرید، خەڵاتی گێرد مۆلەر بۆ گۆڵكاری ساڵی وەرگرت.
*ئیمیلیانۆ مارتینێز - گۆڵپارێزی یانەی ئەستۆن ڤێلڵا و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی وەرگرت.
* ئیما هایز -ی ئەمریكی و راهێنەری تیپی خانمانی یانەی چێڵسی ئینگلیزی، خەڵاتی باشترین راهێنەری تیپی خانمانی وەرگرت.
*كارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی و راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید خەڵاتی باشترین راهێنەری وەرگرت.
*ئایتانا بۆنۆ ماتی، خانمە یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی باسیلۆنا خەڵاتی باشترین خانمە یاریزانی تۆپی پێی پێبەخشرا.
*رۆدری ئیسپانی و یاریزانی هێڵی ناوەندی یانەی مان سیتی، خەڵاتی باڵۆن دۆری 2024 -ی بردەوەو پێش هەریەك لە ڤینیسیۆس جونیۆر و جود بیلینگهام كەوت.

بایكۆت
مەراسیمی ئەمساڵ لە لایەن یانەی ریاڵ مەدرید -ەوە بایكۆت كرا لەبەر ئەوەی پێشوەخت ئاگادار كرابوون كە رۆدری ئیسپانی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان و باڵۆن دۆری بردۆتەوە.

مێژوویەكی كورتی(باڵۆن دۆر) ( Ballon d'Or) 
باڵۆن دۆر مێژوویەكی دێرینی هەیە و لە ساڵی 1956 – ەوە بەیاریزانان دەدرێت، باڵۆن دۆر بە چەند قۆناغ و چەند ناوێكی جیا جیادا تێپەڕیوە.
ئەم خەڵاتە لەساڵی 1956 – ەوە دابەشدەكرێت، سەرەتا ناوی (خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا) بووە، یەكەم یاریزانیش كە بۆتە براوەی ئەم خەڵاتە ستانلی ماتیۆسی ئینگلیزی بووە كە ئەو ساڵە بۆ یانەی بلاكبۆڵی ئینگلیزی یاریی كردووە.
ئەم خەڵاتە بەو ناوە و بەو سیستمەی خۆی بەردەوام بووە تا ساڵی 1995، لەم ساڵەوە سیستم و جۆری بەخشینەكەی گۆڕانكاری تیادا كرا و تەرخان كرا بۆ باشترین یاریزانی یانەكانی ئەوروپا، واتە مەرج نییە یاریزانەكە ئەوروپی بێت، دەشێت یاریزانی دەرەوەی ئەوروپا بێت، بەڵام مەرجە یاریی بۆ یانەیەكی ئەوروپا بكات، یەكەم یاریزانیش كە ئەم خەڵاتەی بەو سیستمە نوێیە بردەوە جۆرج ویا-ی لیبیری و یاریزانی یانەی ئەی سی میلان -ی ئیتاڵی بوو، بەم سیستم و بەرنامە نوێیە ئەم خەڵاتە ساڵانە دابەشدەكرا تا ساڵی 2009، لە ساڵی 2010 وە ئەم خەڵاتە لەگەڵ خەڵاتی باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهان-فیفا تا ساڵی 2015 تێكەڵاو بوون و بەباڵۆن دۆر ناوزەد كرا و ساڵانە بەباشترین یاریزانی جیهانی دەدرا.
دواتر جارێكی تر و ساڵی 2016، ئەم دوو خەڵاتە تێكەڵە (باڵۆن دۆر - باشترین یاریزانی تۆپی پێی جهانی) لەیەكتر جیا بوونەوە و باڵۆن دۆری گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ سەربەخۆی خۆی وەرگرتەوە.
میسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ
ئەم دوو یاریزانە خاوەنی زۆرترین باڵۆن دۆرن، مێسی لەپلەی یەكەمدایە بە كۆكردنەوە و بردنەوەی 8 باڵۆن دۆر، ئەمەش ریكۆردێكی ناوازەیە، هەرچی كریستیانۆ رۆناڵدۆ -شە خاوەنی 5 باڵۆن دۆرە و هیچ یاریزانێكی تر شان لەشانی ئەم دوو یاریزانە نادات.

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان