«چەند هەرێمی كوردستان یەكڕیز و یەكدەنگ بێت، زیاتر دەتوانین خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵك بكەین»

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی: ی.ن.ك ئامادەیە بۆ گفتوگۆیەك بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانی تێدابێت

11:33 - 2024-10-31
کوردستان
164 جار خوێندراوەتەوە

د.دلاوەر عەلائەدین بۆ سەرۆك بافڵ:
״ئەگەر 10 بۆ 15 ساڵی تر بڵێن كام هەڵمەتی هەڵبژاردنە؟ دەڵێن هەڵمەتەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، كە مۆركی خۆتت پێوەكرد، ئەستێرەیەك بوویت و دەنگدەرێكی زۆرت هێنایە سەر سندوقەكانی دەنگدان״

لە سەرەتای دیدارەكەدا د.دلاوەر عەلائەدین سەرۆكی ئینستتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) بەخێرهاتنی سەرۆك بافڵ و میوانانی كرد و رایگەیاند: چاوەڕوانی پانێڵێك و دیبەیت و گفتوگۆیەكی بەپێز دەكەین. سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانیش وتی: ئەمساڵ بانگەشەیەكی گەرموگوڕ و سەرنجڕاكێشمان بەچاوی خۆمان بینی، ئەگەر 10 بۆ 15 ساڵی تر بڵێن كام هەڵمەتی هەڵبژاردنە؟ دەڵێن هەڵمەتەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، كە مۆركی خۆتت پێوەكرد بەوەی رچەشكێن بوویت، لەگەڵ گەنجەكان شتێكی نوێت وروژاند، ئەستێرەیەك بوویت و دەنگدەرێكی زۆرت هێنایە سەر سندوقەكانی دەنگدان و هۆكار بووی بۆ ئەوە.

ئامادەکردنی: تەها عەبدوڵڵا

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوێنێ لە هەولێر بەشداری لە «دیداری مێری»دا كرد و لە پانێڵێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و سەركردایەتیی و نوێنەری وڵاتان و چینوتوێژەكان، تیشكی خستەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن بەگشتی، پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەت، بەرنامە و پرۆگرامی یەكێتی بۆ داهاتووی هەرێمەكەمان، بارودۆخی ناوخۆ و بەغدا و كێشەكان و چارەسەرەكان و تەئكیدیكردەوە كە «ی.ن.ك ئامادەیە بۆ گفتوگۆیەك بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانی تێدابێت و هەرێمەكەمان بەرەو باشتر ببات».

یەكێتی هێزێكی دیموكراسییە و هەر ئەوەش هۆكار بوو بۆ ئەوەی دەنگەكانمان لەسەدا 92 زیاد بكات

ستراتیژم نەبینی لە هەندێك لە حزبەكاندا
سەرۆك بافڵ، لەسەرەتای قسەكانیدا، بۆچوونی خۆی لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، خستەڕوو و رایگەیاند: بۆچوونم زۆر باش بوو لەسەر هەڵبژاردنەكە، تاڕادەیەك لە هەندێك شوێنی كوردستان كەمێك كێشە هەبوو لە هەڕەشەكردن و لێدان لە خەڵك و لە هەندێك شوێنیش رەنگە پێویست بەوە بكات بەوردی دیراسەی هەڵمەتەكە بكرێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی بانگەشەكە زۆر باش بوو، تاكتیكەكەی ئێمە زۆر زۆر سەركەوتوو بوو، بەرنامەكەی ئێمە ئەوەبوو لە هەموو شوێنێك قسەیەك و شتێكی تایبەت بكەین، تا نەیارەكانمان لە بەرگریكردندا بن هەموو جارێك، لەوەشدا زۆر زۆر سەركەوتوو بووین، ئەوەش وایكرد هەندێك لە حزبەكان لە ناوەڕاستی بانگەشەكەدا هەر پەیامی خۆیان گۆڕی، سەرەتا باسی خزمەتیان دەكرد و شتی تریش، چەند شتێكی سەیریشم بۆ دەركەوت، یەكێكیان ئەوەبوو ستراتیژم نەبینی لە هەندێك لە حزبەكاندا، كە بەشێكی ئەو حزبانە لە حكومەتیشدان و حوكمڕانی دەكەن ئەوە سەیرە، لەلایەكی تریش دڵخۆشكەرە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بۆ جارێكی تر چۆن مامەڵە بكەین.

یەكێتی ئامادەیە قوربانی بدات بە هەموو مافەكانی خۆی بۆ بەرژەوەندیی گشتی

یەكێك لە ئامانجەكان پێش هەڵبژاردن كردمان، ئەویش رێكخستنەوەی باڵانسی هێز بوو
لە درێژەی قسەكانیدا لەبارەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە، سەرۆك بافڵ وتی: ئێمە وەك یەكێتی هەوڵماندا و ئامانجمان ئەوە بوو خەڵك بچێتەسەر سندوقەكانی دەنگدان، لە چەند شوێنێك رامانگەیاند مەرج نییە دەنگ بە ئێمە بدەن، بەڵكو گرنگ ئەوەیە بەشداریی لە دەنگداندا بكەن و كەشێك دروستببێت خەڵك بڕوا و متمانەی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیموكراسی بۆ بگەڕێتەوە و دەنگەكەی گرنگە، لەمەشدا هەر سەركەوتوو بووین، ویستمان ئەو رەئیانەی لەسەر یەكێتی هەبوون، كە بەهەڵە لێكدانەوەیان بۆ دەكرا، ئەوەش راست بكەینەوە و لای خەڵك روون بێت كە یەكێتی هێزێكی دیموكراسییە و هەر ئەوەش هۆكار بوو بۆ ئەوەی دەنگەكانمان لەسەدا 92 زیاد بكات و پشتی خۆمان قایم كرد و دەمێك ساڵ بوو یەكێتی دەنگی بەو شێوەیە نەهێناوە و لە زۆربەی سنوورەكان و بەتایبەتیش لە زۆنی سەوز لە هەموویدا یەكەمین، كە من هیچ كاتێك حەزم بەوە نەبووە بوترێت زۆنی سەوز و زۆنی زەرد، بەڵام ئەمجارە زۆنەكەی خۆمان بەتەواوی سەوزە، ئەوەش زۆر گرنگە بۆ ئێمە و پشتئەستوورین و دەتوانین زۆر خێراتر بۆ پێشەوە بڕۆین و ئەوەشی كراوە لە دوو ساڵدا بووە و سەركردایەتیی نوێی یەكێتی كردوویەتی و گۆڕانكاریی زۆر گەورە كراوە و ئامانجی گەورەشمان هەیە، كە یەكێك لە ئامانجەكان پێش هەڵبژاردن كردمان، ئەویش رێكخستنەوەی باڵانسی هێز بوو، پەیامێكی دیكەشمان ئەوەبوو كە كۆتایی دەهێنین بەم سیاسەتە خۆسەپێنە، ئەوەشمان كرد، سەیربكەین ئێستا گەورەترین حزب لە هەرێمی كوردستان كە بەحساب پارتی دیموكراتی كوردستانە لە 56 كورسییەوە بوونەتە چەند كورسی.

لام باشترە حزبەكان لەیەكتر نزیكبنەوە
سەرۆكی یەكێتی وتیشی: بۆچوونێكی ترم هەیە كە رەنگە هەندێك لە یەكێتییەكان بەدڵیان نەبێت، ئەویش ئەوەیە لام باشترە حزبەكان لەیەكتر نزیكبنەوە، چونكە پێویستمان بەیەكتری هەیە، پێویستە یەكتر بخوێنینەوە و زیاتر رێز لەیەكتر بگرین، ئێستا یەكێتی رەقەمە، پارتی رەقەمە، كاك شاسوار رەقەمە، حزبە ئیسلامییەكان رەقەمن، ژمارەیەك ئۆپۆزسیۆنی تازە دروستبوون، ئەوانیش رەقەمن، كەشوهەواكە باشترە بۆئەوەی گۆڕانكارییەكی جددی لە هەرێمی كوردستان بكرێت، زۆر كەس وایاندەزانی كۆتایی بە پرۆسەكە هاتووە دوای هەڵبژاردن، بەڵام ئێستا پرۆسەكە دەستپێدەكات، ئێستا كێ دەتوانێت خۆی بەهێزبكات بۆ مفاوەزات لەگەڵ حزبەكانی تر، من دەزانم ئەم پرۆسەیە چۆن دەڕوات. 

هەموو وڵاتێك پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنی بەهێز هەیە
سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆن و رۆڵی لە هەرێمی كوردستاندا لە ئێستا و رابردوودا، سەرۆك بافڵ، باسی لەوەكرد كە هەموو وڵاتێك پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنی بەهێز هەیە، تاكو چاودێر بێت بەسەر حكومەت و ئەو لایەنانەی بەشداری تێدا دەكەن، ئێستا كاك شاسوار ئەركێكی زۆری لەسەرشانە، چۆن ئێمەش رەنگە بە شێوەیەكی تر دوای بانگەشە قسە بكەین و ئیش بكەین، دڵنیام جەنابیشی وادەكات، لە رابردوودا كاتێك بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكێتی جیابووەوە كە گەورەترین غەڵەت بوو كاك نەوشیروان كردی، باڵانسی هێزی لە كوردستان تێكدا، پرۆسەیەكی دەستپێكرد كە نەیتوانی تەواوی بكات، ئاشكراش بوو كە پێی تەواو ناكرێت، كاك نەوشیروان زوو تێگەیشت لەوە، ویستی رێكیبخاتەوە لەگەڵ یەكێتی، ویستی زۆر نزیك بینەوە، بەڵام چەند كەسێك هەبوون لەناو یەكێتی هەموو جارێك رێگربوون لەو پرۆسەیە و تێكیان دەدا، لەو سەردەمەدا گۆڕان زۆر بە توندی قسەی دەكرد، چەندین بەڵێنی دا، بەڵام كاتێك هاتنە ناو حكومەت، بۆیان دەركەوت كە حكومەت ئەوە نییە، بۆیە نەمان، ئێستاش كاك شاسوار تووشی ئەم سەرئێشەیە دەبێت، رەنگە لەم هەڵبژاردنەدا نا، بەڵكو لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو خەڵك داوای جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی لێدەكات و پێی دەڵێن تا كەی ناچیتە ناو حكومەت و ئەم پرۆسەیە چاك بكەیت، كە من پێموایە پێویستە كەشێك دروست بكەین، ئەم حزبانە لەجیاتی ئەوەی پێیان عەیب بێت بەشداریی پڕۆسەی سیاسی بكەن، قەناعەتیان پێبكەین بەشداری بكەن، چونكە پێمانوایە گۆڕانكارییەكان لەناو سیستمەكە دەكرێت نەك لە دەرەوەی حكومەت، ئەوەی پەیوەندیی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە هەیە حەزی لە منافەسە و لە بوونی كەشێكی دەوڵەمەندی دیپلۆماسی و سیاسییە و ناترسێت، بەڵكو حەزمان لێیەتی، لەهەمانكاتدا پشتیوانی هەموو ئەو لایەنانە دەكەین كە هەست دەكەن غەدریان لێكراوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە هەیە، ئێمە پێمان خۆش بوو حزبەكەی كاكە حەمەی حاجی مەحمود كورسییەكی بەدەستهێنا، ئەگەر دەستتێوەردانی حزبی تر نەبوایە، رەنگبوو كورسی زیاتری بهێنایە.

وردتر هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەكە دەكەین
سەبارەت بە چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەت، سەرۆك بافڵ، تەئكیدیكردەوە كە یەكێتی، پشتیوانی هەموو لایەنەكان دەكات، هێشتا وردتر هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەكە دەكەین و چەند تێبینییەكەمان هەیە، وەك دەوترێت پارتی دیموكراتی كوردستان بەنیازە سەردانی حزبەكان بكات، نابێت بە هەمان بەرنامەی جاران بێت، دەبێت بەرنامەكان گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەكان، ئێمە بەنیازین متمانە دروست بكەینەوە لە لای خەڵك‌ و دڵنیاتان دەكەمەوە یەكێتی دەیەوێت هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن بەرەوپێشبچێت، وەك چۆن لە دوو ساڵی رابردوودا هەمیشە بەرەوپێشچووین، ئەوەشی كە دەیڵێم مەبەستمان هەر ئەوەیە، ئەوەشی یەكێتی دەیڵێت جێبەجێی دەكات، ئێمە لەگەڵ ئەوە نین كە پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت دوابكەوێت، بەڵكو پێمانخۆشە بەیانی پێكبهێنرێت، بەڵام ئێمە بەڵێنمانداوە بە خەڵك، بۆیە چاوەڕێی ئەوە مەكەن پەشیمان بینەوە، یان سازش بكەین لەو قسانەی كە كردوومانە و كردوومە و دەمەوێت هەمووان ئەم بارودۆخە رێكبخەینەوە و لاپەڕەیەكی تازە بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان هەڵبدەینەوە و رێكبكەوین.

هیچ كابینەیەك هێندەی ئەم كابینەیە خراپ نەبووە
سەبارەت بە حوكمی دروست و ئەدای كابینەكانی رابردووی حكومەتی هەرێم، وتی: پێویستە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی موئەسەسە، نەك وەك ئەوەی لە رابردوودا هەبوو كاك فڵان و كاك فڵان لەناو وەزارەتدا هەبوون، هەرچەندە كابینەكانی رابردوو كەموكوڕییان هەبوو، بەڵام بەرەو باشتر دەچوو و خەریكبوو لەیەكتر تێدەگەیشتین، بەڵام بەداخەوە ئەوەی من بینیومە هیچ كابینەیەك هێندەی ئەم كابینەیە خراپ نەبووە، ئەمەش خەتای عەقڵیەتی ئەم جارە بوو، كە بۆچوونی وابوو كە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ حزبەكان بكەن، بۆیە ئێمە چاوەڕوان دەكەین ئەمجارە بە رۆحیەتێكی تر حكومەت دروست بكەین، بەجۆرێكی تر یەكتر بخوێنینەوە و یەكتر وەك شەریك ببینین، نەك وەك دوژمن، چونكە پێویستە بزانن هیچ كاتێك رەفیقێكتان دەست ناكەوێت وەك یەكێتی، یەكێتی ئامادەیە قوربانی بدات بە هەموو مافەكانی خۆی بۆ بەرژەوەندیی گشتی، بەپێچەوانەشەوە قەت رکابەرێکی واتان دەستناكەوێت، وتیشی: ئەوەی لە رابردوو هەبوو، شەراكەت نەبوو، كەس بەڕوونی نازانێت پرۆسەی نەوت فرۆشتن چۆنە و پارەكەی لەكوێیە، وەزیری دارایی هیچی لا نییە و ئاگای لە هیچ نییە، هەر بەڕاستی ئەوە چ وەزعێكە، كاتێك باسی ئەم بارودۆخە دەكرێت دەوترێت یەكڕیزیی كورد تێكدەچێت، بۆیە ئێمە دەڵێین یەكڕیزی ئەوە نییە و دەبێت ئەم بارودۆخە و ئەقڵیەتە چاك بكەین، ئامادەین بەیەكەوە بارودۆخەكە چاك بكەین، بۆ ئەو مەبەستە پرۆگرامێكمان هەیە بۆ ریفۆرم بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم و دامەزراوەكانی، بۆ رێكخستنەوەی زۆربەی بوارەكان كە پێویستیان بە رێكخستنەوە هەیە، بەتایبەتی لە بوارەكانی نەوت و گاز و ئەمنیەت و پەیوەندییەكان ‌و رێكخستنەوەی دامەزراوەكان و دارایی، ئەوەی دەمانەوێت جەختی لەسەر بكەینەوە خزمەتكردنی خەڵكە، بۆیە ئێمە وەك یەكێتی زۆر بەوردی دیراسەی ئەو بابەتانە دەكەین ئەوەشی دەیكات ستراتیژە و جەختی لەسەر دەكەینەوە.

رێگریی لەبەردەم یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا هەیە
لەبارەی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و رێگرییەكانی بەردەم پرۆسەی رێكخستنەوەی، سەرۆكی یەكێتی، وتی: لایەنێك كە بە ژمارە هێزەكەی زیاترە نەك بەتوانا، رەنگە نەیەوێ ئەوە لەدەستبدات كە خۆی دەیەوێت، بۆیە نایەوێت هێزەكان یەكبگرنەوە و ئەوەی خۆی دەیەوێت لەدەستی بدات، ئەو لایەنە جیاوازی دەكات لەنێوان هێزەكاندا و حساب بۆ هێزەكەی خۆی و بۆ موئەسەساتەكانی خۆی لە سلكی ئەمنیدا دەكات، بەڵام حساب بۆ هێزەكانی تر ناكات و جیاوازی زۆر دەكات و بودجەیان دەبڕێت و ئیمزای دەرچوونی ئەفسەرەكانیان ناكات، كە ئەوەش زۆر سەیرە و دیارە كێ لەگەڵ یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەدا نییە، وتیشی: ئاشكرایە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەرنامەی سەرۆك مام جەلال بوو، ئەوكات زۆر باسی ئەوەی كرد هێزەكان یەكبگرنەوە‌ و ببن بە هێزی كوردستان، بەڵام من ئەو هەڵوێستە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان نابینم، بەڵكو ئەوان دەیانەوێت ئەو پڕۆسەیە بەكاربهێنن تاكو زاڵبن بەسەر هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا، ئەمە سەركەوتوو نابێت و قابیلی قبووڵ نییە، هەروەها دژی پرەنسپەكانی ئەو رێككەوتنەیە كە لەگەڵ ئەمریكییەكاندا چەندین ساڵە خەریكین، ئەوان لەوپەڕی دنیاوە هاتوون هاوكاریمان دەكەن لەڕووی دارایی و پرۆسەكانی مەشق و راهێنانەوە، بەڵام ئەوە دەكرێت كە باسم كرد و بەربەستن لەبەردەم دروستبوونی هێزێكی پێشمەرگەدا.

لە دهۆك و لە بادینان منداڵەكانمان لە قوتابخانە و خوێندنگەكاندا وەرناگیرێن، لایەنگرانمان ئیشیان دەستناكەوێت
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سەرۆكی یەكێتی، وتی: لە دهۆك و لە بادینان منداڵەكانمان لە قوتابخانە و خوێندنگەكاندا وەرناگیرێن، تەخەروج ناكەن، لەبەرئەوەی یەكێتییە بچووكترین ئیشی نادرێتێ، حەزدەكەم بچن دیراسەی بكەن، دەبێت ببن بە پارتی ئەوكاتە ئیشیان بۆ دەكرێت، بۆیە دەپرسم چۆن حوكمڕانی بەو شێوەیە دەكرێت، ئەمە چ جیهانێك و وڵاتێك و حوكمڕانییەكە، بۆیە ئەوەی كە ئێمە دەیڵێین راستكردنەوەی ئەو رێڕەوی حوكمڕانییەیە، كە بەرامبەر كادرانی یەكێتی دەكرێت، ئێمەش دەتوانین ئەوە بكەین، بەڵام ئێمە وەك یەكێتی بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەنین و قەت نایكەین و دڵنیاشبن ئەوە قبووڵ ناكەین كە لەڕابردوودا كراوە، ئێمە بۆ تێكدان نەهاتووین، بەڵكو بۆ راستكردنەوەی هەڵەكان هاتووین و دەبێت هەڵەكان نەمێنن.
سەبارەت بە ناوخۆی وڵات و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، سەرۆكی یەكێتی، رایگەیاند: چەند هەرێمی كوردستان یەكڕیز و یەكدەنگ بێت زیاتر دەتوانین خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین لە بەغدا بێت یان لە ئاستی دەرەوە، پێشم خۆشە ئەوە بڵێم كاتێك كێشەیەك دێتە پێشەوە ئێمە پەنا بۆ دادگای فیدراڵی عیراق دەبەین، هۆكارەكەی ئەوەیە دادگای كوردستان دادگا نییە، حاكم لە ماڵەوە دانیشتووە و وەرەقەیەكی بۆ دەچێت لە دەزگایەكی ئەمنییەوە و پێی دەڵێت تۆ سبەینێ وادەكەیت، حاكمیش دەڵێت بەسەرچاو چی بكەم، كە ئەوە زۆر خراپە، كاتێك لەساڵی نەوەدەكان یەكێتی و پارتی كێشەیان هەبوو، وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا مادلین ئۆڵبرایت هاتە نێوانەوە بۆ چارەسەر، بەڵام ئێستا ئەوە ناكرێت و دەبێت بپاڕێینەوە لە فەرمانبەرێك لە كونسوڵیەت بەدەنگمانەوە نایەت.

خزمەتی میللەتەكەمان بكەین و گەشبینی بڵاوبكەینەوە
لە كۆتاییدا، سەرۆك بافڵ، رایگەیاند: پەیامی ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆر ئاشكرایە ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنێك رێك بكەوین كە ئامانجەكەی وەك ئێمەیە، ئەویش بەرژەوەندیی حزبی ‌و گیرفانی كەس لابدەین و خزمەتی میللەتەكەمان بكەین، ئێمە بۆ هەموو ئەو شتانە ئامادەین، بەڵام ئەگەر نەهاتن ئەو كات كێ دەتوانێت زۆرترین كەس لە خۆی كۆبكاتەوە با بیكات، لەگەڵ هەموو ئەوانەش هێشتا گەشبینم، كاتێك بەشداریی گەنجان و لاوانم بینی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و رێژەی خەڵكم بینی لە پرۆسەی دەنگدان كە بووەهۆی بەرزكردنەوەی رێژەی دەنگدان، چونكە هەرچەندە خەڵك بەشداریی بكات ئەنجامەكەی بۆ لایەنەكان باشتر دەبێت و دەریدەخات كە خەڵك حەزی لە گۆڕانكارییە و هیوادارین بەوە بگەین كە دەستاودەستكردنی دەسەڵات بێتە ئاراوە و رێزی دامەزراوەكان بگیرێت و رێزی سەرۆكی دامەزراوەكان بگیرێت و بە هەموومان گەشبینی بڵاوبكەینەوە و خزمەت بكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان