سەرۆک بافڵ بۆ باڵیۆزی ئەمریکا: یەکێتی بە ستراتیژێکی نوێوە هەنگاو بەرەو پێکهێنانی حکومەت دەنێت

09:39 - 2024-11-03
کوردستان
370 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق کرد.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە دۆخی هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرد و رایگەیاند، یەکێتی بە ستراتیژێکی نوێوە هەنگاو بەرەو پێکهێنانی حکومەت دەنێت، نایەوێت ئەزموونی حوکمڕانییە تاکڕەوەکەی رابردوو دووبارە ببێتەوە. بۆیە هەوڵی ئێمە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی بەرپرسیارە بەرامبەر هاووڵاتییەکانی، حکومەتێکی دادپەروەر کە جیاوازی لەنێوان شارەکاندا نەکات و بە یەک ئاست خزمەتی هەموولایەک بکات.

سەرۆک بافڵ وتیشی، ئەم قۆناغە نوێیەی هەرێمی کوردستان جێگەی تاکڕەوی و خۆسەپێنیی تێدا نابێتەوە، ئەوەی لە رابردوودا دامەزراوە حکومییەکان لەپێناو بەرژەوەندیی حزبی و کەسیدا بەکاردەهێنران، کۆتاییهات و چیتر حکومەت نابێت ئەو شوێنە بێت کە تەنیا کار بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی دیاریکراو بکات، بەڵکو حکومەتی ئەمجارە هی خەڵکە و هەر دەبێت بۆ خەڵکیش بێت، هەموو هەوڵێکیش لەدەرەوەی ئەو ئیرادەیە، شکست دەهێنێت و یەکێتی رێگەی پێنادات.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ململانێکانی ناوچەکە، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و هاوبەشیی راستەقینە دەکەینەوە لە بەڕێوەبردنی وڵات و پاراستنی مافی هەموولایەک، وەکچۆن ئەرکی هەموو لایەکە بەرامبەر ململانێکانی ناوچەکە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و نەهێڵن وڵات ببێتە گۆڕەپانی جەنگ و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان