راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
پەرەپێدانی روباری خاسە و کەنارەکانی پرۆژەیەکە، ماوەیەک لەمەوبەر راگەیەندرا بۆ پاککردنەوە و بەخشینی دیمەنێکی جوان بە رووباری خاسە لە شاری کەرکوک، بەڵام تائێستا هەنگاوەکانی پرۆژەکە وەک پێویست نەچۆتە پێشەوە و ئاستەنگی بۆ دروست بووە و نەتوانراوە وەك پێویست بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
سەرەتا بڕیاربوو ئەم پرۆژەیە لەگەڵ تەواوكردنی بەنداوی خاسەدا ئاوەڕۆیەكی ئاویی بۆ دروست بكرێت، كە درێژ ببێتەوە تا خوارووی شارەكە، بە درێژایی ئەو ماوەیە ئاوی لە بەنداوەكەوە بۆ رابكێشرێت بۆئەوەی شوێنی گەشتیاریی و حەوانەوەی بۆ دابین بكرێت، بەڵام تائێستا نەتوانراوە 50 %ی پرۆژەكە جێبەجێ بكرێت.
پرۆژەکە بە دوو گوژمە پارەی بۆ خەرج دەكرێت، گوژمەی یەكەم پێنج ملیار و گوژمەی دووەمیش شەش ملیار دیناری پێویستە، بۆئەوەی بە تەواوی جێبەجێ بکرێت
زیادەڕۆیی سەر خاسە
جوامێر سدیق دانیشتووی گەڕەكی زێوێی كەركوك، لەسەر پرۆژەی ئاوی خاسە وتی: دەمێكە باس لە جوانكاریی پرۆژەی ئاوی خاسە دەكرێت، بەڵام تا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكان ئاوی ئاوەڕۆ و زەل و قامیشێكی زۆر دانیشتوانی ناوچەكەی هەراسان كردووە و هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەكی پێویستی بۆ نەكراوە.
وتیشی: هەندێکجار شارەوانی هەڵدەكوتنە سەرمان بۆ چۆڵكردنی هەندێك لە پرۆژەكانی سەر شوێنەكە بەتایبەت لە گەڕەكی زێوێ و باروتخانە، بۆیە شارەوانی لەگەڵ خەڵكەكەدا تووشی ئاستەنگ دەبێتەوە.
لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە بەهۆی دروستكردنی ئەو زیادەڕۆییانەی كە لەسەر شوێنە گشتییەکان كراوە كەركوكیش بەدەرنەبووە لە دروستكردنی خانووی زیادەڕۆیی لە نزیك شوێنی گەشتیاریی، بە تایبەت لەسەر پڕۆژەكانی ئاوی خاسە، بۆئەوەی پرۆژەکە ئاستەنگی بۆ دروست نەبێت پێویستە ئەو ماڵانەی لەوێدا بە زیادەڕۆیی دروستکراون قەرەبوو بکرێنەوە بۆئەوەی شوێنەکە بەجێبهێڵن و پرۆژەی خاسە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان
مام خورشید یەكێكی ترە لە دانیشتوانی سەر خاسەی كەركوك بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئێمە دەمێكە لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە گەشتیارییە لەسەر خاسە ئاگادار کراوینەتەوە، بەڵام بۆئەوەی شوێنەکانمان چۆڵ بکەین پێویستە قەرەبوو بکرێینەوە، یان ئەو ماڵانەی دەكەونە سەر شەقامە گشتییەكان لە یەكەم هەنگاودا دەبێت بڕوخێنرێت، یان كاركردنەكە بەشێوەیەكی وا بێت كە نیواو نیو زەرەرمەند بین، لەبەرئەوەی بەشێكی زۆری خانووەكان لە هەردوو دیوی رووبارەكەدا بڵاوبوونەتەوە.
ئێستا بڕیاردراوە بەشێك لە پرۆژەكە لە خوارووی كەركوك جێبەجێ بكرێت و بەشی سەرووی رووبارەکە کە دەکەوێتە ناوچە كوردنشینەکانەوە لە داهاتوویەكی نزیكدا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەندازیار ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەردەوام هەوڵمانداوە بۆ پاككردنەوەی ئاوەڕۆی پرۆژەی ئاوی خاسە لە زەل و قامیش، بەڵام لەبەرئەوەی بەشێك لە ئاوەڕۆی گەڕەكەكانی كەركوك دەچێتە ناو ئەم پرۆژەیەوە، بۆیە وەك پێویست ناتوانین كار لەسەر جێبەجێكردنی پرۆژە گەشتیارییەكە بكەین، هەروەها لە رووی مادییەوە پێویستمان بە پارەیەكی زۆر هەیە، بۆ قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیان و دەبێت ئاوەڕۆی شارەكەش چارەسەری بكرێت، بەشێوەیەک گونجاوبێت لەگەڵ پڕۆژە گەشتیارییەكەدا، بۆئەوەی بتوانین شوێنی حەوانەوە و كافتریا و چێشتخانەی پێویستی لەسەر دروست بكەین.
بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك بۆ کوردستانی نوێ :
بەهۆی ئەوەی لە سەرووی شارەكە نزیكەی 60 ماڵ زیادەڕۆییان كردووەتە سەر شەقامە گشتییەكە، ناتوانین وەك پێویست كار لەسەر پرۆژەی خاسە بكەین، چارەسەركردنیشی تەنیا رووخاندن و قەرەبووكردنەوەیانە
هاوئاهەنگیی پارێزگار بۆ پرۆژەکە
وتیشی: ئێستا بەشێک لە پرۆژەکەمان لە خوارووی كەركوك دەستپێکردووە، هەروەها بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگاردا توانیمان بەشێك لە پرۆژەکە تەواو بكەین و لە داهاتووشدا كار لەسەر بەشەكانی تری سەر ئاوی خاسە دەكەین، بەڵام پێویستمان بە كاتێكی زۆر هەیە، بۆئەوەی بتوانین بنەماكانی پڕۆژەكە جێبەجێ بكەین، بۆیە ئێستا لە باری لێكۆڵینەوەداین بۆئەوەی بگاتە ئەنجام و لە داهاتوودا هەموو پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت.
بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك دەڵێت: بەهۆی ئەوەی لە سەرووی شارەكە نزیكەی 60 ماڵ زیادەڕۆییان كردووەتە سەر شەقامە گشتییەكە ناتوانین وەك پێویست كاری تێدا بكەین، چارەسەركردنیشی تەنیا رووخاندن و قەرەبووكردنەوەیانە، بۆیە ئێستا سەرقاڵی بەرنامەیەكین بۆ سەركەوتنی ئەو پڕۆژەیە.
پرۆژەکە بە دوو گوژمە پارەی بۆ خەرج دەكرێت، گوژمەی یەكەم پێنج ملیار و گوژمەی دووەمیش شەش ملیار دینارە، بە دابینکردنیان دەتوانین تەواوی پرۆژەكە جێبەجێ بكەین.
بەڕێوەبەری شارەوانی ئاماژەی بەوەشكرد، بە تەواوكردن و سەرخستنی ئەم پرۆژەیە، رووباری ئاوی خاسە دەبێتە شوێنێكی گەشتیاریی گرنگ بۆ خەڵكی پارێزگاكە و خەڵكانی دەرەوەی پارێزگاكە و بە تەواوکردنی چەندین كافتریا و مۆڵ و شوێنی یاری لە شوێنەکەدا دەکرێتەوە.