بنەمای بیریی و هونەریی لە پەندەشیعرییەکانی پیرەمێرددا

10:43 - 2024-11-25
کەلتور
713 جار خوێندراوەتەوە

د. هەرێم عوسمان

بنەمای بیریی و هونەریی لە پەندەشیعرییەکانی پیرەمێرددا، ناونیشانی تێزێکی (صدیق اورحمان علی)ە، بە سەرپەرشتی (پ. د. حمەنوری عومەر کاکی) ساڵی 2023  پێشکەشی کۆلێجی زمان - زانکۆی سلێمانی کردووە. بە رێبازی شیکاریی وەسفی نووسراوە و لە سێ بەش و هەر بەشەش لە چەند پارێک پێکهاتووە. 

1

بەشی یەکەم، بەناونیشانی) پەندی پێشینان و پەندەشیعرییەکانی پێرەمێرد)، لە چوار پار پێکهاتووە. سەرەتا توێژەر پێناسەگەلێکی فۆلکلۆر دەکات، کە بەرهەمێکی هاوبەشی گەلەکانە و دەماودەم ماوەتەوە و گوزارشت لە بیری تایبەت و گشتی نەتەوەکان دەکات و رووخسارێکی سادەی هەیە. فۆلکلۆری کوردی بەهۆی فرەیی شێوەزار و درەنگکەوتنی چاپەمەنی و گوندنشینی و کۆچەرییبوونەوە...هتد، دەوڵەمەندە. هاوکات ئەم رەوتەی ئەدەب توانای خۆبەردەوامیدانی لەگەڵ سەردەمی نوێ هەیە، بەڵام نەک بەشێوازی کۆن، بەڵکو بە هزر و شێوازی نوێ. لەگەڵ ئەوەشدا پەندە شیعرییەکان بەرزترن لەو پەندانەی کە بە زمانی خەڵکی ئاسایی دەربڕاون. خودی زاراوەی پەندیش چەند واتای جیاوازی لە فەرهەنگدا هەیە: ئامۆژگاری، سوکایەتی، تەمێکردن، فریودان، گاڵتەپێکردن، سەربۆر، پەنددادان، مۆچ...هتد. هەروەها پەندپێدان زیاتر لەوەی هێنانەسەر رێی راست بێت، فێڵ و کەتن و بەهەڵەدابردنیش دەگرێتەوە، لەلایەکی ترەوە پەند و بە پەندبوون یان پەنگ و بە پەنگ بوون، کە گوزارشت لە دۆخ و چیرۆک و رووداوێک دەکات کە شایانی پەند وەرگرتن یان بە پەنگ بوون بێت، واتە جۆرێک لەوانە یان شەرمەزاربوون. شێخ محەمەدی خاڵ لە سەرەتای کتێبی (پەندی پێشینان)ەکەیدا، دەنووسێ (وتارێکی کورتی، رێک و پێکی، جوانی، بەتامی، بە تەوژمی، کاریگەرە، کە لە دڵ و دەروونێکی بێداری، ئاوەدانی، ئاگاداری، پێشینانەوە هاتبێتە دەرەوە، لە دوای بەراورد و تاقیکردنەوەیەکی دوورودرێژ). پەندی پێشینان وەک دەستوورێکی کۆمەڵ وایە، کە لە ئەنجامی تاقیکردنەوەوە بۆ نەوەکانی دواتر ماوەتەوە، لەبەرئەوە ئەحمەدی پارسا رای وایە، دەربڕی فەلسەفەی ژیان و کاردانەوەی تاقیکاریی جیهان و بەرهەمی رەوانبێژیی رەوانبێژانە، رستەیەکی کورتی تەشبیهی و واتایەکی حەکیمانەیە. کەواتە پەندەکان چیرۆکی ژیان دەگێڕنەوە، لەبەرئەوە رەگەزەکانی چیرۆکیان (کات، شوێن، کەس و رووداو) تێدایە، لەڕووی تەکنیکەوە، دیالۆگ و مەنەلۆگ..لەخۆدەگرن، هەروەک چیرۆکەکان زۆربەی راستەقینەن، کەمتر خەیاڵی و داهێنراون. پەند سەرەتا لەلایەن کەسێکی بەئەزموون و هۆشیارەوە کە پێی دەوترێت پەندبێژ دادەڕێژرێت و دواتر بەکاردەبرێتەوە. پەندبێژیی دوو جۆرە، پەندبێژی میللی و پەندبێژی ئەدەبی، ئەمەی دووەم بەتواناتر و لێهاتووترە، شێوازی ئەدەبی و هونەری بە پەندەکە دەبەخشێت، وەک شێوازی شیعریی دایدەڕێژێتەوە، بۆیە پێی دەوترێت (پەندی شیعریی) بۆ نمونە:
ئەوەی ئەیەوێ سەری نەیێشێ
بەقەد بەڕەی خۆی پێ ڕادەکێشێ

 

 

پەندبێژیی دوو جۆرە، پەندبێژی میللی و پەندبێژی ئەدەبی، ئەمەی دووەم بەتواناتر و لێهاتووترە، شێوازی ئەدەبی و هونەری بە پەندەکە دەبەخشێت، وەک شێوازی شیعریی دایدەڕێژێتەوە

 
سەبارەت بەسەرچاوە و مێژووی پەند، بۆچوونی جیاواز هەیە، کە هەندێک پێیان وایە سەرەتاکەی دیاری ناکرێت و بەر لە نووسینە، هاوکات سەرچاوەی هەر پەندێک ئەزموون و چیرۆکێک هەیە، جا چیرۆکەکە واقیعی یان خەیاڵی و داهێنراو بێت، لەبەرئەوە کۆی پەندەکان گوزارشت لە کۆی مێژوو و ئەزموونی مرۆڤایەتی دەکەن. پەند خاوەنەکەی دیار نییە، بەڵام بۆچوونیش هەیە، پێیوایە سەرچاوەکەی بۆ شاعیرە کلاسیکەکان دەگەڕێتەوە، کە ئەمەش رەتکەرەوەی پێش نووسین کەوتنی پەندەکانە. دواتر توێژەر باسی ئامادەیی بەبایەخی پەند لە ئاینەکاندا و مێژووی کۆکردنەوەی پەندەکان دەکات، کە بۆ سۆمەرییەکان و سەدەی 18 پ.ز دەگەڕێتەوە، لای عەرەب بۆ 168ی کۆچی و لای فارس 1501 و کوردیش لەگەڵ بۆچوونی جیاواز، بەڵام بۆ 1711ز دەگەڕێتەوەو توێژەر بە پێی هەر چوار پارچەی کوردستان پشکنینی کردووە، کە لە باشوور بۆ 1915 دەگەڕێتەوە. لەپاری دووەم باسی گرنگی و تایبەتمەندی و ئەرکەکانی پەندی پێشینان دەکات، پاشان جۆرەکانی پۆلێن باس دەکات، بەپێی ئەلفبێ، مێژوو، بوون، شێوە و پێکهاتە، ناوەڕۆک و فۆرم، ئامانج و مەبەست، لە کۆتاییشدا باسی 13 ئەرکی پەندی پێشینان دەکات.
لە پاری سێیەمدا پەیوەندیی پەندی پێشینان بە زانستە جیاوازەکانەوە دەخاتەڕوو، رای وایە دەکرێت پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی یەک زمان و نەتەوە، یان چەند زمان و نەتەوە ئەنجام بدرێت و پرۆسەی بەراورد بەکارببرێت. هەروەها پەند پەیوەندیی توندوتۆڵی بە هاوچەشنە ئەدەبیەکانی ترەوە هەیە، وەک قسەی نەستەق، ئیدیۆم، درکە. توێژەر دواتر جیاوازی پەندی میللی و پەندی شیعری دەکات و نموونە دەهێنێتەوە:
دنیا بدەی بە سواڵکەرێ هەر سواڵ دەکا.

بەڵام پەندی شیعری ئاوا باسی هەمان مەبەست دەکات:
سواڵکەری چنۆک دنیای پێ بدرێ
هێشتا سواڵ ئەکا ئەگەر بۆی بکرێ


لە پاری چوارەمدا باسی پەندەشیعرییەکانی پێرەمێرد دەکات، کە لە سی و چلەکاندا لە هەردوو رۆژنامەی ژیان و ژین بڵاویکردوونەتەوە، کە نزیکەی 20 هەزار لەخۆ دەگرێت. وێڕای نزیکی پەند و شیعر، شاعیربوونی پیرەمێرد و هۆشیاریی هۆکارێکی گرنگ بوون بۆ ئەم کارە، کە توانیوێتی پەندەکان بەشیعر دابڕێژێتەوە و مۆرکی هونەرییان لێبدات و لە هەمووی گرنگتر بیانپارێزێت. هاوکات پەندەکانی پیرەمێرد بە قسەی نووسەران، قسەی نەستەق و پلار - تەوسیش لەخۆ دەگرێت، لەکاتێکدا توێژەر پێیوایە ئەمانە جیان و نابێت تێکەڵ بکرێن، چونکە قسەی نەستەق و پلار لەخانەی ناوەڕۆکەوە پۆلێن دەکرێت، بەڵام بە پەند گوزارشتی لێ دەکرێت، لەبەرئەوە کارەکەی پیرەمێرد کۆکردنەوە و پاراستن و گونجاندنە لەگەڵ بارودۆخی ئەوکاتەی پەندەکانی کۆکردۆتەوە. لە کۆتاییدا توێژەر باسی بنەما بیریی و هونەرییەکانی پەندە شیعرییەکانی دەخاتەڕوو.

2
بەشی دووەم، (بنەمای بیریی لە پەندەشیعرییەکانی پیرەمێرددا) لەم ناونیشانەوە بەشی دووەم بۆ حەوت پار دابەشکراوە، لە پاری یەکەم باسی گرنگی پەند لە پەروەردە و فێربووندا دەکات، کە پەند ژیانکردنە بە فێربوونەوە، کەواتە پەروەردە ئامادەکردنی مرۆڤە بۆ ژیان. پیرەمێرد لە ئەزموونی ژیان و کارەکانیدا لەبواری رۆژنامەگەری و رێکخراوەییدا بایەخێکی فراوانی بە پەروەردە و خوێندن داوە، لەبەرئەوە لە وەسیەتەکەشیدا جەختی لێدەکاتەوە:
لای من بەخوێندەوارییە، ئاهـ خوێندەوارییە
هەر میللەتێ کە فەنی نەبێ دەردی کارییە
ئاخ خۆزگە خوێندنیش وەک من ئارەزوو ئەکەم
بیبینم و نەبێتە گرێی قورسی کفنەکەم



توێژەر لە رێگەی پەندەشیعریی و پەندبێژی و پەندداڕێژییەکانی پیرەمێردەوە ئامانجە پەروەردەییەکانی لە رێگەی (ئاگادارکردنەوە، رێگری، رێنمایی و ئاراستەکردن و ئامانج) دەخاتەڕوو، بۆ نموونەی ئاگادارکردنەوە دەنووسێ:
ئەولادتان بەناز پەروەردە مەکەن
چاک نابن خۆتان رەنجبردە مەکەن
  

یاخود دەنووسێت:
ئاخ خوێندەواری فریامان کەوە
بۆ عالەم رۆژە بۆ ئێمە شەوە


پیرەمێرد لەبارەی رێگری نەزانی و خراپەکارییەوە پێماندەڵێت، کە دەردی نەزانان و تێنەگەیشتووان گرانە و ماڵوێرانن:
هەرچی ئەزانی بۆت ناچێتە سەر
مەیکە بەخولیا و کەڵکەڵەی سەر
نەزان، نەزانێ، کە هیچ نەزانە
بەختیش رووی تێکا، خانە وێرانە



دواتر توێژەر باسی بەها رەوشتی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات، کە پیرەمێرد لە پەندەکاندا ئاگادارمان دەکات کە درۆ و شەرم نەکەین، رقپەروەر نەبین و جڵەوی هەواو هەوەسمان بکەین...هتد، لەبەرامبەردا رەوشتبەرز بین و ببینە هاوڕێی زانین، وەفاداری هاوڕێ و دۆستانمان بین. پاشان باسی بیری پەروەردەی کۆمەڵایەتی و راگرتنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و بیری سیاسی و نیشتمانپەروەری دەکات، پێیوایە نابێت توخنی سیاسەت بکەوین، ئەگەریش کەوتین ئاگادار بین، هەروەها نیشتمانپەروەری ئەرکە و پیرۆزە، نەک نمایش و فریو:
لەدووی سیاسەت خۆت مەخەرە بەند
رێوی قەواڵەی پێبوو پێستیان کەند

  یان دەڵێت:
هەرچی هەڵدەستێ نیشتمانپەروەرە
کە دەرفەتی دی، بەشی خۆ بەرە


پیرەمێرد لەپەندەکاندا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بیری سیاسیی بۆ ئەوەیە سەرکردەی سیاسی و نیشتمانپەروەر دروست بکات، نەک بەرژەوەندیخواز و میللەت بەکاربەر. هاوکات بیری ئاینیی و فەلسەفی پێگەیەکی گرنگیان لەپەندەکانیدا هەیە و توێژەر وەک فەیلەسوفی میللی پەندبێژەکان دەناسێنێت، لە کۆتاییدا باسی مرۆڤ، ژن و پیاو لە پەندەکاندا دەکات، سەرکۆنەی مرۆڤ دەکات، بەڵام ژن پێگەیەکی دیاری هەبووە و ژێردەستە و سێبەری پیاو نەبوون.
خوا فەرموویەتی شەیتانی ئینسان
هەر ئینسانە بۆ درۆی نیسان


هەروەها پیرەمێرد لەپەندەکانیدا جووەکان بە درۆزن، بەرژەوەندیخواز، پارەپەرست و بێ وەفا، گەڕ، گەڕۆک، فیتنە، ئاژاوەگێڕ...هتد ناودەبات.

3
بەشی سێیەم، (بنەمای هونەریی لە پەندەشیعرییەکانی پیرەمێرددا)، ئەم ناونیشانە بەسەر چوار پاردا دابەش دەکات و یەکەم بۆ بونیادی هونەریی زمان، دووەم بۆ ئاوازەیی و ریتم و مۆسیقا دادەنێت، سێیەم بونیادی هونەری وێنەی کاریکاتێری بەسەر دەکاتەوە، لەکۆتاییشدا بونیادی هونەری گێڕانەوە لە پەندەشیعرییەکان دەستنیشان دەکات. زمان بەو پێیەی دەفری بیری مرۆڤایەتی و دروستکەری شار و شارستانییەتە، ئەوا لە فۆلکلۆردا پێکهاتەیەکی بنەڕەتییە لە کورتبڕی و واتای دروستدا. پیرەمێرد لە پەندەکاندا زمانی تێکەڵی بەکارهێناوە و چەندین وشەی داهێناوە یان مەزراندووە) خودبین، خودگیر، خەمشە، دیزەڕەش، تەنپەروەر، چراوەکوژێن...هتد). سەبارەت بە ئاوازەش باسی کێش و سەروای پەندەکان دەکات، کە سەرجەمی پەندەشیعرییەکانی پیرەمێرد بە کێشی دە بڕگەیی نووسراون، چەندین جۆری سەرواشی بەکارهێناوە، ئەمە جگە لە ئاوازی ناوەوە کە دووبارەکردنەوە و رەگەزدۆزی و...هتد. هەرچی بونیادی وێنەی هونەرییە، ئەوا پەندەکان پەندی وێنەیین، لەناویاندا وێنەی کاریکاتێری و تەوس بنەڕەتییە.
کەس دانانیشێ بێ سات و سەودا
خوا بۆ سەیری خۆی ئێمەی تێک بەردا
پەنجکێ نانی خستۆتە ناومان
خستیە بەر چەپۆک سەر و کڵاومان


پیرەمێرد لە خواوە بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەرە جیاوازەکان وێنەی کاریکاتێری و تەنز بۆ بیری جیاواز ساز دەکات. هەرچی بونیادی هونەری گێڕانەوەیە، کە سیانەی (گێڕەرەوە، گێڕاوە، بۆ گێڕاوە) لە پەندا دەبێت بە (پەندبێژ، پەند و بەردەنگ)، هاوکات رەگەزەکانی گێڕانەوەش لە کات و شوێن و رووداو و کەسێتی ئامادەیی دیاریان هەیە.
جاران ئەم کوردە هێندە بە وەفا بوو
دزیشیان قەدری وەفای لە لابوو...


بەمجۆرە دەستپێدەکات و درێژەی پێدەدات، واتە لە سەرەتاوە تا کۆتایی دەڕوات، رەگەزەکان و بەردەنگ ئامادەیی بەرچاویان هەیە، هەروەها دیالۆگ و مۆنۆلۆگ و خۆدواندن...هتد لە گێڕانەوەکاندا هەن:
بە حوشتریان گووت ملت درێژە
وتی: ئەڕوانم رێ سەرەو لێژە


 لە کۆتاییدا توێژەر بە چەند خاڵێک ئەنجامی نامەکەی دەخاتەڕوو، کە پەندەکان لە هەر چەشنێکی ئەدەبی زیاتر راستییان تێدایە، هەروەها پەندەکان لە سەردەمانێکدا بەشێک بوون لە داب و دەستووری کۆمەڵایەتی و دادوەری، هاوکات پەندەکان فۆرمی داڕشتنیان سەلیقە و هەستی جوانیناسییان تێدایە، واتە هاوسەنگی بیر و فۆرم لەبەرچاوگیراوە. پەندەکانی پیرەمێرد لە بواری پەروەردەدا لەگەڵ بنەما و مەبەستەکانی پەروەردەی نوێ سازگارە، هەروەها پەندەکان جگە لە ئاڕاستەی ئاینی یارمەتی تێگەیشتن لە تێکستە ئاینییەکانیش دەدەن. پیرەمێرد وێڕای هەوڵەکانی لە چاکسازی مرۆڤدا، بەڵام تێڕوانینێکی نەرێنی بۆ کۆی مرۆڤایەتی هەیە و رەگەزی ژنیش بە پلە دوو دەبینێت، جولەکەش بە شێوێنەری دنیا دەبینێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان