ئەو هۆكارانەی كاریگەرییان لەسەر یاریكردنی منداڵ هەیە

11:11 - 2024-11-27
کەلتور
118 جار خوێندراوەتەوە

د. سەمەد ئەحمەد*


یاریی چالاكییەكی جەستەیی و عەقڵیی و كۆمەڵایەتیی و هونەرییە، زیاتر لە هۆكارێك كاریگەرییان لەسەری هەیە. دیارترینیان ئەمانەن:

1. لەشساغی و دروستیی جەستەیی:
لەشساغی و دروستی جەستەیی كە یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی یاریی، دەبێتە مایەی ئەوەی ئەو كەسە بە باشی بجووڵێت، ئەمەش دەبێتە سەرچاوە بۆ باشکردنی ئەو چالاكییە و وردەكارییەكانی یارییەكە. بە پێچەوانەی ئەمەوە، ئەگەر جەستە ساغ نەبێت، ئەوا بە باشی توانای کردنی جووڵەی نابێت، هەر بۆیە ناتوانێت بە باشی یاری بكات، ئەمە زیاتر بۆ ئەو یارییانە راستە كە پێویستی بە خەرجكردنی وزەی جەستەیی زۆر هەیە.
لەلایەكی تریشەوە، چەندە جەستە ساغ و بێ‌ دەرد و نەخۆشی بێت، ئەوەندە باشتر ئەندامەكانی جەستە گەشە دەكەن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی ئەو كەسە چالاك بێت و بە باشی یاری بكات. پێچەوانەی ئەمەش راستە، واتا ئەگەر جەستە ساغ نەبێت و نەخۆش بێت، ئەوا ئەندامەكان بە باشی گەشە ناكەن، دەرئەنجانی ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی ئەو منداڵە نەتوانێت بە باشی یاری بكات. نەك هەر ئەمە، بەڵكو ئەگەر جەستە ساغ نەبێت مرۆڤ بە باشی توانای بیركردنەوە و تێڕامانیشی نابێت، هەر بۆیە دەڵێن: (عەقڵی ساغ لە جەستەی ساغ دایە).

2 - تەمەن و زیرەكیی و گەشەی عەقڵیی:
منداڵ لەگەڵ هەڵكشانی تەمنیدا، ئەزموونی زیاتر لەسەر كەرەستەكان و پێداروەكانی بەردەستی پەیدا دەكات، پسپۆڕانی سایكۆلۆژیای منداڵ ئەوەیان خستووەتەڕوو كە منداڵ لەدوای تەمەنی سێ‌ ساڵییەوە باشتر دەتوانێت كەرەستەكان بەكاربهێنێت و یارییان پێبكات. لەلایەكی تریشەوە ئەوەیان سەلماندووە كە یاری چالاكییەكی عەقڵییە، بۆیە تەمەن و زیرەكیی و گەشەی عەقڵیی راستەخۆ كاریگەرییان بەسەر یارییەوە هەیە. بێ‌ دوودڵی دەتوانین بڵێین: مەحاڵە منداڵی تازە زا، یان كەسی بێ‌ هۆش و بێ‌ فام بتوانێت یاریی بكات، بۆیە منداڵ چەندە تەمەنی هەڵكشێت و زیرەك و هۆشیار بێت، ئەوەندە باشتر دەتوانێت بە باشی یاری بكات و چالاكییەكە وەك ئەوەی پێویستە بیکات، چونكە زیرەكیی یارمەتیدەر دەبێت ئەو منداڵە، لە یاریكردندا كار و كاردانەوەی باشی هەبێت، چەندەش كار و كاردانەوەكان لەكاتی خۆی و لە شوێنی خۆیدا بە باشی بکات، ئەوەندە زیاتر و باشتر ئەو منداڵە لە یاریكردنەكەیدا سەركەوتوو دەبێت، پێچەوانەی ئەمەش راستە، واتا هەر منداڵێك زیرەكیی و هۆشی كەم بێت، ناتوانێت بە باشی یاری بكات، هەر بۆیە لە یارییەكەدا سەركەوتوو نابێت.
ئەمە ئەو راستییە زانستییە دەردەخات كە پەیوەندییەكی تەواكاریی و راستەوخۆ هەیە لەنێوان زیرەكیی و یاریكردندا. ئەم راستییەش زیاتر لەو یارییانەدا بەدی دەكرێت كە بیركردنەوە و تێفكرین و تێڕامانیان زۆر پێویستە، وەك وێنەكێشان و لێكدانی پارچەكان بۆ دروستكردنی شتێك، یان ئەو یارییانەی مقەست و بڕین و كەتیرەیان پێویستە.
پسپۆرانی سایكۆلۆژیای منداڵ ئەوەیان خستووەتەڕوو ئەو منداڵانەی زیرەك و بلیمەتن، زیاتر حەزیان لەو یارییانەیە كە كاری دەستین و وردەكاری و رێكخستنیان پێویستە، وەك: وێنەكێشان و زەخرەفە و میوزیک و..هتد، ئەم جۆرە منداڵانە كەمتر حەزیان لەو یارییانەیە كە سروشتێكی توندوتیژ و جەنجاڵ و قەرەباڵغیان هەیە.
ئەو منداڵانەی رادەی زیرەكییان نزمە، زیاتر حەزیان لەو یارییانەیە كە جووڵەیان زۆرە، یان توندوتیژی و بەریەككەوتنیان تێدایە، هەر لەو رێگەیەشەوە وزە زۆر خەزنكراوەكەی جەستەیان بەكاردەهێنن. جگە لەمانە، دەبێت بزانین منداڵی زیرەك و خاوەن عەقڵی بەرز و باڵا، زیاتر ئەو یارییانە دەكات كە سادە نین، یان کردنیان قورس و ئاڵۆزە، بەڵام منداڵی كەم زیرەك زیاتر ئەو یارییانە دەكات كە سادە و ئاسانن.

3. توخمی نێرو مێ‌:
مرۆڤ ئەگەرچی لە توخمدا جیاوازن لەیەك، بەڵام نەك هەر دژ بەیەك نین، بەڵكو تەواوكەری یەكترن و هەمیشە پێویستیان بە یەك هەیە و پەكیان لەسەر یەك دەكەوێت، بەڵام لەبەرئەوەی كەلتوری كۆمەڵگەكان و شێوە و شێوازی پەروەردە و مامەڵەی خێزانەكان لەگەڵ هەردوو توخمی نێر و مێ‌ وەك یەك نەبووە و نییە و جیاوازییكراوە لە نێوانیاندا، بۆیە ئەمە كاریگەریی هەبووە لەسەر خواست و ویست و حەزەكانی هەریەكەیان بۆ زۆر بواری ژیان، لە ناویشیاندا یاریكردن. لەبەر ئەم هۆیە هەر لە منداڵییەوە یارییەكان بەپێی توخمەكان جیا دەكرێنەوە، هەندێ‌ یاری دەبێتە تایبەتمەندی كوڕان، وەك یاریكردن بە دەمانچە و شمشێر و ئەسپ و تۆپ و فڕۆكە و..هتد. هەندێ‌ یاری تریش دەبێتە تایبەتمەندی كچان، وەك یاریی ماڵەباجێنە و خەتخەتێن‌ و..هتد.
بە كورتی بڵێین: كوڕان زیاتر لاسایی باوكیان دەكەنەوە و ئەو یارییانە دەكەن كە كاری باوكیانە، یان نزیكە لە كاری باوكیانەوە، كچانیش لاسایی دایكیان دەكەنەوە و ئەو یارییانە دەكەن كە كاری دایكیانە، یان نزیكە لە كاری دایكیانەوە، بەڵام ئەمە لە كاتێك بۆ كاتێكی تر و لە كۆمەڵگەیەك بۆ كۆمەڵگەیەكی تر جیاوازییان هەیە و هەمیشەش ئەگەری ئەوە لە ئارادایە كە گۆڕانیان بەسەردا بێت.

4. باری دارایی خێزان:
باری دارایی خێزان كاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر یاریی و یاریكردنی منداڵ. روونتر بڵێین: ئەگەر باری دارایی خێزان باش بێت و لە ئاستێكی بەرزدا بێت، ئەوا دەتوانرێت كەرەستەی چەندین یاری بۆ منداڵ دابین بكرێت، ئەمەش یارمەتی منداڵ دەدات كە بەشێك لە حەز و ئارەزووەكانی لە رێگەی یاریكردنەوە بەدیبهێنێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەگەر ئاستی دارایی خێزان نزم بێت، هەرگیز لە توانایدا نابێت وەك پێویست یاریی بۆ منداڵ دابین بكرێت، ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی ئەو منداڵە بێبەش بێت لە یارییەكان، بۆیە ناچار دەبێت و هەوڵدەدات كە بە كەرەستە و كەلوپەلی منداڵی تر یاریی بكات، لەمەشدا زۆرجار تووشی گرفت و كێشە لەگەڵ منداڵی خاوەن یارییەكاندا دەبێت.

5. ئاستی رۆشنبیریی خێزان:
لەبەرئەوەی ئاستی رۆشنبیری و پیشەیی ئەندامەكانی هەموو خێزانێك وەك یەك نییە، هەندێك خێزان ئاستی رۆشنبیرییان بەرزە و هەندێكی تریش نزم، بۆیە ئەمە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر شێوازی پەروەردەكردن و گەشەی عەقڵی و هەڵچوونی منداڵ، ئەو خێزانەی ئاستی رۆشنبیرییان بەرزە، درك بەوە دەكەن كە سروشتی منداڵ چییە و چی پێویستە؟ بەتایبەتی لە دابینكردنی كەرەستەی یارییدا، هەروەها دەزانن پێویستە منداڵ جار جارە لە چوارچێوەی خێزان بهێنرێتە دەرەوە و ببرێت بۆ سەیران و گەشت و ئەو شوێنانەی كەرەستەی یاریی زۆریان تێدا هەیە، بەڵام هەندێ‌ خێزانی تر كە ئاستی رۆشنبیری ئەندامەكانیان نزمە، درك بە پێداویستیی منداڵ ناكەن، هەربۆیە دابینكردنی كەرەستەی یاریی و بردنەدەرەوەی منداڵ لەماڵ و ئاشناكردنیان بە یاریی جۆراو جۆر، بە پێویست نازانن، بەمشێوەیە ئاستی رۆشنبیری خێزانەكان كاریگەریی دەبێت بەسەر یاری و یاریكردندا لەلای منداڵ.

6. ژینگەی جوگرافی:
لەبەرئەوەی یاریی چەندین جۆر و شێوە و شێوازی هەیە، بۆیە هەندێك لە یارییەكان بەپێی سروشتی وەرزەكانی ساڵ دەکرێن. بۆ نموونە: یاری شەڕە بەفر، یان خلیسكانەی سەر بەفر، كە لە وەرزی زستان و سەرماوسۆڵەدا دەکرێت، بەڵام لە وەرزی هاویندا مەلە و یاریكردن لە كەناری رووبار یان دەریاكان دەکرێن، ئەمە ئەگەر ئەو وڵاتە رووباری زۆری هەبێت، یان سنووری ئاویی هەبێت. بەمشێوەیە ژینگەی جوگرافیش كاریگەریی بەسەر یاریی و یاریكردنەوە هەیە.

* پسپۆر لەبوارى پەروەردە و دەروونزانى.

بابەتە پەیوەندیدارەکان