وتەبێژی یەكێتی، جەخت لەسەر هەڵوێستی یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمانێكی كارا، دەكاتەوە و ئەوە دەخاتەڕوو كە «یەكێتی، بەو بەرنامەیەی کە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بڵاویكردەوە، دەچێتە پەرلەمانەوە».
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاند: یەكێتی بەو بەرنامەیەی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بڵاویكردەوە، دەچێتە پەرلەمان و ئامادەیە بۆ بەشداریكردن لە یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا و پەرلەمانتارانیشمان بە رۆحیەتی پێكەوەیی؛ كاردەكەن و دەیانەوێت قەرەبووی ئەو ماوەیە بكەنەوە كە پەرلەمانی كوردستان كارەكانی راگیرابوو. وتیشی: دوای یەكەم دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان دەكرێتەوە، هەرچەندە بەشێوەیەكی ناڕەسمی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان دەستپێكراوە، هەروەك دەرگاشمان كراوەیە بۆ هەر لایەنێك كە ئامادەی گفتوگۆ بێت.
وتەبێژی یەكێتی، تەئكیدی لە هەڵوێستی نەگۆڕی یەكێتی كردەوە سەبارەت بە راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی و ئەوەی دووپاتكردەوە كە وەرگرتنی پۆستەكان و دابەشكردنیان بە گفتوگۆ دەكرێت، پێویستیشە لە ماوەیەكی كورتدا هەوڵبدەین بەشێوەیەكی دروست كاربكەین بۆ پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتێكی كارا.