كەشتییەكەی سیسیۆس

گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

12:21 - 2024-11-28
ئەدەب و هونەر
968 جار خوێندراوەتەوە

سیۆدیسی

 

ئاوات ئەحمەد سوڵتان
(13)

خوا ئیرادەی ئازادی بەخشیوە بە مرۆڤ و ئەویش ئەگەر خراپ بەکاری بهێنێت، ئەوە ئاکامەکەی خراپە دەبێت و چاکیش بەکاری بهێنێت، ئاکامەکەی چاکە دەبێت. بە هەردوو بارەکەشدا خۆی دروستکەری کامەرانی و نەهامەتیی خۆیەتی

 

دەستنووسێکی لایبنیز 1710

چەند رۆژێک دوای گفتوگۆکەم لەگەڵ ئیپیکۆرسدا، لە گۆتفرید ولیەم لایبنیز -ەوە پۆستێکم بۆ هات. کتێبی سیۆدیسی (theodicy) نامەیەکی تێدا بوو سەرنجی خۆی دەربارەی گفتوگۆکە روونکردبۆوە و راشکاوانەش وتبووی کە رایەکەی ئیپیکۆرسی بە دڵ نییە.
وەڵامی نامەکەم دایەوە و بانگهێشتم کرد بۆ سلێمانی، کە هات گفتوگۆیەکی سەنگین لە نێوانماندا روویدا. بەڵام با پێش گفتوگۆکە باسێکی کتێبەکە بکەم: کۆپییەکەی لایبنیز بە زمانی ئەڵمانی بوو، بیرم کەوتەوە من وەرگێڕانێکی ئینگلیزیی ئەو کتێبەم هەیە، هەستم بە خەجاڵەتی کرد کە تا ئێستا نەمخوێندۆتەوە، بۆیە دوو هەفتەی رابردوو هیچم نەکرد، خەریکی خوێندنەوەی ئەو کتێبە بووم، لەژێر ناونیشانەکەدا نوسراوە(چەند وتارێک دەربارەی چاکیی خوا، ئازادیی مرۆڤ و ریشەی خراپە) ئی ئێم هوگارد کردوویەتی بە ئینگلیزیی و لە ساڵی 2007 دا لە لایەن چاپەمەنی بیبلۆبازارەوە بەقەبارەی گەورە و 444 لاپەڕە چاپکراوە. جێگای ئاماژەیە چاپی یەکەمی لە ساڵی 1710 دا کەوتۆتە بەردەست و لە چاپەکانی دواتردا ناونیشانەکەی کورت کردۆتەوە بۆ سیۆدیسی کە لە دوو وشەی یۆنانی دروستی کردووە: سیۆس (خوا) و دیکی (دادپەروەریی)، واتە دادپەروەریی خوا، ئەمە کتێبێکی فەلسەفییانەی نایابە، لە پرسێکی بنەڕيتیی دەکۆڵێتەوە: «خوایەک کە خاوەنی هەموو تواناکانە و هەموو شتێک دەزانێت و زۆریش بە بەزەییە و مرۆڤەکانی خۆش دەوێت، چۆن رێگە دەدات خراپە لە جیهاندا هەبیت؟ » تەواوی ئەرگومێنتەکانیشی دەخاتە خزمەتی یەک گریمانەوە: «بوونی خراپە لەگەڵ خوادا بەو سیفەتانەوە کە ئاماژەم پێدان، هیچ ناکۆکییەکی تێدا نییە»
لایبنیز جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی خوا، بەوجۆرەی ئێمە لێی تێدەگەین توانای هەموو شتێکی هەیە، هەموو شێکیش دەزانێت؛ بنەمای چاکەشە، واتە ئەوپەڕی چاکە و خراپەی لێ ناوەشێتەوە. خوا دەیتوانی جیهان بە شێوەیەکی دیکە دروست بکات، یاخود هەر دروستی نەکات، بەڵام لەبەرئەوەی چاکەکارە، جیهانی بەمجۆرە خوڵقاندووە کە بە دڵنیایی باشترینی هەموو جیهانە شیاوەکانە، واتە بە باشترین شێوە خوڵقاندوویەتی. شتێک کە زۆر سەرنجی راکێشام ئەوەیە لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا، لە بڕگەی دەهەمدا، لە لاپەڕەی (132) دا دەڵێت:
ئەوە راستە کە مرۆڤ دەتوانێت ئەندێشەی جیهانێکی شیاوی بێ هەڵە و بێ نەهامەتی بکات، وەک ئەوەی لە رۆمانە ئەندێشەییەکاندا هەیە ... بەڵام ئەم جیهانانە هێندەی ئەمەی خۆمان نایاب نابن زۆربەی جارەکانیش خراپە دەبێتە هۆی کەوتنەوەی چاکە، کە ئەگەر ئەو نەبووایە بەدی نەدەهات. (دامڕشتۆتەوە)
یانی بە بڕوای لایبنیز، خوا بە دانایی ناکۆتای خۆی، روانیوویەتە هەموو ئەو جیهانانەی کە دەشێت بخوڵقێنرێن و لەناویاندا ئەمەی بە باشترین داناوە و خوڵقاندوویەتی. لەبەرئەوەی خوا خۆی کامڵ و بێخەوشە، ناشێت جیهانێک دروست بکات کە ئەویش وابێت، بەڵکو جیهان بە سروشتی خۆی ناکامڵە و خراپەش لە جەوهەریدایە. بێگومان پرسی خراپە یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی فەلسەفەی دین و بەر لە لایبنیز کەسانی وەک ئۆگەستین و پاشانیش لە فەلسەفەی ئیسلامیدا پانتاییەکی زۆری بۆ تەرخانکراوە و هەتا ئیمڕۆش هەر درێژەی هەیە
دەمەوێت خوێنەر ئاگادار بکەمەوە کە لێرەدا تەنها کتێبەکە دەخەمە روو، گفتوگۆکردنی بیرۆکەکان هەڵدەگرم بۆ ئەو کاتەی لەگەڵ نووسەرەکەدا گفتوگۆ دەکەم. بەڵێ، لایبنیز جەخت دەکات لەسەر ئەوەی خراپە پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوامیی بدەین بە ژیانی خۆمان و بشتوانین چاکە بدۆزینەوە و چێژی لێ وەربگرین. هۆی ئەمەش دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی خوا ئیرادەی ئازادیی بەخشیوە بە مرۆڤ، لێگەڕاوە خۆی بریار بدات چ ڕێگایەک دەگرێتەبەر.
بێگومان، لایبنیز عیساییەکی دڵسۆزە، بەهەموو توانایەوە هەوڵ دەدات، خوا لە خراپە بێبەریی بکات (گەرچی لای خۆمان مەخلوقێک پەیدا بووە، مەسیحییەکان بەکافر دادەنێت)، ئەو دەڵێت خراپە و گوناهکردن خۆیان لە ناو جیهاندا هەن و لەگەڵ دەرکرانی ئادەم و حەوادا لە باخی ئیدن، هاتوونەتە سەر زەمین و بەهۆیانەوە نەفرەت مرۆڤەکانی گرتۆتەوە.
لە دیدی لایبنیزەوە، بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت پەیوەندییەکی راستەقینە لەگەڵ خوادا بگرێت، دەبێت ئیرادەیەکی ئازادی هەبێت و خۆی بژاردەکانی دیاریی بکات. لەمبارەیەوە شتێکی وەک ئەمە دەنووسێت (دامڕشتۆتەوە):

لایبنیز (1646 - 1716)

خوا ئیرادەی ئازادی بەخشیوە بە مرۆڤ و ئەویش ئەگەر خراپ بەکاری بهێنێت، ئەوە ئاکامەکەی خراپە دەبێت و چاکیش بەکاری بهێنێت، ئاکامەکەی چاکە دەبێت. بە هەردوو بارەکەشدا خۆی دروستکەریی کامەرانی و نەهامەتیی خۆیەتی. (ل. 120)
واتە ئازادیی ئیرادە نیعمەتی خوایە و کەوتۆتە سەر ئەوەی مرۆڤەکان چۆنی بەکاردەهێنن. هەر ئەمەشە کەسێتی ئاکارییانەی مرۆڤەکان پێکدەهێنێت، لەوێشەوە دەتوانن پەیوەندیی لەگەڵ یەکترییدا بگرن و بژاردەکانی خۆیان دیاریی بکەن. یانی، دەتوانیت پارچە قوماشێکی ئاوریشم بکەیت بە پۆشاکێکی نایاب، یاخود بە پەتێک خۆتی پێ بخنکێنیت.
هەموو هەوڵی لایبنیز لەم کتێبەدا دۆزینەوەی وەڵامێکی قایلکەرە بۆ پرسیاری: بۆچی خراپە لە جیهاندا هەیە؟ جیهانێک کە خوایەک سەردارێتی بەر لە هەموو شتێک زۆر بەڕەحمە و زۆریش مرۆڤەکانی خۆشدەوێت، لەپاڵ ئەوەشدا لەدەستی دێت ئەو کارە بکات. لێرەدا خەیاڵم دێتەوە بۆ لای خۆمان، بۆ جیهانی ئیسلامیی. ماوەیەکی زۆر مشتومڕێکی زۆر لەبارەی ئەم پرسیارەوە هەبوو: ئایا ئەقڵی مرۆڤ جیا لە سروش (قورئان) دەتوانێت درک بە چاکە و خراپە بکات؟ بێگومان موعتەزیلەکان زۆر ڕرشکاوانە دەیانووت بەڵێ، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دژایەتیکرانیان لە لایەن تێکڕای تایفە دینییەکانی دیکەوە.
لایبنیز لە کتێبەکەیدا دوو جۆرە خراپە لە یەکتریی جیادەکاتەوە: خراپەی ئاکاریی کە ئەنجامی ئیرادەی ئازادی مرۆڤەکانە، واتە بژاردەکانیان، کردە شەخسییەکانیان بۆ ئازاردان یان سوودگەیاندن بەوانیتر، لەگەڵ خراپەی سروشتیدا کە دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشیی و کارەساتە سروشتییەکان. زۆر شێلگیرانەش جەخت لەوە دەکات کە خراپەکان لەگەڵ ئەوەدا لایەنی نەرێنییان هەیە، هاوکات لایەنی ئەرێنیشیان هەیە. کارەساتە سروشتییەکان بۆ سەقامگیریی و بەردەوامبوونی جیهان پێویستن. ئەوەی ئێمە وەک خراپەیەک لەو کارەساتانەدا بۆی دەڕوانین، جۆرێکە لە خۆڕاستکردنەوەی سروشت و هاوسەنگکردنەوەی لاسەنگییەک کە هاتۆتە گۆڕێ. کورد وتەنی: خوا کێوێک دەڕووخێنێت بۆ ئەوەی دۆڵێکی پێ پڕبکاتەوە، لەمەشەوە دیسان جەخت دەکاتەوە کە بوونی خراپە خۆی ئاماژەیە بۆ هەبوونی چاکە و سەروەریی خوایەکی بەهێز و دانا کە هەموو گەردوون بەڕێوە دەبات، کە پێشوەخت دیزاینەکەی بۆ داڕشتووە و هارمۆنیی و هاوسەنگییەکەی دەپارێزێت.
لە دیدی لایبنیزدا، مرۆڤەکان خاوەنی تێگەیشتنێکی سنوردارن و وێنە گەورەکە نابینن، ئەوان تەنها درک بە بەشێکی بچووکی جیهان دەکەن و لەوە تێناگەن هەموو بەشەکان لە پەیوەندییەکی ئۆرگانیدان و جووڵە و گۆڕانکارییەکان بەردەوام لە پێناوی ئەوەدان کە هاوسەنگیی جیهان تێکنەچێت. بۆیە ئەوەی لە دیدێکی مرۆییەوە خراپەیە، خۆی لە راستیدا بەشێکە لە چاکەیەکی باڵاتر.
دواجار کتێبی سیۆدیسی، کارێکی ئاڵۆز و قورسە، پێویستیی بە خوێندنەوەیەکی ورد و بە کاوەخۆیە، تا بتوانین لە ئەرگومێنتە گشتییەکەی تێبگەین کە بریتییە لە سازاندنی خوا بە سیفەتە باڵاکانییەوە لەگەڵ بوونی خراپەدا لە جیهانی مرۆڤەکاندا. ئەم کارەی لایبنیز کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بیرکردنەوەی خوالۆجی و فەلسەفیی دواتر هەیە و هەتا ئیمڕۆش هەر گفوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
دەمەوێت شتێکی تریش بڵێم: لایبنیز و هاوچەرخەکانی، بە شێوەیەکی گشتی بیرمەندانی هەردوو سەدەی حەڤدە و هەژدە، هەموویان (یان زۆربەیان) کەسانی رۆشنگەرابوون و بەشێکی زۆری هزری خۆیان تەرخان کردبوو بۆ پێکەوە گونجاندنی باوەڕ و ئەقڵ، یان فەلسەفە و خوالۆجی و نەهێشتنی ئەو گرژییەی لەنێوانیاندا هەبوو. لەمبارەیەشەوە کتێبی سیۆدیسی یەکێکە لە بەرچاوترین هەوڵەکان، رەنگە زێدەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێم تەواوی گریمانەکان و بۆچوونەکانی سەردەمی خۆی لە شێوازێکی زۆر قەشەنگدا کۆکردۆتەوە و گفتوگۆی لەبارەوە کردوون. هەرب لەبەرئەوەیشە ئەگەر بە وردیی سەرنج بدەین، ستایڵێکی تایبەتیی لە سەرانسەری کتێبەکەدا دەدۆزینەوە کە بڕگە دوای بڕگە کاری لەسەر کردووە:
ئەو لە سەرەتادا ناڕەزاییەکان دەخاتە روو (خودا لە بەرامبەر خراپەدا)، ئینجا یەکە یەکە وەڵامەکانی خۆی بۆیان پێشکەش دەکات و دواجاریش پێوانەسازییەکی لۆجیکییانەیان بۆ سازدەدات و هەموو ئەمەش لە پێناوی گریمانە بنەڕەتییەکەی خۆیدایە: «هیچ ناکۆکییەک نییە لەنێوان سیفەتەکانی خوا و بوونی خراپەدا لەسەر زەوی. زۆر شێلگیرانەش پێداگریی دەکات لەسەر ئەوەی جیهانەکەی ئێمە باشترینی ئەو جیهانانەیە کە دەشێت هەبن، خوا بە دانایی خۆی باشترین دیزاینی بۆ جیهان هەڵبژاردووە و بە دانایی خۆی وایکردووە مرۆڤەکان بە ئازادیی ئیرادەی خۆیانەوە بتوانن گوزەرانی تێدا بکەن». 
وادیارە باسەکە بەدەستمەوە درێژ بۆوە و بوو بە نمایشکردنی ئەو کتێبەی کە لایبنیز بە دیاریی بۆی ناردووم. بەپێی ئەو رووبەرەی بەرپرسی ئەدەب و هونەر بۆی دیاریی کردووم، دەبێت لێرەدا رابووەستم. جاری داهاتوو ئەو گفتوگۆیەتان بۆ دەگێڕمەوە کە لەنێوانماندا روویدا.

بەرگی پێشەوەی چاپی یەکەمی (سیۆدیسی)

بابەتە پەیوەندیدارەکان