نەشمیل عەلی*
پاشماوەی خۆراک بووەتە یەکێک لە پرسە ژینگەییەکانی سەدەی بیست و یەک، بەپێی ئاماری رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO)، نزیکەی یەک لەسەر سێی هەموو ئەو خۆراکانەی لە جیهاندا بەرهەم دەهێنرێن بەفیڕۆ دەچن، کە ساڵانە نزیکەی یەک ملیار و 300 ملیۆن تۆن دەکات. ئەگەر باسێک لە عیراق و بەتایبەتر کوردستان بکەین کە لە کوێی ئەم داتا جیهانییەدان، داتاکان پێمان دەڵێن خۆراکی کوردستان نزیکەی لە 50 % ی بەفیڕۆ دەچێت کە دەکاتە نیوەی خۆراکی بەرهەم هاتوو و ئامادەکراو بۆ خواردن، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە و پێویستە بە وردی کاری لەسەر بکرێت، چونکە ئەم پاشەڕۆیە نەک هەر سەرچاوەکان بەفیڕۆ دەدات، بەڵکو لێکەوتەی ژینگەیی سەختیشی هەیە. کاریگەری ژینگەیی پاشماوەی خۆراک لە بوارە جیاوازەکاندا دەبینرێت، لەوانە بەکارهێنانی زەوی، بەکارهێنانی ئاو، دەردانی گازی گەرمخانەیی و لەدەستدانی جۆراوجۆریی زیندەوەران.
لەگەڵ بەردەوامبوونی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی جیهان، ئێمە رووبەڕووی ئەو واقیعە ترسناکە دەبینەوە کە تا ساڵی 2050 پێویستمان بە نزیکەی سێ هەسارەی قەبارەی زەوی دەبێت بۆ بەردەوامبوونی شێوازی ژیانی ئێستا، زۆر گرنگە سیستمی خۆراکانمان بگۆڕین بۆئەوەی کاراتر و گشتگیرتر و بەردەوام و خۆڕاگرتر بێت.
تێچووی ژینگەیی پاشماوەی خۆراک
یەکێک لە بەرچاوترین تێچووی ژینگەیی پاشماوەی خۆراک، کەمبوونەوەی ئەو سامانە سروشتییانەیە کە لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا بەکاردەهێنرێن. گەشەکردن و دروێنەکردن و پرۆسێسکردنی خۆراک پێویستی بە بڕێکی زۆر ئاو و وزە و زەوی هەیە، وەکو لە وتاری پێشوتردا ئاماژەم پێدا، لەبەرهەمهێنانی خۆراکدا نزیکەی 70 % ی بەکارهێنانی ئاوی شیرین لە سەرانسەری جیهاندا بەکاردێت، کاتێک خۆراک بەفیڕۆ دەچێت، هەموو ئەم سەرچاوانە لەدەست دەچن، بۆ نموونە ساڵانە نزیکەی 250 کیلۆمەتر سێجا ئاو بۆ گەشەپێدانی ئەو خۆراکانە بەکاردەهێنرێت، کە هەرگیز بەکارناهێنرێن، ئەمەش بەشدارە لە زیادەڕۆیی لە دەرهێنانی ئاو، بەتایبەتی لە ناوچە کەم ئاوەکاندا، ئەوەش پرسەکانی وەک وشکەساڵیی و بیابانبوون خراپتر دەکەن.
بڕینی دارستانەکان و تێکچوونی خاک
جگە لەوەش ئەو پاشماوە خۆراکییانەی لە زبڵدانەکاندا دەمێننەوە بەشدارن لە بەرهەمهێنانی گازی گەرمخانەیی، کاتێک ماددە ئۆرگانییەکانی وەک خۆراک بە شێوەیەکی بێ هەوا (بەبێ ئۆکسجین) شیدەبنەوە، ئەوا گازی میسان دروست دەکەن، کە گازێکی گەرمخانەیی بەهێزە و زۆر کاریگەرترە لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە گیرانی گەرمیی لە بەرگەهەوادا. بەپێی ئاماری پانێڵی نێوان حکومەتەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (IPCC)، توانای گەرمبوونی جیهانیی گازی میسان 25 هێندە زیاترە لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ماوەی 100 ساڵدا. هاوکات رێکخراوی (FAO) مەزەندە دەکات کە پاشماوەی خۆراک بەرپرسە لە نزیکەی 8-10 % ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانیی، لەگەڵ بەردەوامبوونی گەشەکردنی پاشەڕۆی خۆراک، بەشداریکردنی لە گۆڕانی کەشوهەوادا بە هەمان شێوە گەشە دەکات.
جگە لە کاریگەرییە راستەوخۆکانی ژینگە، بەفیڕۆدانی خۆراک لەدەستدانی جۆراوجۆریی زیندوو خێراتر دەکات، خواست لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان کە بەهۆی پێویستیی بەرهەمهێنانی خۆراک زیاتر دەکات، دەبێتە هۆی بڕینی دارستانەکان و تێکچوونی خاک و لەدەستدانی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ گیانلەبەرە کێوییەکان. ئەم لەدەستدانی جۆراوجۆریی زیندووەش نەک تەنها کاریگەری لەسەر ئیکۆسیستمەکان هەیە، بەڵکو خۆڕاگریی ژینگەکەمان لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا و سترێسەکانی تر کەمدەکاتەوە.
داتاکان پێمان دەڵێن خۆراکی کوردستان نزیکەی لە 50 % ی بەفیڕۆ دەچێت، کە دەکاتە نیوەی خۆراکی بەرهەم هاتوو و ئامادەکراو بۆ خواردن، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە
چارەسەرەکان
چارەسەرکردنی بەفیڕۆدانی خۆراک زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئەم کاریگەرییە ژینگەییانە، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک دەتوانێت سەرچاوەکان بپارێزێت و دەردانی گازی گەرمخانەیی کەم بکاتەوە و یارمەتی پاراستنی جۆراوجۆریی زیندوو بدات. ئەمەش دەتوانرێت لە رێگەی هۆشیارکردنەوەی بەکاربەر، بەڕێوەبردنی باشتری خۆراک لە ماڵەکاندا، باشترکردنی کردارەکان لە بەرهەمهێنانی خۆراک و دابەشکردن و فرۆشتنی تاکە کەسیدا بەدەستبهێنرێت. حکومەتەکان، بازرگانەکان و تاکەکان هەموویان رۆڵی گرنگ دەگێڕن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم پرسەدا.
لە کۆتاییدا، بەفیڕۆدانی خۆراک مەترسییەکی بەرچاوی ژینگەیی دروست دەکات، لە کەمبوونەوەی سەرچاوەکانەوە تا دەردانی گازی گەرمخانەیی و لەدەستدانی جۆراوجۆریی زیندوو، بە گرتنەبەری ستراتیژەکان بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک، دەتوانین سیستمێکی خۆراکیی بەردەوامتر و خۆڕاگرتر دروست بکەین، کە سوود هەم بە ژینگە و هەم بە کۆمەڵگە بگەیەنێت.
*ماستەر لە تەکنۆلۆجیای خۆراک، مامۆستا و توێژەر لە (دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و تویژینەوەی زانستی)
تێبینی: لینکی سەرچاوەکان لە سایت و پەیجی کوردستانی نوێ-دا بەردەستە
سەرچاوەکان
* Food and Agriculture Organization (FAO). (2013). Food Wastage Footprint: Impacts on Natural Resources. FAO. * Intergovernmental Panel on Climate Change (IPCC). (2014). Climate Change 2014: Mitigation of Climate Change. Cambridge University Press. * Addressing Food Loss and Waste for a Sustainable Iraq | Unied Nations in Iraq * At least 50 percent of food served in Erbil... | Rudaw.net