سدیق عه‌واڵی
به به‌شداری وڵاتانی (عیراق، سوریا، ئوردون، فه‌له‌ستین، سعودیه، قه‌ته‌ر، لیبیا، میسر، یه‌مه‌ن، سودان)، له سلێمانی یه‌كه‌م پاڵه‌وانێتیی تیروكه‌وانی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا و دووه‌م پاڵه‌وانێتی نێوده‌وڵه‌تیی ئەم وەرزشە ده‌ستیپێكرد.
رۆژی 2/12/2024 ئاماده‌كارییەکانی دەستپێکردنی پاڵه‌وانێتیه‌كه تەواو کران، رۆژی دواتر ووڵاتانی به‌شدار به‌چه‌ند یاریزانێكی كوڕان و كچان لە یارییه‌كانی (ركێف و كۆمباوه‌ند) به‌شدارییانكرد، پاشان یاریی و پێشبڕکێیەکان دەستییان پێ‌کرد و رۆژانه له هۆڵی (شێركۆ فارس) ی تایبەت بە یانه‌ی سلێمانی به‌یانیان و پاش نیوه‌ڕوان بەڕێوە دەچوون و پاڵەوانێتییەکە رۆژی 8 ی ئەم مانگە کۆتاییهات.
ئازاد سه‌فوه‌ت ئه‌ندامی یه‌كێتی تیروكه‌وانی عێراق تایبه‌ت به كوردستانی نوێ، رایگه‌یاند؛ یارییه‌كانی پاڵه‌وانێتییه‌كه ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کی خایاند و له‌لایه‌ن یه‌كێتی تیروكه‌وانی عێراقه‌وه بودجه‌ی پێویستی بۆ ته‌رخانكرا، ئه‌مه وێڕای دابینكردنی خه‌ڵاته‌كان.
سه‌فوه‌ت ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه، بۆ پێنجه‌مین جاره سلێمانی پاڵه‌وانێتیەکی تیروكه‌وانی نێوده‌وڵه‌تی له‌خۆده‌گرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی تیروكه‌وانی عێراق كه له‌هه‌مانكاتدا ئه‌مینداری یه‌كێتیی تیروكه‌وانی عه‌ره‌بییه، شاری سلێمانی به‌گونجاو زانیوه له‌روی ئاسایش و ئارامی و دابینكردنی پێداویستییه‌كانه‌وه. هه‌ر له‌ماوه‌ی بەڕێوەچوونی ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌دا، بۆ دووه‌م جار له شاری سلێمانی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی نوێی یه‌كێتی تیروكه‌وانی وڵاتانی عه‌ره‌بیش کرا كه هه‌ر چوار ساڵ جارێك ئەم هەڵبژاردنە دەکرێت.