راپۆرتی / ئهیاز ههركی
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ئێزدی دەچنە پەرستگهی لاش، بۆ رنینی درەختی زەیتوونەکان و خزمەتکردنی پەرستگاکەیان بەبێ بەرامبەر. هەر لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمەوە زیاتر لە 400 ژن و پیاوی ئێزدی لە ناوچەکە و گوندنشینانی ئێزیدخان، وەک تیمێکی خزمهتكار بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە پەرستگهی لالش ئاماده و کۆدەبنەوە بۆ رنینی درەختی زەیتوونەکان.
لوقمان سلێمان بهرپرسی راگهیاندنی پهرستگهی لالش به كوردستانی نوێی راگهیاند: زەیتوون درەختێکی پیرۆزە لهلای ئێزدییەکان و ژمارەی درەختی زەیتوونەکانی پهرستگهی لالش زیاتر لە 700 دانەیە.
وەک نەریتێکی دێرینی ئێزدییەکان رۆن زەیتوونەکە بۆ داگیرساندنی چرا و فانۆسەکانی پەرستگهی لالش بەکاردههێنرێت کە ژمارەیان 365 دانەیە
لێکردنەوەی زەیتوونەکە
لە رێورەسمی لێکردنەوەی زەیتوونەکاندا یەکێک لە بنەماڵەی شێخەکانی ئێزدی ئامادە دەبێت، پاش رنینی زەیتوونەکان لە کۆگایەکی تایبەتدا هەڵدەگیرێن تا مانگی ئازار و نیسان، پاشان بە ئامادەبوونی زۆرێک لە خەڵکی ئێزدی زەیتوونەکان بە شێوەیەکی سروشتی و بە ئاوی گەرم دەکوڵێنرێن و دواتر رۆنی زهیتی لێ دروست دەکرێت، ئەم رۆنەش لەناو جهركهکاندا لە کۆگایهكی تایبهتی پەرستگهی لالش هەڵدەگیرێت.
خەلیل بیبو وەک ئێزدییەک ساڵانە لە لێکردنەوەی زەیتووندا بەشداریی دەکات و وتی: ئەگەر نەخۆش نەبم، ساڵانە لە باخچەی زەیتوونەکانی لالش، بەشداری لە رێورەسمی رنینی زەیتووندا دەكەم، دەمەوێت لەم خێرە بێبەش نەبم، هەموو کەسێک دەتوانێت بەشداربێت، ئەم كارەی ئێمە دەیكەین نابێتە منەت، بەڵكو خزمەتێکە پێشكەشی دەكەین.
بەکارهێنانی رۆن زەیتوونەکە
وەک نەریتێکی دێرینی ساڵانەی ئێزدییەکان رۆن زەیتوونەکە بۆ داگیرساندنی چرا و فانۆسەکانی پەرستگهی لالش بەکاردههێنرێت.
بهرپرسی راگهیاندنی پهرستگهی لالش دەڵێت: چراکان رۆژانە لە پەرستگهی لالش دادهگیرسێنرێن کە ژمارهیان 365 دانەیە، بە ئەندازەی ژمارەی رۆژەکانی ساڵن. ئەم چرایانە لە هەموو رێوڕەسمێکی ئایینی ئێزدییەکاندا بەکاردههێنرێن، ههروهها رۆژانه رووناکی ئەم چرایانە لالشی نورانی رووناک دەکاتەوە و چراکان لە پەموو دروستکراون.
وتیشی، ئەم کهلتوورەی ئێزدییەکان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا، لە کۆنەوە ئێزدییەکان رۆژانە چراكانیان رێک دەخەن و زەیتی زەیتوون بەکاردههێنن بۆ داگیرساندنی ئاگری چراكان. ئەمە کارێکە گرێدراوە بە سروشت و نەریتی کۆنی ئێزدییەکانەوە، لە پەرستگهی لالش تەنها شتی سروشتیی دروست دەکرێت.
بەشداریی ئێزدییەکان
خەلهف هاووڵاتییەکی ئێزدییە دەڵێت، رنینی درەختی زەیتوونی لالش، کهلتورێکی کۆنی ئێزدییهكانه لە باب و باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، ساڵانە سهرهتای مانگی دوانزه سێ بۆ چوار رۆژ زۆرێك له هاووڵاتیانی ئێزدی لە هەموو ناوچەکانەوە سەردانی پەرستگاکەیان دەکەن بۆ رنینی درەختی زهیتوونهكان.
لەناوەوە و دەرەوەی پەرستگای لالش 365 چرای ئاگرین به زهیتی زەیتوون دادهگیرسێنرێن، هەروەها رووناکی رۆڵێکی گرنگی هەیە لە ئایینی ئێزدیدا به شێوهیهكی گشتی.
پەرستگهی لالش ناسراو بە لالشی نورانی، شوێنی پیرۆزی ئێزدییهكانه دەکەوێتە نێوان سێ شاخ و له سەرووی قهزای شێخانە به دووری 60 کیلۆمەتر له باكووری خۆرههڵاتی پارێزگای موسڵ، بە پیرۆزترین شوێنی ئایینی ئێزدییەکان لە کوردستان و جیهان بە گشتی دادەنرێت و تەواوی رێوڕەسمە ئایینییەکانی ئێزدییەکانی لێ ساز دەکرێت.
کۆڵاندنی زەیتوونەکە و ئامادەکردنی