ئا/ عەبدوڵڵا مەحمود زەنگەنە
بەپێی هەواڵەكانی تۆڕی «CNBC» بێت، فنلاند بڕیاریداوە سووتەمەنیی بەكارهاتووی ئەتۆمیی لە یەكەمین گۆڕستانی جیۆلۆجیدا دابپۆشێت بۆ ماوەی 100 هەزار ساڵ دەمێنێتەوە؟ ئەم پرۆژەیە وەك ساتێكی دیار و گرنگ لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بۆ هێشتنەوەی وزەی ئەتۆمیی بۆ ماوەیەكی درێژخایەن پێشوازیی لێكرا. بڕیارە لەقۆناغێكدا ساڵی ئایندە یان لە ساڵی 2026 دا هەموو ئەو وزە تیشك بەهێزەی بەكارهێنراوە، بكرێتە بۆتەی تایبەتی بەتۆكمەیی داخراو و دەخرێنە ژێر تاوێرەوە بەقووڵایی 400 مەتر لەژێر زەویی دارستانەكانی باشووری خۆرئاوای ئەو وڵاتەدا. هەموو بۆتە لەمس دروستكراوەكان دەرپۆش دەكرێن و بەتەواوی لە مرۆڤ دووردەخرێنەوە. «ئۆنكالۆ» كە ناوی بازرگانی دامەزراوەكەیە، وشەیەكی فنلاندییە و ناوی ئەو ئەشكەوت یان چاڵە بچووكەیە، ناوێكی گونجاویشە بۆ ئەو كۆگایەی دەكەوێتە سەر تۆڕێك لەو تونێلانەی تەنیشت سێ دامەزراوەکە یان كوورەی ئەتۆمی لە دوورگەی ئۆلكیلۆتۆ لە دووریی 240 كیلۆمەتر لەهێلسنكی پایتەختەوە. كۆمپانیای «بوسیفا» ئەو كارە دەكات كە ساڵی 1995 دامەزراوە.
باسی توهیما بەرپرسی كۆمنیوكەیشن لە كۆمپانیای ناوبراودا بە تۆڕی «CNBC» راگەیاند: بایەخێكی زۆر دراوە بەو دامەزراوە جیۆلۆجییە و ئەوەشی بە «رێنسانسێكی» ئەتۆمی ناوبرد لەسەروبەندی ئەو قەیرانەی وزەدا لە ناوەڕاستی ساڵی (2021 – تا كۆتایی 2022) ئەوروپای خستەكێشەوە. ناوبراو دەڵێت:«دۆزینەوەی چارەسەر بۆ لەناوبردنی سووتەمەنیی ئەتۆمیی بەكارهێنراو، بەشێكی ونبوو بووە لە خولی بەردەوامیدانمان بە وزەی ئەتۆمیی»، پرۆژەی ئۆنكالۆ مشتومڕی هێنایە ئاراوە كە ئاخۆ دەكرێت لەو ماوە درێژخایەنەدا سەلامەتیی خەڵك لەو پاشەڕۆ داپۆشراوانە مسۆگەر بكرێت و بەكارهێنانی وزەی ئەتۆمی چەندە دەتوانێت لە كێشەی كەشوهەوا رزگاریان بكات.
بەپێی لێدوانەكانی كۆمەڵەی ئەتۆمیی جیهانی بێت، ئێستا وزەی ئەتۆمیی نزیكەی (%9)ی كارەبای جیهان دابین دەكات، لەبەرئەوەی رێژەی گازی كاربۆنی كەمە، ئەوان داكۆكیی لێدەكەن و پێیانوایە وزەی ئەتۆمی دەتوانێت رۆڵی گرنگ ببینێت لە هاوكاری و یارمەتیدانی وڵاتاندا بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا، بە دەردانی كەمترین گازی ژەهراویی لە هەوادا، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ لە كۆمەڵەكانی داكۆكیكردن لە ژینگە پێیانوایە پیشەسازیی وزەی ئەتۆمیی، رێبژاردەیەكە تێچووی زیاتر و زیانیشی زیاترە لە زۆر ئەلتەرناتیڤی پاك و هەرزانتر كە بەردەستن.
سەرچاوە: رۆژنامەی الشرق الاوسط