له‌ زاری پسپۆڕانه‌وه‌

دیارترین به‌ره‌وپێشچوونه‌ ئابوورییه‌كانی عیراق له‌ ساڵی رابردوودا

10:52 - 2025-01-05
ئابووری
49 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید


عیراق له‌ ساڵی 2024دا هه‌نگاوی جددی ناوه‌ له‌ پێناو فره‌سه‌رچاوه‌كردنی ئابوورییه‌كه‌ی و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گرنگیداوه‌ به‌ كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ، پیشه‌سازیی، گه‌شتیاری و ته‌كنه‌لۆجی

ساڵی 2024 عیراق چه‌ندین رووداو و به‌ره‌وپێشچوونی به‌رچاوی له‌ بواری ئابووریدا به‌خۆیه‌وه‌ بینی، پسپۆڕانی ئابووریش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ سیاسه‌تی ئابووریی حكومه‌ته‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسودانی ئه‌نجامی باشی هه‌بووه‌ و هه‌نگاوی ناوه‌ به‌ره‌و ئابوورییه‌كی نیشتمانی و ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی باشه‌، به‌ڵام پێویستی به‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی عیراق بگات به‌ گه‌شه‌ی ئابووریی به‌رده‌وام.
 عامر ئه‌لجه‌واهری راوێژكاری بواری گه‌شه‌پێدان له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ سه‌باحی راگه‌یاند: عیراق هه‌ندێك هه‌نگاوی باشی ناوه‌، له‌وانه‌ زیادبوونێكی به‌رچاو له‌ داهاتی ناوخۆیی باج و گومرگ به‌دیهاتووه‌، ئه‌وه‌ش خاڵێكی گرنگه‌ بۆ فره‌سه‌رچاوه‌یی ئابووری.
د. ئیكرام عه‌بدولعه‌زیز پسپۆڕی ئابووری ده‌ڵێ: حكومه‌ته‌كه‌ی سودانی هه‌ندێك چاره‌سه‌ری درێژمه‌ودا و مامناوه‌ندی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ بواری كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌یرانی نیشته‌جێبووندا، كه‌ چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی گرنگی ده‌ستپێكردووه‌ و كاریگه‌ریی گه‌وره‌یان ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كه‌.
د. نه‌بیل ئه‌لعه‌بادی پسپۆڕیی بواری بانكیش جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ عیراق له‌ ساڵی 2024دا هه‌نگاوی جددی ناوه‌ له‌ پێناو فره‌سه‌رچاوه‌كردنی ئابوورییه‌كه‌ی و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گرنگیداوه‌ به‌ كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ، پیشه‌سازیی، گه‌شتیاری و ته‌كنه‌لۆجیا، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش وا ده‌كات له‌ داهاتوودا وه‌به‌رهێنی بیانی زیاتر روو بكاته‌ ئه‌م وڵاته‌.
یاسر ئه‌لمتوه‌لی توێژه‌ری بواری ئابووری سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی ئابووریی عیراق به‌ رۆژنامه‌ی سه‌باحی راگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو به‌ربه‌ستانه‌شدا عیراق به‌ره‌وپێشچوونی به‌رچاوی له‌ بواری ئابووریدا به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، ئه‌ویش زیاتر به‌هۆی ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ سیاسییه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌دیهاتووه‌، به‌ڵام بۆ به‌رده‌وامبوون و گه‌یشتن به‌ گه‌شه‌ی ئابووریی به‌رده‌وام پێویسته‌ سیاسه‌تی نیشتمانی به‌رده‌وام بێت.
سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ی سه‌باح

بابەتە پەیوەندیدارەکان