شتێڤان تسفایگ و رۆمانی کێ بکوژەکە بوو

11:06 - 2025-01-09
کەلتور
49 جار خوێندراوەتەوە

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

شتیڤان تسفایگ کەسێکی فرە بەهرە بووە،  لە یەک کاتتدا، (رۆماننووس، چیرۆکنووس، مێژوونوس، رەخنەگرێکی ئەدەبیش) بووە، هەربۆیە لە زۆر ژانری ئەدەبی و فیکری و فەلسەفیدا، کتێب و وتاری نووسیوە

شتێڤان تسفایگ یەکێکە لە نووسەرە ناسراوەکانی نەمسا و کتێبخانەی ئەڵمانی، ئەو لەناو ئەو نووسەرانەی کە بە ئەڵمانی دەنووسن، جێگە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە. شتێڤان تسفایگ لە ساڵی 1881 لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی نەمساوی لە ڤییەنا لەدایک بووەو لە ساڵی 1942 لە پیترۆپۆلیسی نزیکی شاری ریۆی بەرازیل کۆچی دواییکردووە. ئەو یەکێکە لە نووسەرە ناسراوەکانی نەمسا و کتێبخانەی ئەڵمانی، لە هەمانکاتیشدا ناوبانگێکی جیهانی هەیە. 
شتیڤان تسفایگ کەسێکی فرە بەهرە بووە،  لە یەک کاتتدا، (رۆماننووس، چیرۆکنووس، مێژوونوس، رەخنەگرێکی ئەدەبیش) بووە.  هەربۆیە لە زۆر ژانری ئەدەبی و فیکری و فەلسەفیدا، کتێب و وتاری نووسیوە. هەربۆیە لە پاش خۆی کۆمەڵێک کتێبی ئێجگار جوانی بەجێهێشتووە.
تسفایگ لە بواری رۆمان و  چیرۆکدا کۆمەڵێک بەرهەمی زۆر جوانی هەیە لەوانە: (شەترەنج، ئەمۆکلاو، رۆژانەی لەدەستچوو، نهێنییە ئاگریینەکان،) لە بواری لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و فیکریشدا، کۆمەڵێک کتێبی لە بارەی نووسەر و فەیلەسوفانی جیهانی نووسیوە لەوانە: لە بارەی کار و بەرهەمەکانی (بەلزاک، دۆستۆیڤسکی، نیتچە، فرۆید، رۆمین رۆنالد)، جگە لەوەش کۆمەڵێک کتێبی مێژووییشی نووسیوە، بەتایبەتی مێژووی ئەوروپا.
لە هەمووش گرنگتر ئەوەیە، ئەم نووسەرە لە ژانری نامەگۆڕینەوە لەگەڵ نووسەران و فەیلەسووفانی سەردەمەکەی، نامەگۆڕینەوەی زۆری هەبووە. ئەو بە حوکمی ئەوەی پەیوەندییەکی ئێجگار فراوانی هەبووە لەگەڵ نووسەران بەتایبەتی (گۆرکی، فرۆید، بێرنارد شۆ.) کۆمەڵێکی  نامەی گۆڕیوەتەوە و پاشتریش ئەم نامانەی بڵاوکردۆتەوە، کە تێیدا کۆمەڵێک باسی ئەدەبی و فیکریی و زانستی  باسکردووە.
لە ماوەی پێشوودا خۆشبەختانە بەشێکی بەرهەمەکانی ئەم کەڵە نووسەرەی نەمسا و جیهان کراون بە کوردی. لەسەر داوای بەرێزانی ناوەندی رۆمان، منیش ناوی خوام لێهێنا و دەستمکرد بە وەرگێڕانی یەکێک لە نۆڤلێتە جوانەکانی کە ئەویش (War er es. ئەوە ئەو بوو( راستییەکەی ناوی نۆڤلێتەکە کەمێک سەرنجراکێش نییە، بەڵام پاشتر کە نۆڤلێتەکەم خوێندەوە، پێمباشبوو کە ناوەکەی بگۆڕم و بیکەمە ( ئایا ئەو بکوژەکە بوو) بەمشێوەیە زیاتر لەگەڵ مانای هەقیقی نۆڤلێتەکەدا دەگونجێت. 

ئەم نۆڤلێتە باسی چی دەکات؟
ئەم نۆڤلێتە باسی دوو بنەماڵە دەکات، کە قەدەر دەیانکات بە دراوسێی یەکتر، راستە تەمەنی هەردووکیان جیاوازە، لەهەمانکاتیشدا ئەزموونی ژیان و بیرکردنەوەشیان جیاوازە، بەڵام پردی خۆشەویستی هەردووکیان پێکەوە دەبەستێتەوە، لە یەکێک لە گوندە جوانەکانی ئینگلتەرادا لە نزیک کەناڵێکی ئاوی، کە پێشتر بۆ گواستنەوەی خەڵوز بۆ شاری لەندەن دروستکراوە، هەردووکیان دوو خانووی بچووک دروست دەکەن.  خێزانی یەکەم ( بێنستی) لە کۆتایی تەمەنیاندان، هاتوون بۆ ئەم گوندە کە دەکەوێتە نزیک شاری باتی ئینگلتەرا، کۆتایی ژیانیان بەسەر بەرن و ژیانێکی ئارامیان هەبێت.  گەرچی بنەماڵەی دووەمە ( بنەماڵەی لیمپلی) کە ئەوان گەنجترن، ئەوانیش بە دوای ئارامییدا دەگەڕێن و خۆیان لە ژاوەژاوی شار بەدوور دەگرن.
لیمپلی نموونەی کەسێکی میهرەبان، پڕ ئێنەرجییە، خۆشەویست، کەسێکە هەمیشە ئامادەیە هاوکاری دراوسێکانیی و کەسە نزیکەکانی بکات، بەهەمانشێوە ئێللینی خێزانیشی، ژنێکی جوان و نازدار و گەنجە، بەڵام عەیبی ئەم پیاوە ئەوەیە، کە زۆر بڵێیە، ئێنەرجییەکی زۆر لە خۆشەویستی و میهرەبانیی و کارکردن و جووڵەی تێدایە، لە کۆتاییشدا دەبێتە قووربانی ئەم زیادەڕۆییەی.
پاش ناساینی یەکتر، بنەماڵەی بێنستی بە رێکەوت سەگێکی بچووک دەکەنە دیاری بە بنەماڵەی لیمپلی، تا کاتی بەتاڵی خۆیانی پێ بەسەر بەرن، بەڵام دواتر ئەم سەگە دەبێتە بەڵایەکی گەورە بۆ بنەماڵەی لیمپلی. سەرەتا لیمپلی زۆر هۆگری سەگەکەی دەبێت و هێندەی گرنگیی و  بایەخی پێدەدات، بەشێوەیەک دەبێتە کۆیلەی سەگەکە، بەڵام پاشتر ژنەکەی کچێکی منداڵی جوانیان دەبێت، ئەمەش وادەکات کە لیمپلی هەموو ژیانی خۆی بۆ کچە بچووکەکەی تەرخان بکات و  سەگەکەی پشتگوێ بخات. ئەمەش دەبێتە هۆی تووڕەبوون و دڕندەبوونی ئەو سەگەی کە ماوەیەکی زۆرە بەخێوی کردووە. دواجار سەگەکە تۆڵەی ئەم پشتگوێخستنە لە منداڵەکە دەکاتەوەو دەیکوژێت.
لەم نۆڤلێتەدا نووسەر هەوڵیداوە، جگە لە باسکردنی هەست و سۆزی مرۆڤ، ئاوڕێکیش لە جیهانی ئاژەڵەکان بداتەوە، کەمێک زانیاریی لە بارەی سەگ و ئاژەڵەکانی تر بە خوێنەر بدات. لەهەمانکاتیشدا هەوڵیداوە خوێنەر تێکەڵی جیهانی سەگ بکات، باسی هەڵسووکەوت، لەهەمانکاتیشدا هەست و سۆزی ئەوانیش دەربخات. ئەم نزیکردنەوەیەی دوو جیهانی دژ بە یەکیش، خۆی لە خۆیدا داهێنانێکی گەورەیە.
من نامەوێت زۆر لە بارەی نۆڤلێتەکەوە بدوێم، لێدەگەڕێم  دواتر خوێنەر خۆی کتێبەکە بخوێنێتەوە و جێژی لێببینێت و هیوادارم بەمزووانە ئەم کتێبە چاپ بکرێت و بکەوێتە بەردیدی خوێنەران. 

سەرچاوە
 Stefan Zweig.War er es?.Erzählungen. S.Fisher Verlag.  Frankfurt am Main .2012


بابەتە پەیوەندیدارەکان