زۆرترین پڕۆژەی پیشەسازیی تێدایە و کێشەی بۆ ژینگە دروست کردووە..

قەزای بازیان، پێویستیی بە فراوانکردنی رووبەری سەوزایی هەیە

11:44 - 2025-01-27
ژینگە
71 جار خوێندراوەتەوە

یاسین ئەحمەد خدر

خانوی کشتوکاڵیی کە ناسراوە بە (ماڵی پلاستیکیی) هۆکارێکی دیکەن بۆ پیسکردنی ژینگە، لە بازیاندا زیاد لە (17000) دانە هەیە

قەزای بازیان یەکێکە لەو ناوچانەی لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش زۆرترین کارگە و پڕۆژەی پیشەسازیی تێدایە، بەپێی لێکۆڵینەوەیەك لەسەدا سی پڕۆژە پیشەسازییە گەورەکانی عیراق لە قەزای بازیانە، کارگە و پڕۆژە پیشەسازییەکانی قەزای بازیان لە جۆرەها پیشەسازیی وەك: چیمەنتۆ، شیش، پاڵاوگەی نەوت، بەرهەمهێنانی کارەبا، غازی ماڵان، ئاوی کانزایی، دەرمان و کێبڵ و...هتد پێكدێن و زیاد لە شەست کارگە و پڕۆژەن، هەموو ئەم کارگانە بێگومان هۆکارێکن بۆ پیسکردنی ژینگە، چونکە دوکەڵ و پاشماوەی زیانبەخشیان هەیە. هەرچەندە بەشێکی کارگەکان پابەندی یاسا و رێنماییەکانی پاراستنی ژینگەن، بەڵام ژمارەیەکیان تائێستاش پابەند نین و هۆکارێکن بۆ زیانگەیاندن بە ژینگەی ناوچەکە و تەندروستی هاوڵاتییان، بەتایبەت ئەو کارگانەی رۆژانە دووکەڵێکی زۆر دەردەدەن و فلتەریان نییە.
ئەو دووکەڵە دەمێنێتەوە
جگە لە کارگەکان، بەهۆی رێگەی ستراتیژی سلێمانی– کەرکوکەوە کە بەناو قەزای بازیاندا تێدەپەڕێت، رۆژانە سەدان هەزار ئۆتۆمبێل لەم رێگەیەوە هاتوچۆدەکەن، هەروەها کارگەکانیش سەدان بارهەڵگریان هەیە و بەردەوام لە هاتوچۆدان، دووکەڵی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان هۆکارێکی دیکەی پیسکردنی ژینگەن و بەهۆی سروشتی قەزاکەوە کە دۆڵە ئەو دووکەڵە دەمێنێتەوە و زیانی گەورە دەدات لە ژینگە و هاووڵاتییان.
خانوی کشتوکاڵیی کە ناسراوە بە (ماڵی پلاستیکیی) هۆکارێکی دیکەن بۆ پیسکردنی ژینگە، لە بازیاندا زیاد لە (17000) دانە هەیە، جووتیارەکان جۆرەها دەرمانی زیانبەخش و مەوادی کیمیایی بۆ گەشەکردن و پاراستنی بەروبوومەکان بەکاردەهێنن، کە هەندێکیان بەپێی رێنماییە تەندروستیی و کشتوکاڵییەکان ئەم کارە ناکەن، سەرەنجام زیان بە ژینگە و تەندروستی گشتی دەگەیەنن.
کارەساتی ژینگەیی و تەندروستیی روودەدات
دواجار دەگەینە ئەو راستییەی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە لە قەزای بازیاندا هەن و ئەگەر لێپرسراوان و هاووڵاتییان لەئێستاوە خەمێكی لێ نەخۆن لەداهاتوودا کارەساتی ژینگەیی و تەندروستیی روودەدات، بۆیە پابەندبوون بە یاسا و رێنماییەکانی ژینگە لەلایەن کارگەکانەوە و داخستنی هەر کارگەیەک کە پابەند نەبێت، بەکارهێنانی دەرمان و مەوادی کیمیایی لەلایەن جووتیارانەوە بەپێی رێنماییەکان بێت، هەروەها سزادانی هەر ئۆتۆمبێلێک کە هۆکارە بۆ پیسکردنی ژینگە، هەموو ئەمانە کاردەکەن بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە.
دار و درەختەکانیش بەشێکن لە چارەسەر بۆ رزگاربوونمان لە مەترسیی پیسبوونی ژینگە و بەسوودن بۆ پاكکردنەوەی کەشوهەوا، درەختەکان دەتوانن پیسبوونی دەرەوە و ناوماڵ بە رێژەی لەسەدا پەنجا کەم بکەنەوە، بە تەواوی گرنگن بۆ تەندروستیی و مانەوەی ژیان بە ئاسودەیی، دەبنە هۆی بەرەنگاربوونەوەی زۆرترین کێشەکانی ژینگە لەوانەش نەخۆشیی، گەشەپێدان و تێکچوونی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئافات و کێشە ژینگەییەکان.
چاندنی دار و درەخت
هەربۆیە پێویستە لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵ گرنگی بدرێت بە چاندنی دار و درەخت و فراوانکردنی رووبەری سەوزایی، رێنمایی و راهێنان پێشکەشبکرێت کە یارمەتی خاوەن زەوییەکان بدرێت بۆ چاودێری دارستانەکان، لە بۆنەکاندا هەڵمەتی نەمام چاندن بدرێت و لەلایەن شارەوانییەوە بپارێزرێن، پسپۆڕانی ژینگە بانگبکرێن بۆ قوتابخانە و ناوەندە فێرکارییەکان بۆ پێشکەشکردنی رێنمایی و هاندانی ژینگەپارێزیی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان